حکومەتی بەریتانیا لە رێکەوتی 31ـی مانگی 12ـەوە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای 5Gـی کۆمپانیای هواوی قەدەغە دەکات. ئەم بڕیارە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە "بۆریس جانسۆن"ـەوە دراوە و جگە لەم بڕیارە سەرجەم بونیادەکانی تۆڕی 5Gـی هواوی کە لەم وڵاتە جێگیر بووە، تا ساڵی 2027 بە تەواوی دەسڕدرێتەوە. ئۆلیڤەر داودن دەڵێ: "ئێمە هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی هاوکاری لەگەڵ هواوی مەترسی زۆرە. ناوەندی ئەمنیەتی سایبێریی نەتەوەیی(NCSC) ئێستا بە وەزیرەکانی راگەیاندووە کە بەراوردە ئەمنییەکانی خۆی بەنیسبەت بوونی تۆڕی 5G لە بەریتانیای بەشێوەیەکی بەرچاوە گۆڕیوە. بەریتانیا ئیتر ناتوانێ دڵنیا بێت کە دەتوانێ ئەمنیەتی دامودەزگای 5Gـی هواوی دابین بکات. باشترین رێگا بۆ دابین کردنی ئەمنیەتی تۆڕەکانی ئێمە ئەوەیە کە ئۆپەراتۆرە خۆجێییەکانی ئێمە لە کەرەستەکانی هواوی بۆ دروستکردنی تۆڕی 5G لە داهاتووی بەریتانیادا کەڵک وەرنەگرن. ئەم بڕیارە نوێیە بەپێی راسپاردەکانی ناوەندی ئەمنیەتی سایبێریی نەتەوەیی(NCSC) لە وڵامی دوایین سزاکانی ئەمریکا لەدژی هواوی و ئاراستەکردنی چیپسێتەکانی لە سەرەتاکانی مانگی 5ـەوە، دراوە. هواوی لە وڵامی ئەم بڕیارەدا رایگەیاندووە: "ئەم بڕیارە هەواڵێکی ناخۆشە بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایل لە بەریتانیا." هەروەها هواوی دەڵێ ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی پاشڤەچوونی بەریتانیا و داوای لەم وڵاتە کردووە بە بڕیارەکەی خۆیدا بچێتەوە. هواوی دەڵێ: "ئێمە دڵنیاین کە زەختەکانی ئەمریکا، لە بەرەنگاری و یان ئەمنیەتی ئەو بەرهەمانەی ئاراستەی بەریتانیای دەکەین هیچ کاریگەرییەکی نابێت.
سەرچاوە: gsmarena
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure