شێعری مناڵان دەلاقەیەکی جوان و لەبارە بۆ ئەوەی لەوێوە مناڵ بەرەو دونیای نەزمێکی خەیاڵی و كایە و هەڵپە و خۆشی مناڵانە بانگێشت بکرێ. دونیایەک کە مناڵ خۆی و جموجۆڵ و ویستە دەروونییەکانی خۆی تێدا بچێژێ. دوور لە ئایدیاکانی گەورە ساڵانە و پڕاوپڕی جووڵە و ریتمی مناڵانە. دونیایەک کە مناڵ وێڕای رەنگینی و جوانی و سادەیی، تێیدا کایە و جووڵەکانی خۆشی بدۆزێتەوە. خەیاڵی مناڵانە بچیژێ. زمانێکی نامۆ نەبیستێ کە بە قەولی ڕۆسۆ لە مانای وشەکان و بیری گەورەساڵانە دا گوم بێ، بەڵکوو هەر بەو ساناییەی خۆ دەداتە دەست چێژی کایەیەکی تەبا لەگەڵ سەردەمی تەمەنی خۆی، بەو شێوەیەش لە جیهانی وشە و جووڵە و ریتمەکانی شێعری مناڵانەدا چالاکانە دەرکەوێ و بە بەشێک لە دونیای خۆی دەزانێ و تێیدا باڵ دەگرێ. ئەو کۆمەڵە شێعرانە کە لە لایەن یوونس ڕەزایی و لەیلا ساڵحی بۆ مناڵان نووسراون، بە پێی پلەبەندی تەمەنی مناڵان بۆ تەمەنی چوار تا هەشت ساڵان نووسراون و بۆ زۆریشیان لە لایەن کۆمپانیای مژ فیلمەوە کە لە ژێر چاوەدێری بەهمەن قوبادی دا کار دەکا، کلیپ و مووسیقایان بۆ ساز کراوە. کاری نیگارکیشییەکەی لە لایەن پسپۆڕانی نیگارکێشی بەشی مناڵانی وەشانخانەی مادیار و بە باشترین شێوە ئەنجام دراوە. تەبایی نێوان ناوەڕۆک و وێنەکان هێندی دیکە بۆ مناڵان سەرنج راکێشن. ئەو کتێبانە بۆ هەموو قوتابیانی بەر لە قوتابخانە و پۆلی یەکەم تا سێی سەرەتایی لەبارن و مامۆستایان و دایکان و باوکان دەتوانن کەڵکیان لێ وەرگرن.
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure