هێمن ڕهحیمی کتێبی "پارانۆیا" بەرهەمی نوێی شاعیر و نووسهر "حەمەی کەریمی" پاش نزیک بە ٩ ساڵ و دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم کۆمەڵە شێعری لە ژێر ناوی "ئاوابوونی ژیان"، دەتوانم بڵێم چ لەباری زمان و فۆرم و کهڵک وهرگرتن له تهکنیک و شگردگهلی زمانی و چ وهک بهشداریکردنی خوێنهر له پرۆسهی خوێندنهوه و ڕاڤهی دهقدا، شێعرێکی جیاوازه. ئهم شێعره وەک لە ناوەکەیدا دەردەکەوێ، هەڵگری پێناسەیەکی گشتگیر و فرەڕەهەندە و شاعیر جگە لە تایبهتمهندکردنی شێعرەکهی (شاعیرانە پارانۆیا- تووش- بووی) (نەک وەک ناوی دووەم)، بەڵکوو زیاتر وەک تایبەتمەندکردنی ئەمرێکی گشتی، هەوڵیداوە پارانۆیا تووشبووەکانی ناو دەقەکەی، زیاتر وەک پارانۆیای شاعیران بەرجەستە بکاتەوە تا نزیک بێتەوەی لەو ڕوانگە "فرۆید"ییەی کە زۆرترین تووشبووی حاڵەتی "پارانۆیا"ی سەر بە توێژی بیرمەندان، ڕووناکبیران، سیاسیهکان، نووسەران و شاعیران دەزانی. "پارانۆیا" (وەک چەمکێکی فەڕەنسی هەڵگری پێناسەی حاڵەتێکە لە "ئاڵۆزی دەروونی و خەمۆکی" و هاوکات جۆرێک له ڕەشبینی و بهدگومانی هەمبەر بە زۆر شت و کەسهوه بهکار دهبرێ و کۆی ئهم تایبهتمهندییانهش بەشێکن لە توخمە سەرەکییەکانی کەسی پارانۆئید. هەر بۆیە بە بڕوای من کارەکتەرەکانی ناو "پارانۆیا" لەگەڵ ئەوەی هەرکام بە چەشنێک خۆی دەگێڕێتەوە و گوزارشت لە حاڵەتی خۆت دەکا، بەڵام هاوکاتی جیاوزاییەکانیان دیسانەوە وەک فیلمێکی کومێدی دەردەکەون و دەکرێ هەموویان وەک پرسۆنایەک وێنا بکەین کە لە چەند ڕۆڵی جیاوازدا دەردەکەون؛ جارێک وهکوو خانمێکی پارانۆئیدی، جارێکیش به شێوهی کچێکی دڵوەڕەز و هەندێ جاریش لە ڕۆڵی کوڕێکی پارانۆئیددا. ئەوەی لێرەدا گرنگە چۆنیەتی هەڵسوکەوتی شاعیر لهگهڵ زمان لە رێگەی تەکنیکی جیاواز و تایبەتیی وەک پارۆدی، ئایرۆنی، نێوان دەقێتی، ئیرۆتیزمی زمانی و گرنگتر لەوەش فرەچەشنی ڕیواییە و کۆی ئەمانە خوێندنەوەیەکی باسهەڵگر و فرە ڕەهەند دەبەخشێت به شێعرهکه. بۆ وێنە کاتێک دەخوێنینەوە: "لە خۆت بەولاتر- تەعتیلییەکان- کاول ئەتڕوانن/ وێرانتر لە کاولییەکانی سوورەتی غاشیە/ کەوتووتر لە کاولییەکانی زیلزال" دەبینین کە چۆن چەمکی "تەعتیل" وەک ئاوەڵناوێک بۆ کات و زەمان، سێبەری بە سەر هەموو شتێکدا کێشاوە و دەبێتە ناو بۆ هەموو شتێک بە مرۆڤەکانیشەوە و لە قەوارەیەکی کارەساتاویدا بەرجەستە بۆتەوە. لێرەدا شاعیر بە مەبەستی دەرخستنی ترۆپکی کارەسات، لە دوو فۆڕمی ئاپۆکالیپتیکی و ئاخرالزمانی واته (غاشیە و زلزال) کە هەدوو کیان باس لە کارەسات و تراژێدیای کۆتایی دنیا و مرۆڤ و رۆژی پەسلان دەکەن، کەڵک وەردەگرێ و کارهساتی مرۆڤی مودێڕنی پێ دهخوێنێتهوه. یان لە کۆپلەی: "من کە عادەتەن سەرقاڵی عادەتە موزەخرفەکانمم/ باوەڕ بکەن دنیا لە بەرەی جەنگمایە/ من گیرۆدەم بە زۆر شت/ مۆدەکانم- موبایلەکەم- حەبەکان و پریۆدی رۆژانەم/ کافەکان و پێڵاوی قاوەیی- سفتی کەمەر و کەمەرگام/ ئەی کە دەستت بە هەموو شوێنیەتیم ئەگا/ بە مردنیشم" شاعیر لە حاڵەتێکی پارانۆئیدیدا نزیکترین هاوڕێ و شتەکان دژ بە ژیانی خۆی دەبینێ. هەر بۆیە گیرۆدەبوون بە زۆر شت (ی وەک: مۆد، موبایل، حەبی جۆراوجۆر، جگەرە، کافە، سفتی کەمەر و کەمەرگا) و گومانی خراپ بە نیسبەت هەموو کەس و شتێک (کاتێک بە هاوڕێکانی دەڵێ: "دەستت بە هەموو شوێنیەتیم ئەگا/ بە مردنیشم") دوو تایبەتمەندیی سەرەکی کەسی تووشبوو بە حاڵەتی "پارانۆئید"ن کە گوزارشت لە پچڕ پچڕبوون و چەندپەلبوونی گێڕەوەر دەکەن. بە هێنانە بەرکاری ئەو حاڵتە هەوڵدراوە شپرزەیی زێنی و دەروونی مرۆڤی مودێڕن زیاتر بهرجهسته بکرێتەوە. (کارلیکا، لاڤینیا، ئالیا، وانیار، دکتۆر) ئەو پرسۆناگهلهن هاتوونەتە نێو ئەم دەقە شێعرییە و بە گشتی دەقەکە دەبەنە پێشەوە، بەڵام لە کۆی گێڕانەوە و گوزارشتکردن لە حاڵەتەکان، ئێمە لەگەڵ جۆرێک شکەستدا ڕووبەڕوو دەبینەوە و دیارە شاعیر بەم جۆرە هەڵسوکەوتەی لەگەڵ ڕەوتی گێڕانەوە ویستوویەتی شپرزەی دەروونی و چەندپەلی و لەت لەت بوونی کەسایەتی و کارەکتەرەکانی زیاتر نیشان بدات. "خەتا کە کارلی/ خەتەر کە خەتا/ وەک خەتەری فۆبیای زەمین کاتی ڕشانەوەی ئالزایمیر بە و نیشتمان – لەبەر- لە بیرکە/" "کارلیکا" ئەو ئەکتەرە بێ هیوا و نائومێدەیه کە نە باوەڕ و متمانەی بە خۆی هەیە و نە بە هیچ شت و کەسێک و بە نیسبەت هەموو کەسەکان ڕەشبینە و لە حاڵەتێکی ترسناکدا دەژی و بەردەوام وەهمی داڕشتنی پیلانی هەیە هەمبەر بە ئهوانیتر و تهنانهت خۆیشی؛ هاندەرێکە بۆ ئەوەی گێڕەوەر خۆی لەو حاڵەتە قەتیس بووەدا دەرباز بکا و بیر لە خەتەرەکان و خەتاکان بکاتەوە و نۆرمەکان تێکبشکێنێت. "خەتەر کە خەتا" لێرەدا بۆ ئەوەی کارلیکا لەو دۆخە کوشندە دەرباز بێ، دەبێ هەم خەتەر بکا و هەمیش خەتا بکات ... یان دەست خەتا و تاوان بۆ ببات کە بەرامبەرە لەگەڵ ڕیسک و خەتەرکردن. بیرکردنەوە لە چەمکێکی وەک نیشتمان بە هۆکاری جیاواز، باگراوەندی بیرکردنەوە و ئەندێشەی ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەرانە، بەڵام لێرەدا کاتێک دەوترێ (نیشتمان له بهر- له بیر بکه)، بە هێنانی دوو تەسویری دژوازی (لەبەر – لەبیر) ئەو کانتێکستە زاڵە کەلان ڕێوایەتە ماناییەی نیشتمان تووشی گرفت دەبێ و بیرکردنەوە لە نیشتمان بە هێنانی – لە بەر-ەکان وەک هۆکار و جومگە سەرکییەکانی بیرکردنەوە لادەدرێ. (سوێند ئەخۆم نە بەم شارە بە تۆیش کە شەوانی ترافیکیت خەڵوەتی لە خۆت و پیاوبوونت ئەم رانندە نەگبەتەش پاڵیداوە بە دڵتەنگیەکانی ئێوارەی بە ژێستێکەوە رۆژنامەیەک دەکڕێ و تەواو خەمیشی لای رۆنگۆڕ و مکانیک بێ ئیمکانە خودای بێ باکی خاوەرمیانە خودای باکداری ئەو لای خاوەرمیانە ئەی خودای ئەو خەڵکانەی ناتوانن مردنت دانلۆد بکەن" چەند فۆرمی و بەکارهێنانی زمانی ئایرۆنی، پارۆدی لە هەندێ شوێندا و هاوکات ململانێ لەگەڵ ئەمری قودسی و کەلان ڕیوایەتی زمانی و واتایی دەرکەوتەکانی ئەو داڕشتە زمانییەن کە لێرەدا کاری پێکراوە. یەکێک لە ئایتم و پارامێترەکانی ئهدهبی پاش مودێڕن و ئاوانگارد کەڵک وەرگرتن لە ئەدەبی فولکلۆر و ئەدەبی زارەکی و زمانی محاورە لە ناو دەقدایە، که لێرهدا شاعیر لە چەند شوێندا کەڵکی وەرگرتووە: "گاه دەسووتێم، گاه دەگرییهم، ئەی یاری غەددارم وەرە" یان له شوێنێکی تردا: ("خۆم و عوودەکهم شهو ههتا بەیان" لێدە بۆ هاوڕێکەت لێی دە ها هوو هوو توند لێی دە و رزگاری کە لەو دەردانەی تاریخ و جوگرافیا پێیاندا) ژۆرژ باتای لە کتێبی "ئەدەبیات و شەڕئاژۆیی"دا ئاماژە بە یاخیبوون دژ بە جیهانی واقێع دەکات کە مەلکەچی ئاوەز و عەقڵانییەتە، باتای دەڵێت بە مەبەستی یاخیبوون دژ بە جیهانی واقێع دوو رێگا بوونی هەیە، ئاساییترین و سەرەکیترینیان ڕەفزکردنەوەی عەقڵانییەتە، کە ئەمەش بە پێی یاسای خود عەقڵانییەت بە شەڕ و شێتی و بێ ئاوەزی ناوی لێ دەبرێت. تراژێدییە یۆنانییەکان و تەواوی رێبازە ئایینییەکانیش خاوەنی ملکەچیەتی خۆڕسکن بە مەبەستی هەرەس پێهێنانی عەقڵانییهت بە ئاڵترناتیڤێکی تر. لەم نێوانەدا تەنیا ئەدەبیاتە کە بێ ئەوەی ناچار بێت بە درووستکردنی ئاڵترناتیڤ بۆ جیهانی عەقڵانییەت، یاساکانی ئاوەز تێکبشکێنێت. جگە لە هونەر و ئەدبیات ئەوانی تر لەگەڵ بیرکردنەوە و کارکردن بۆ شکست پێهێنانی جیهانی عەقڵانییەت لە هەوڵی درووستکردنی ئاڵترناتیڤی جیهانیتردان، لە پانتای ئەدەبیاتیشدا شێعر ڕادیکاڵتر لەگەڵ دنیای عەقڵانییەتدا مامەڵە دەکا و لە ئامادەباشدایە، دکتۆر یەکێکی ترە لە کارەکتەرەکانی شێعری "پارانۆیا" کە بەردەوام خولیای نووسینی هەیە، بەڵام نووسینی کتێبگەلێک دەربارەی "هیچ". وەک لە دێڕی کۆتاییدا دەبینین شاعیر بە جەختکردنەوی وشەی "هیچ" و دووپاتکردنەوەی بە جۆرێک ویستوویەتی هەمان حاڵەتی نیهیلیستی بوونی کەسایەتی شێعرەکە نیشان بدات، ئهمهش ئهو ئەزموونە شکستهیه که "بکت" باسی دهکا و شکهست دهبێته جیهانی ئهو؛ بە پێچەوانەی هەندێ بۆچوون کە پێی وایە دووپاتبوونەوەی "هیچ" تەنیا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە و هیچی تر: (هەمیشە خولیات بوو کتێبێ دەربارەی هیچ بنووسی تەنیا کتێبێ و "هیچ" بنووسه تهنیا کتێبێ دەربارەی "هیچ" بنووسه ئهم رۆژانه کێ دهربایسی کێ دێت؟ تۆ که دهربایسی دهریاکان به تهنیا خولیات بێ کتێبێ دهربارهی هیچ بنووسی بنووسە "هیچ" ەکان بۆشایی نین) جۆرجۆ ئاگامبێن لە کتێبی "زمان و مەرگ"دا ئاماژە بە شێعرێکی "ئاکۆئیتین" ناسراوترین و یەکەم شاعیری "ترۆبادۆرەکان "دەکات کە دەڵێ: "شعری خواهم سرود مطلقا از هیچ" ئاگامبێن دەڵێت: "ترۆبادۆرەکان تێڕوانینیان بە نیسبەت چەمکی "هیچ"ـهوه لە خوێندنەوە و تێڕامانێکی یزداناسی و پەیڤدایه، هاوکات "یورکس" نووسەری ئینگلیزی سەدەی نۆیەمی زائینی لە نامیلکەی "هیچ و زوڵمەت" لە وڵام بە پرسیاری ئاخۆ "هیچ" شتێک هەیە یان نا؟ دەڵێت: "هیچ" شتێکە، یانێ هیچ بۆشایی نییە. هەر بۆیە منیش پێموایە ئەو گریمانهیهی "هیچ "کە پێشتر ترۆبادۆرەکان بۆ چەمکی "هیچ" بە کاریان هێناوە و ئاگامبێن باسی دەکات، دەرخەری ئەوەیە کە دووپاتبوونەوەی وشەی "هیچ" لێرەدا و لە ئەمرێکی خەتابیدا تەبایه لەگەڵ ئەو خوێندنەوە گریمانهیهی "هیچ"ی ترۆبادۆرەکان. یان ئەو روانینە فەلسەفییەی نیچە که بە نیسبەت نیهلست بوونی ژیانهوه ههیهتی.
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure