25/6/2020 03:09 PM

ئایشێ شان

ئافره‌تبوون و هونه‌رمه‌ند بوون له کۆمه‌ڵگادا هه‌میشه  باجی خۆی هه‌بووە، یه‌کێک له‌و ئافره‌تانه‌ی له نێو کاروانی هونه‌ردا بووەته قوربانی ئایشێ‌شانه. ئایشێ‌شان ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه‌ی مێژووی هونه‌ری کوردییه و چیرۆکی ئه‌و تراژیدیتر و پڕ هه‌وراز و نشێوتره. ئه‌و له نوامبری ساڵی 1938 له نێو بنه‌ماله‌یه‌کی دیندار و مه‌لازاده‌وه خه‌ونی هونه‌ری چه‌قه‌ره ده‌کات.
ئایشێ به‌ حه‌ز و عه‌شقێكی بێ وێنه‌وه‌، ده‌ستی به ‌كاری هونه‌ریی كرد و ستایلی تایبه‌تی خۆی له‌ جیهانی هونه‌ردا دۆزییه‌وه‌، له‌ناو ژنه‌ كورده‌ هونه‌رمه‌نده‌كان وه‌كوو مه‌ریه‌م خان، نه‌سرین شێروان و ئەڵماس خان، ناوی ئایشێ‌شان ناوێكی ناسراوه‌ و له‌پاش خۆی گه‌نجینه‌‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ هونه‌ری كوردی به‌جێ هێشتووه‌.
ئایشێ‌شان له‌ ساڵی 1958ـدا به‌ یارمه‌تیی نائیل بایشوو، له‌ ڕادیۆ عه‌نتابدا به‌ زمانی توركی كاری كرد و گۆرانیی گوت، به‌ڵام كاتێك هه‌ست ده‌كات، ده‌توانێ گۆرانیی كوردی باشتر بڵێ، ده‌ست ده‌كات به‌ گوتنی گۆرانیی كوردی، له‌به‌رئه‌وه‌ ڕادیۆی عه‌نتاب گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌ و له‌ ڕادیۆی عه‌نتاب ده‌ركرا.
شازاده‌ی بێ‌ته‌خت و تاجی موزیكی كوردی به‌ مه‌به‌ستی قه‌وان تۆماركردن، ساڵی 1963 ده‌چێته‌ ئه‌ستانبوڵ، له‌وێ یه‌كه‌م به‌رهه‌می به‌ناوی (ئه‌ز خه‌زالم) بڵاو ده‌كاته‌وه‌، دوای ئه‌م به‌رهه‌مه‌، ناوبانگی زۆر په‌یدا ده‌كات، قه‌وانسازێك به‌ناوی (ئه‌لبێرت مشول) گریبەستێکی دوو ساڵیی لەگەڵ دەبه‌ستێت.
بنه‌ماله‌که‌ی ئایشێ‌شان زۆر ڕێگرییان لێکرد و ته‌نانه‌ت جارێک براکه‌ی هه‌وڵیدا بیکوژێت، دوای هاوسه‌رگیریش کاتێک ماڵه خه‌زوری ده‌زانن بووکه‌که‌یان پێشتر گۆرانی گوتووه کچێکی دیکه بۆ کوره‌که‌یان دیاری ده‌‌که‌ن.
ئایشێ‌شان دێته‌وه ماڵی باوکی له‌تاو قسه‌ی خه‌ڵک و گوشاری بنه‌ماڵه‌که‌ی نه‌یتواتی له دیاربه‌کر بمێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت دایکی نه‌خۆش ده‌که‌وێت و داوا له کچه‌که‌ی ده‌کات واز له گۆرانی بهێنێت و بگه‌رێته‌وه بۆلای، تا ئایشهێشان ده‌گه‌رێته‌وه دایکی کۆچی دوایی کردووه.
ئه‌مه داخێکی گه‌وره‌ بۆ ئایشێ‌شان په‌یدا ده‌کات، تووشی خه‌مۆکی و قه‌یرانی ده‌روونی ده‌کات و له تاو ئه‌و ڕادەی کە هه‌وڵی خۆ کوشتن ده‌دات، له‌م دۆخه‌دا گۆرانی "غه‌ریبم دایی"  ده‌ڵێت.
له دواڕۆژه‌کانی ژیانیدا ئایشێ‌شان‌ هیچ که‌س له ئه‌ندامانی خێزانه‌‌که‌ی له کاتی نه‌خۆشییه‌که‌یدا سه‌ردانیان نه‌کردبوو.
ئه‌و له ژیانیدا زۆر بێکه‌س و غه‌ریب ژیاو و مه‌رگێکی زۆر ته‌نهای هه‌بوو، ته‌نانه‌ت که‌س و کاره‌که‌شی نه‌چوونه ڕێوڕه‌سمی به‌خاک سپاردنی، دوای دوو سێ مانگیش ئه‌وجار به‌مردنی زانرا.
ئایشێ‌شان، له‌ ڕۆژی 18ـی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1966 دوای ته‌مه‌نێكی درێژ لە خزمه‌ت بە زمان و هونه‌ری گه‌له‌كه‌ی، به‌ نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شاری ئیزمیر کۆچی دوایی کرد.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved