بە جەختەوە ئەتوانم بڵێم کوردستانی بەشی عێراق، ڕۆشنبیرێکی فرە بەهرەتری لە مامۆستا شوکور تیا نییە. ئەو کوڕە لادێییە، بێ باوکەی، لە دێهاتی دەورووبەری کەرکووک فێری کوردی و لە ناو تورکمانی کەرکووکا فێری تورکی و لە ژیانی فەقێیەتی و خوێندنی کۆلێجی شەریعەتدا فێری عەرەبی بوو، کە ئێستا لە ڕێگای ئەو تورکییەوە و بە هەموو باڵادەستییەک تورکیی عوسمانی و تورکیی نوێمان بۆ ئەکا بەو کوردییە بەرز و باڵایەی هەموو دیالێکت و زارە کوردییەکان جێیانی بەڕەسایی تیا ئەبێتەوە و ئەو چەشنە عەربییەمان بۆ ئەنووسێ کە شاکارەکانی مەنفەلووتی و مستەفا سادق ڕافیعی و تاها حوسێنمان دێنێتەوە یاد و خۆی لە بەرەی هەموو دیالێکتە دوورەدەستەکانی زمانە بەبنەچە تورکییەکانی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست ئەدات و گشت ئەمانەیشی بە ڕەنجی شان و بیری خۆی، نەک لە هیچ قوتابخانە و زانکۆیەکا، دەستەمۆ کردووە… تا ئەم پیاوە بلیمەتە، هەر چەن سەر دێنم و سەر ئەبەم هاوتایەکی لە سەرانسەری نیشتمانەکەمانا بەدی ناکەم. خۆ ئەگەر لەبارەی زانستیشەوە لێی بدوێی، باوەڕم پێ بکەن کەم بابەت هەیە لە کوڕێکی ڕۆشنبیرانی جۆربەجۆری کوردا بێتە ئاراوە و قسەی لێ بکرێ، مامۆستا شوکور بەتوان و لێهاتوویییەکی زۆرەوە نەچێتە مەیدانی و ئەسپی خۆی تیا تاو نەدا… ئەم وتارە لە ئاهەنگی قەدر لێگرتنی مامۆستا شوکور مستەفادا خوێندراوەتەوە کە دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی ئێوارەی ۱۹۹۷/۵/۲۱ لە هۆڵی یانەی هێڵی ئاسمانیی لە بەغدا سازی کرد.
سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure