25/7/2020 12:48 AM

داڕمانی شاخی سه‌هۆڵین له‌سه‌ر مه‌ریخ

هه‌ڤاڵ نوری حه‌مه‌جان مامۆستای جوگرافیا بابه‌تێكی له‌ فه‌یسبوكی خۆی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ داڕمانی شاخی سه‌هۆڵین له‌سه‌ر مه‌ریخ و تێیدا چه‌ندین ورده‌كاری و زانیاری گرنگی ڕوونكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و مامۆستایه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و دۆزه‌ره‌وه‌ فه‌زاییه‌ی به‌ده‌وری مه‌ریخدا ده‌سوڕێته‌وه‌ بۆ چاودێریی دیارده‌ سروشتییه‌كانی ئه‌و هه‌ساره‌یه‌و گرتنی وێنه‌ی ده‌گمه‌نی مه‌ریخ، بۆ یه‌كه‌مینجار وێنه‌ی داڕمانی شاخه‌ سه‌هۆڵینێكی نزیك جه‌مسه‌ری باكووری سه‌ر ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ی ده‌رخستووه‌، كه‌ ئێستا كه‌شوهه‌واكه‌ی به‌هۆی گۆڕینی وه‌رزه‌كانه‌وه‌ گۆڕانكاری به‌خۆوه‌ ده‌بینێت.

له‌باره‌ی وێنه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌و مامۆسیتایه‌ زانیاری ئاشكرا كردووه‌و ده‌ڵێت: ئه‌و وێنانه‌ ئه‌وه‌ پیشانده‌ده‌ن كه‌ چۆن ئه‌و شاخه‌ سه‌هۆڵینه‌ به‌ چوار قۆناغی یه‌ك به‌دوای یه‌كدا داده‌ڕمێت و چینه‌ سه‌هۆڵینه‌كان تۆزو گه‌ردێك دروستده‌كه‌ن كه‌ به‌رزاییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ (88)مه‌تر، زاناكانیش له‌ڕێگه‌ی ئه‌و وێنانه‌وه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و سه‌هۆڵه‌ له‌ به‌رزاییه‌كی زۆره‌وه‌ كه‌وتۆته‌ خواره‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و گه‌ردو تۆزه‌ زۆره‌ی لێ به‌رزبۆته‌وه‌.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌: ئه‌و دۆزه‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ ناوی دۆزه‌ره‌وه‌ی چاودێری مه‌ریخه‌، له‌ ساڵی (2006)ه‌وه‌ چاودێری ئه‌و هه‌ساره‌ سووره‌ ده‌كات، ئه‌و وێنانه‌شی ناردوویه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی رووماڵكردنێكی ئاساییدا بووه‌ بۆ زانینی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ كه‌شوهه‌واییانه‌ی كه‌ به‌هۆی گۆڕانی وه‌رزه‌كانی ساڵه‌وه‌ ڕووده‌ده‌ن له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ، ئه‌م ڕووداوه‌ی ئه‌و دۆزه‌ره‌وه‌یه‌ش ناردوێتی شتێكی ده‌گمه‌نه‌ لای زاناكان به‌وه‌ی كه‌ تائێستا وا زانرابوو سه‌رڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ زۆر جێگیرو هێمنه‌و له‌ ملیۆنان ساڵه‌وه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌كی جیۆلۆجی و سروشتی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.

ئه‌و مامۆستایه‌ وته‌ی زانایه‌كی به‌ناوبانگی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ به‌ناوی كاندیس هانسۆن كه‌ زانایه‌كی تاقیگه‌ی (پاڵنه‌ری نه‌فاسه‌)كانی سه‌ر به‌ ئاژانسی (ناسا)یه‌، له‌باره‌ی گرنگی ئه‌و وێنه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئێمه‌ ده‌مانویست چاودێری ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ داخۆ گۆڕانكارییه‌كانی وه‌رزی به‌هار له‌سه‌ر ڕووی مه‌ریخ چی ده‌بێت، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن كه‌ ڕووكاره‌ سه‌هۆڵینه‌كه‌ی مه‌ودایه‌كی به‌رفراوانی گرتۆته‌وه‌، ئه‌و داڕمانه‌ی بینیمان شتێكی كتوپڕ بوو، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌، ئه‌و ڕووبه‌ره‌ سه‌هۆڵینه‌ی كه‌ داڕماوه‌ نزیكه‌ی (700) مه‌تر ده‌بێت و زاناكان هێشتا نازانن ئاخۆ پێشتریش له‌سه‌ر ڕووی مه‌ریخ ئه‌وجۆره‌ داڕمانانه‌ هه‌بووه‌؟ یان ئه‌مه‌ به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی وه‌رزه‌كانه‌وه‌ بووه‌.

خاك - ئا/ مه‌لیك حه‌سه‌ن











زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved