دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند کە مووچەی 100هەزار دۆلاری ئەم سێ مانگەی دوایی خۆی دەبەخشێتە خزمەتگوزاریی پارکە نەتەوەییەکان بە مەبەستی نۆژەنکردنی مۆنۆمێنت و پەیکەرەکان. ئەو لە پەیامێکی تویتەریدا گوتوویەتی کە ئەم پارەیەی لەو رووەوە بەخشیوەتە ئەم دامودەزگایە چونکە لە روانگەی ئەوەوە مێژووی ئەمریکا زۆر گرنگە. ئەم بڕیارە بەشێکە لە ترکیزکردنی ترەمپ لەسەر گوتاری "دیسیپلین و یاسا" بە مەبەستی بەهێزکردنی کەمپینی هەڵبژاردنی خۆی. ترەمپ لە 4ـی مانگی پێشوودا لە شاخی "راشمۆر"ـی ویلایەتی داکۆتای باشوور لە وتارێکدا هێرشی کردە سەر "گانگسترە چەپەکان" و لە روانەگەی ئەوەوە "لەناوبردنی مۆنۆمێنتی دامەزرێنەرانی ئەم وڵاتەیان کردووەتە ئامانج و شەپۆلێک لە توندوتیژیان لە شارەکانی ئێمەدا خستووتە گەڕ." مۆنۆمێنت و پەیکەرەی دامەزرێنەرانی کۆیلەداری و فەرماندەرانی کۆنفدراسیۆنی ئەمریکا لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا، کە نارەزاییەک بوو لەدژی کوشتنی جۆرج فلۆید، لە سەرانسەری ئەمریکا شکان و خاپور بين. ترەمپیش ساڵی 2016 بەڵێنی دابوو مووچەی سەرۆکایەتی خۆی هەر سێ مانگ جارێک ببەخشێتە دامەزراوە حکومییەکان. بەپێی یاسای ئەمریکا سەرۆکی ئەم وڵاتە ناتوانێ خۆی لە وەرگرتنی مووچەکەی بپارێزێت و هەر بۆیە ترەمپ سەرجەم موچەکەی خۆی وەرگرت و هەر جارێک بەخشیویەتە یەکێک لە دامەزراوەکان. هەڵبەت ئەوە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا نییە کە ئەم کارە ئەنجام دەدا؛ "جۆن ئێف کێنێدی و هێربێرت هوور"ـیش سەرجەم داهاتی سەرۆکایەتی خۆیان بەخشیوەتە رێکخراوە و دامەزراوەکان. سەرۆکی ئەمریکا هەموو ساڵێک 400هەزار دۆلار موچە وەردەگرێت. بەپێی ئەو بەڵگانەی کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی رابردوودا نزیکەی 446 ملیۆن دۆلار و لە ساڵی 2018ـدا نزیکەی 434 ملیۆن دۆلاری داهات هەبووە. ئیوانکا ترەمپ و هاوسەرەکی واتە "جارد کۆشنر"ـیش کە پۆستی تایبەتیان لە کۆشکی سپیدا هەیە کە سآڵی رابردوودا 36 ملیۆن دۆلار داهاتیان دەستەبەر کردووە.
سەرچاوە: independent
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure