محه‌مه‌د موه‌فه‌قی (١) پارانۆیا له‌وه‌ی که عارزهیهکی ڕه‌وانی بێت یان خۆ عارزهیهکی سایکۆلۆژیک، پێموایه وه‌زعیه‌تێکه حکایه‌ت و گوزارشت و ده‌لاله‌ت له ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌ک ده‌کا له هه‌ناوی وه‌زعیه‌تێکی زه‌مانیدا که به‌ره‌یه‌ک یان خود نه‌سڵێک تووشی ئه‌و وه‌زعیه‌ته ده‌بێت. وه‌ک زۆربه‌مان ئاگادارین که "پارانۆیا" و که‌سی پارانۆئید وه‌ک سوژه‌یه‌کی گرفتار که تووشی نه‌خۆشی پارانۆیا ده‌بێ، به‌رده‌وام تووشی ئه‌و ترس و دڵهڕاوکە و ئه‌و به‌دگومانییه ده‌بێ که نهوکوو ڕووداوێکی نه‌گونجاو و نه‌شیاو و له ناکاو ڕوو بدات. بۆیه ئه‌و کەسە به‌رده‌وام و به‌رده‌وام له دڵه‌ڕواکێ و ترس و نیگه‌رانی دایه؛ ئه‌وه‌یه که به‌رده‌وام خه‌ته‌ر و مه‌ترسییه‌ک هه‌ڕشه‌ی لێ ده‌کات. ئایا هه‌موومان تووشی ئه‌م حاڵه‌تگه‌له نه‌بووین؟ له‌م وه‌زعیه‌ته‌دا هه‌موومان دڵه‌ڕاوکێ و نیگه‌رانی ئه‌وه‌مان هه‌یه که مه‌ترسییه‌ک به‌رده‌وام وه‌کوو تارەماییەک یان وه‌کوو سێبه‌رێک به دوامانه‌وه. که‌واته پارانۆیا دۆخێکی جوانیناسانه‌ی ترس و شکست و دڵه‌ڕاوکێیه‌که کە مرۆڤی هاوچه‌رخ بەگشتی تووشی بووه. بۆیه من پێموایه ده‌قی پارانۆیا به پهیڕویکردن له پێکهاتە یان خود سیستەمی جوانیناسیی تایبه‌ت به خۆی دێته نێو فه‌زای زمانئاڵۆزی، یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌سێکی پارانۆئیدە یان باشترە بڵێین که‌سی تووش بوو به پارانۆئید، کەسێکی زمان ئاڵۆزە. شێعری پارانۆیا گوزارشت له‌و زمانئاڵۆزییە ده‌کات؛ زمانێ که حکایه‌ت له دابڕان و پچڕ پچڕبوونی پێکهاتەی زەینی مرۆڤێکی تووڕدراوەی نێو مه‌نزوومه‌یه‌ک که ئاڵۆزییه‌کی ناجێگیر و ناتەکوزییەکی بێ سەروبەرەی هه‌یه. کەواته ئه‌م زمانئاڵۆزییە کە به‌رهه‌م و لێکه‌وته‌ی دۆخی پارانۆئید یان مرۆڤی پارانۆئیدییه، ڕێک ئه‌و زمانه‌یه کە ده‌توانێ نواندنەوە یان دەرئەنجامی دۆخی زێهنی و زمانی و به‌گشتی دۆخی ژیانی مرۆڤی هاوچه‌رخ بێت. هەر ئەوەش خۆی دەتوانێ وەڵامێک بێت بۆ زۆربەی ئەو ڕەخنانەی لە شێعری ڕه‌وتی ئاوانگارد و به تایبه‌ت به‌ره‌ی چوار دەگیرێ و لە هۆکارەکانی بێ مانایی و بێ واتاکردن و به‌تاڵ کردنه‌وه‌ی ده‌ق له مانا دەکۆڵنەوە. چونکە به جۆرێک دژایه‌تی کردن له‌گه‌ڵ مانا، کاردانەوە و ههڵوێستێکە له به‌رانبه‌ر دۆخی ژیان لە دنیایه‌کی ئاڵۆز و دژوار که ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین. هەڵبەت ئەگەر بڕیار بێ وەک خۆم و شاعیرێک هه‌ڵوێست و خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت به خۆم هه‌مبه‌ر بە دنیای ده‌ورووبه‌رمدا هه‌بێ، ناتوانم وه‌ک که‌و سه‌ر بکه‌مه ناو به‌فرا و هه‌موو شتێک به ئایدیاڵ و مه‌تڵووب بزانم، که‌واته شێعر ده‌بێ له به‌رانبه‌ر ئه‌مری واقعی و ده‌ره‌کیدا حه‌ساسیه‌ت و وه‌سواسی تایبه‌ت به خۆی نیشان بدات؛ ئەویش لە کاتێکدا کە ئه‌مری واقعی و ده‌ره‌کی گوزارشت له ئیبتزال و کاره‌سات و ده‌لاله‌ت له تراژدییه‌ک ده‌کا که له ده‌ورووبه‌ری ئێمه‌دا به‌رده‌وام ڕووده‌دا و ئامادەیە. له ده‌قی " پارانۆیا "دا دوو ده‌قی ئیلاهیاتی و تئۆکراتیک، دوو تێکست له قورئان هاتۆته نێو ده‌قه‌که‌وه، سووره‌تی (غاشیه و سووره‌تی زلزال) (له خۆت به‌ولاتر تهعتیلیهکان کاول ئهتڕوانن وێرانتر له کاولییه‌کانی سووره‌تی غاشیه کاولتر له خاپوورییهکانی زیلزال داکشای داکشاوتر له بورجه خهرابهکانی حه‌له‌ب راکشاوتر له کچه زهیتوونیهکانی " عه‌فرین و شه‌نگال" شاعیرانه تووشی فۆبیا و پارانۆئید بووی دنیا له به‌ره‌ی جهنگتا بوو. ده‌بینی؟ جوگرافیای سووره‌تیان موچاڵهتر له سووره‌تی غاشیه له‌و ده‌سته غاشیانهی تاسه‌کانیان به ناوی تۆ و خوداوه هه‌ڵخست) ئه‌م دوو سووره‌ته ڕوانینێکی ئاپۆکالیپتیک و ڕوانینێکی "ئاخرالزمانی"یان هه‌یه له به‌رانبه‌ر بورجه خهرابهکانی حه‌له‌ب و کچه زیتوونیهکانی عەفرین و شه‌نگالدا، ئه‌مری شه‌ڕ له به‌رانبه‌ر ئه‌مری خهیردا، به وته‌ی "مندنی پوور" ئه‌مری شهر له سه‌رده‌می ئێمه‌دا توانیویه‌تی به باشترین شکڵ و شێوە خۆی مودێڕن بکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مری خه‌یر له به‌رانبه‌ر ئه‌مری شه‌ڕدا هێشتا وه‌ک پێکهاتەیەکی سووننه‌تی و نه‌ریتخوازانه ماوه‌ته‌وه. یان باشترە بڵێین جیهانی ئێمه و ژینگە جیهانی ئێمه "هابرماس" وتەنی به‌ردوام ڕووی له شه‌ڕ ناوه. هەر بۆیە "غاشیه و زلزال" وه‌کوو دوو سووره‌تی قورئانی و دوو تێکستی نه‌گۆڕی ئایدۆلۆژیک و ئیلاهیاتی که حکایه‌ت و گوزارشت له کۆتایی دنیا و مافیها و دۆخێکی ئاپۆکالیپتیکی و ئاخرالزمانی ده‌که‌ن، باشترین هێمان بۆ نواندنەوەی بورجه خرابه‌کانی حه‌له‌ب و کچه زهیتوونیهکانی عەفرین و شه‌نگال وه‌کوو شه‌ڕێکی هاوچه‌رخ و جه‌نگێکی مودێڕن له ده‌ورووبه‌ری ئێمه‌دا که تێیدا مرۆڤ به لێشاو ده‌بنه قوربانی دۆخی سیاسی و دۆخی جه‌نگیی ئه‌مڕۆ. که‌واته گرێدانه‌وه‌ی ئه‌مری ئایدۆلۆژیی له‌گه‌ڵ ئه‌مری شه‌ڕ، ده‌سپێک یان باشترە بڵێم سەکۆی پهرتابی ده‌قی شێعریی "پارانۆیا"یه. ده‌قی شێعریی "پارانۆیا" ده‌مانباته‌وه ناو فه‌زایه‌که‌وه که به‌رده‌وام ئه‌و ترس و دڵه‌ڕاوکێ و شکه‌ست و نائۆمیدی و ئه‌و نادیاربوونهی داهاتوو که له به‌رده‌م هه‌مووماندایه، خه‌ریکه وه‌ک هه‌ڕشه‌یه‌ک ئێمه به‌ره‌وڕووی ده‌قێک ده‌کاته‌وه که نه ته‌نیا مزگێنیدەری دۆخێکی ئایدیال و مه‌تڵووب نییه، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه خه‌ریکه ئاسۆیه‌ک له تاریکی و تارەماییمان بۆ دەنەخشێنێ و پێمان ده‌ڵێت ئه‌مه دۆخی مرۆیی هاوچه‌رخه له قه‌واره‌ی پێنج کارکته‌ری "کارلیکا، لاڤینیا، ئالیا، دکتۆر و وانیار"دا: (من که ژیانم پڕیه‌تی له سه‌گه‌کانی "ئه‌نده‌لووس" و چاوه سهگیهکانی "لاڤینیا" هیهات هیهات، هیهاتی خسرالدنیا والاخره یانی "دنیات به گا چوو" تۆ هه‌ر نه‌هاتی و نه‌هاتی) یان له شوێنێکی تردا ئه‌و فه‌زا نادیار و پڕ له ترس و نائۆمیدی و دڵهڕاوکێیە به‌م جۆره وێنا دەکات: (جه‌سته‌م به ترافیک چوو ترا تر غاره‌ت بووم به ئایه‌ته‌کانی ره‌جم و زیلزالی رب العالمین فوو ئه‌که‌م به تاریکی مه‌حزا بکێشم ده‌رد، بکێشی عه‌رد له تاو توخمه زۆڵه‌کانی ئاده‌م) شاعیر به که‌ڵکوه‌رگرتن له "ئوستووره‌ی قوربانی‌کردنی مرۆڤ بۆ خوا" و به‌کارهێنانی تکنیکگەلی زمانی و زمانی ئایرۆنی دیسانه‌وه فه‌زای پڕ له ترس و وههم و شکه‌ست و نائومیدیی و داهاتووی نادیاری دۆزخێکی وه‌ک رۆژهەڵاتی ناڤینی هه‌میشه جه‌نگاوی دەنوێنێتەوە: (خودای بێ باکی خاوه‌رمیانه، خودای باکداری ئه‌و دیو خاوه‌رمیانه خوای ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی ناتوانن مردنت دانله‌ود که‌ن خوای من و "ئیسی" بووم هه‌تا من بووم و ئه‌م جوگرافیا له‌عنه‌تییه قوربانی پیاوه فاسده‌کانی خاوهرمیانهین خوای گه‌ڕیان و گران من رهبگه که‌مێک بۆ بوون زیاده‌م وه‌ک بوونی تۆ بۆ "شه‌رقی ئه‌وسه‌ت" یان سڵفیهکانی من بۆ زبڵدانی مێژوو) (٢) "پارانۆیا" لەگەڵ ئەوەی کە ڕەوایەتێکی شاعیرانەیە و هەڵگری شوناسی ئاڵۆز و نەخۆشیی تاکی مودێڕن و مرۆڤی هاوچەرخە، لە هەمانکاتدا هەڵگری هەندێ تایبەتمەندی و پارامێتری ئەدەبی ئاوانگاردە و هەڵسوکەوتێکی زمانی و تەکنیکی لەگەڵ دەقدا هەیە، بەڵام کەمتر توانیویەتی هەڵسوکەوتێکی هەستۆکانەی ببێت. هاوکات زمانئاڵۆزی و پارانۆئیدبوونی زمانی شێعریی پارانۆیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کەسایەتی و شوناسی پارچە پارچە بووی پرسۆناکان، کە پارانۆمای مرۆڤی هاوچەرخە. (٣) بۆ ئه‌م باسه ده‌مهه‌وێ باس له سێ پارامێتر یان سێ ئێلەمانی تایبه‌ت به ده‌قی ئاوانگارد بکه‌م: شوناسی زمانی، هەڵسوکەوتی زمانی و ئەزموونی زمانی. وه‌ک ده‌زانین شوناسی زمانی وەک ڕەهابوونی زمان له شێعری سواره‌وه تا شێعری به‌ره‌ی چوار شوانسێکی ته‌واوه میدیایی هه‌یه، لێره‌دا زمان ته‌نها و ته‌نها که‌ڵکه‌ڵه‌ی گواستنه‌وه‌ی مانا و چەمکە، ئاوەها کە بە جوانی بتوانێ مانا و مه‌فهووم بگوازێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته "زمان ئه‌مرازی" واته که‌ڵکوه‌رگرتن له زمان به مه‌به‌ستی ڕاگه‌یاندن و گواشتنه‌وه‌ی مانا. به‌ڵام له ده‌قی شێعریی ئاوانگاردا شوناسی زمانی و خودی زمان بۆ خۆی ده‌بێته ئامانج و خۆی ده‌بێته غایه‌تی ده‌قه‌که، چیتر و وه‌ک ئامراز سه‌یر ناکرێ. کۆندێرا له شوێنێکدا ده‌گێڕێته‌وه "دوبچک" سه‌رۆککۆماری هه‌ڵبژێردراوی چێک له کاتی هێرشکردنی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت بۆ سه‌ر چێک له وته‌یه‌کی رادیۆییدا به حاڵه‌تی پتەلاڵی باسی ئه‌و هێرشه‌ی کۆمۆنیسته‌کان ده‌کات بۆ سه‌ر وڵاتی چێک و وتەکانی بە پچڕ پچڕی ده‌ست پێده‌کا. بیرم له‌وه کرده‌وه که زمانی کوردیش له هه‌مبه‌ر نواندن و نواندنەوەی مرۆڤی کورد ڕێک تووشی ئه‌و پتەلاڵییە بووه. لێره‌دایه که ده‌قی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری به تایبه‌ت شێعر چه‌نێک توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌و زه‌رفیه‌ت و پوتانسیه‌له شاردراوانه‌ی نێو زمان که‌شف بکه‌ن. زۆر جار هه‌ندێ له دۆستان ڕوو له‌و که‌سانه‌ی که له پارادایمی به‌ره‌ی چواردا شێعر ده‌نووسن به داخن بۆ زمانی کوردی و ده‌ڵێن زمانی کوردی له پارادایمی شێعری ئاوانگاردا تووشی چەاوشە و بەلارێداچوون بووه. به پێچه‌وانه‌وه من پێموایه زمانی کوردی له به‌ستێنی شێعردا هه‌ر به راستی قه‌رزاری شێعری به‌ره‌ی چواره، له‌و ڕوانگه‌وه که شێعری پێش به‌ره‌ی چوار ته‌نها به شێوه‌یه‌کی سه‌تحی و ڕووتین و یه‌کنه‌واخت و به شێویه‌کی ته‌واو فورمالیته چاوی له زمان ده‌کرد، ئێمه له شێعری کلاسیک‌دا ئه‌و ده‌قه حه‌ماسی و لیریکیایەی که له شێعری کلاسیک‌دا یان خود له شێعری نیۆکلاسیکدا وه‌ک مامۆستا هێمن و هه‌ژاری موکریانی بگره ته‌نانه‌ت سه‌رده‌می سواره‌یش، زمانی کوردی ته‌نها شکڵێکی سه‌تحی و ڕووتین بوو له ده‌قه‌کاندا کاری پێ ده‌کرا. به‌ڵام شێعری به‌ره‌ی چوار توانی ئه‌و پوتانسیه‌له و هێزه ناوکییه‌ی ناو زمانی کوردی، ئه‌و دەفرایەتی و پوتانسیلە شاراوە لە دەروونی زمانی کوردی‌دا که‌شف و ئاشکرا بکات. به‌مه‌وه ده‌قی شێعری" پارانۆیا " له پێناو و له درێژه‌ی ئه‌م پرۆژه‌دا هه‌وڵ و ته‌قه‌للا و که‌ڵکه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه که بتوانێ ئه‌م دەفرایەتی شاراوەی نێو زمانی کوردی که‌شف بکات. بۆیه من پێموایه ڕه‌ساڵه‌ت و به‌رپرسایه‌تی شێعر هیچ نییه جگه له بەڵێنێک که هەمبەر بە زمان هه‌یه‌تی، به‌و جۆره‌ی که بتوانێ ئه‌و دەفرایەتییە شاراوەی که له دەروونی زماندا هه‌یه، که‌شف و ئاشکرا بکات. بابه‌تی دووه‌م مه‌سه‌له‌ی هەڵسوکەوتی زمانییه، واته ئه‌و هەڵسوکەوته‌ی که له شێعردا له‌گه‌ڵ زماندا ده‌کرێ. وه‌ک ده‌زانین شێعر لە بنەرەتدا هەڵسوکەوتێکی نائاسایی و ناباو و نەناسراوی و نامۆی له‌گه‌ڵ زماندا هه‌یه و لەو ڕووەوە زمانی منی شاعیر له‌گه‌ڵ زمانی هه‌واڵنێرێک و زمانی ژوورنالیستێک جیاوازە. کەواتە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا شێعر یان شاعیر به‌ر له هه‌موو شتێک بەڵێندارە بە پرسی زمان و ئێمه که به زمانی کوردی ده‌نووسین، ده‌بێ بتوانین ئه‌و دەفرایەتییە شاراوانه‌ی که له دەروونی زماندا بوونی هه‌یه، که‌شف بکه‌ین و له ده‌قدا به‌رچاویان بخه‌ین. بۆیه زمانی کوردی ته‌نیا ئه‌وه نییه که نالی و مه‌حوی و وه‌فایی و مام هێمن و هه‌ژار موکریانی یان سواره شێعریان پێ نووسیوه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ش هه‌یه که سازکردنی دۆخی چه‌ند مانایی و پێدانی ئه‌و ئیختیاره به خوێنه‌ر که بۆ خۆی بتوانێ ڕاڤه و تاویل و لێکدانه‌وه‌ی خۆی هه‌بێت له ده‌ق. بڕیار نییه منی شاعیر ڕێوشوێنی پێویست بۆ خوێنه‌ر دیاری بکەم و بۆی دیاری بکەم کە شێعری من یان شاعیری تر به شێوه‌یه‌کی یه‌ک ره‌هه‌ند و یه‌ک مانا بخوێنێته‌وه. ئەوە بنەمای رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ دیکتاتۆرییەتی سێنتاکس و پێکهاتە و ڕیزمانە. کەواتە دەکرێ بڵێین شێعری به‌ره‌ی چوار ئاکام و غایه‌تی گه‌یشتن به جۆرێک ئانارشیزمی زمانییه وه‌کوو ڕەهابوونی زمان. بۆیه پێموایه شاعیر له ده‌قدا ده‌بێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و دیکتاتۆرییە ڕیزمانی و پێکهاتەییە ببێت که له به‌تنی زماندا بوونی هه‌یه. مه‌ولانا چه‌ند سه‌ده پێش ئێستا دژ به‌و قه‌ید و به‌ندانه‌ی که سەروا و عه‌رووز و کێشی عه‌ره‌بی سپاندبووی، ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕێ و ده‌ڵێ: "مفتعلن مفتعلن کشت مرا". گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه‌ش بتوانین ئه‌و قه‌ید و به‌ندانه‌ی که به‌ربه‌ستن له ده‌رخستنی ئه‌و توانست و دەفرایەتییە شاراونەی ناو زمان وه‌لا بنین و بگه‌ین به جوانیناسییەکی مودێڕن؛ جوانیناسییەک که ڕێک له‌گه‌ڵ ساتەوەختی ئه‌وڕۆی منی کورد هاوکات و هاوچه‌رخ بێت. بۆیه وابزانم باسکردن له خه‌ت و خاڵ و زوڵفی یار به‌و شێوه یان به‌و تێڕوانینه‌وه که شاعیری کلاسیکی ئێمه پێوه‌ی خه‌ریک بووه، مه‌حوی به باشترین و جوانترین شێوه‌ی مومکین باسی هه‌موو شتێکی کردووه و چیتر بۆ ئێمه دووپاتکردنه‌وه‌ی موکهرهراته و بڕیار نییە بێم و هه‌مان تێڕوانین و هه‌مان جیهان بینی مه‌حوی دیسان دووپات بکه‌مه‌وه. لەو ڕووەوە من وه‌ک مرۆڤێکی مودێڕن که په‌یوه‌ندییه‌کی فرەڕەهەند و به‌ربڵاوم هه‌یه له گه‌ڵ جێ جێی جیهاندا، چیتر ناتوانم له خێوه‌ت و له ده‌وار و له هۆز و قه‌بیله و نازانم شتگه‌لێکی به‌ر له مێژوو باس بکه‌م. بۆیه ده‌بێ میتۆد و ستراتیژی خوێندنه‌وه‌کانمان بگۆڕین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له ده‌قی ئاوانگارد که پێشنیاری جه‌سوورانه و بە جەربەزە ده‌دات، بگه‌ین و شێعری ئاوانگارد فه‌هم بکه‌ین؛ تاکوو زیاتر چێژ ببه‌ین و لێی تێبگه‌ین. بۆیه گۆڕانکاری له ئه‌ده‌بیاتدا ههمبهستهی چەمکی جه‌ساره‌ته. تاکوو جه‌ساره‌ت نه‌که‌ین و تابۆکان نه‌شکێنین، تاکوو سه‌هۆڵه‌کان نهتوێنینهوه، ناتوانین گۆڕانکاریش درووست بکه‌ین. که‌وابوو ئه‌بێ له ئه‌ده‌بیات و له ده‌قی شێعردا شه‌هامه‌تی خه‌ته‌ر کردن و ڕیسک کردنمان هه‌بێ: "خه‌تا که کارلی/ خه‌تا که خه‌ته‌ر/ وه‌ک خه‌ته‌ری فوبیای زه‌مین کاتی رهشانهوهی/ ئالزایمر به و نیشتمان – له به‌ر – له بیرکه" وه‌ک ده‌بینین ده‌قی "پارانۆیا" خه‌ریکه پیشنیار ده‌دات به ڕیسک کردن، پیشنیار ده‌دات به خه‌ته‌ر کردن، کاره‌کته‌ره‌که‌ی هانده‌دا که زیاتر خه‌ته‌ر بکا و زیاتر ڕیسک بکات. له هه‌مانکاتدا پارانۆیا هه‌ڵگری پیشنیارێکی شێعرییه، هه‌ڵگری پیشنیاری گۆڕانکارییه‌که که خوێنه‌ری چالاک بۆ ئه‌وه‌ی فه‌همی ده‌قی پێشڕه‌و و ئاوانگارد بکات، ده‌بێ میتۆد و ستراتیژی خوێندنه‌وه‌ی بگۆڕێ. پارانۆیا پیشنیاری دەروونیکردنهوهی خه‌ته‌ر و ڕیسکه له فه‌زای زه‌ین و ژیاندا، تاکوو بتوانین گۆڕانکاری درووست بکه‌ین. بۆیه پێموایه تاکوو ئه‌م ڕیسکه له فه‌زای زه‌ینی و ژیانی خۆماندا دەروونی نه‌که‌ینه‌وه، هیچ گۆڕانکارییه‌ک له بەستێنی ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا ڕوو نادا و ناچارین له سیکلێکی بەتاڵدا و له مه‌نزوومه‌یه‌کی داخراودا دووپاتی ئه‌و شتانه بکه‌ینه‌وه که له فه‌قێ ته‌یران و مه‌لای جه‌زیری تا سه‌ردەمی ئێمه وتراوه. *ئه‌م وتاره لە لایەن نووسەرەوە به شێوه‌ی پانێل له دوو کۆڕی (سنه و مه‌هاباد) پێشکه‌ش کراوە.
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure