راپۆرتی رۆژنامەكانی ئەمرۆی ئیسپانیا ئاشكرایكردوە كە یەكێك لە پاڵێوراوەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆكایەتی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، دەیەوێت دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتینی بكاتە راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا. رۆژنامەی ماركا راپۆرتێكی كەناڵی "BETEVE"ی ئیسپانی بڵاوكردۆتەوە، كە رێكەوتنێك هەیە لەگەڵ مارادۆنادا بۆ ئەوەی لە یارییەكانی مۆندیالی 2022ی قەتەر ئەركی راهێنەرایەتی كردنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا وەربگرێت. ئەنتۆنیۆ تۆرێس كە یەكێكە لە پاڵێوراوەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، دەیەوێت لە كاتی بەدەستهێنانی ئەو پۆستەدا مارادۆنای تەمەن 58 ساڵ بكاتە راهێنەری هەڵبژاردەكەی. راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە تۆرێس هاندەرێكی سەرسەختی مارادۆنایە و لە سێ هەفتەی رابردودا لەگەڵ پارێزەرەكەی ئەو راهێنەرە ئەرجەنتینیە كۆبۆتەوە و گرێبەستی دو ساڵی لەگەڵ ئەو راهێنەرە ئەنجامداوە، كە ئەگەر بێت و ببێتە سەرۆك بۆ دو ساڵ مارادۆنا دەكاتە راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا. ئامانجی سەرەكی تۆرێس لەم رێككەوتنە ئەوەیە كە مارادۆنا بۆ یارییەكانی مۆندیالی 2022ی قەتەر ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەڕێوەببات. بڕیاربو هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا لە 17ی مانگی هەشت ئەنجام بدرێت، بەڵام لەسەر داوای دادگای وەرزشی ئەو وڵاتە هەڵبژاردنەكان دواخراون.
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure