(ئاماژەیەکی زۆر کورت) کاتێک سەرنج دەدەینه بنەماکانی رەخنەی ئەدەبی دەبینین هەر کام لەو چەمکانەی کە لەو بازنەیەدا پێناسە کراون به جۆرێک لە درێژەی یەک دان و یەکتر تەواو دەکەن.هەڵبەت نەک بەو شێوەیه کە پەیوەندییەکی دال و مەدلوولی ساز بدرێ.بەڵام لە نێوان ئەو چەمکانه و به تایبەت لە دەورانی هاوچەرخدا ململانێی نێوان دوو رەهەندی سەرەکی ئەو بازنەیه،زۆرتر لە چاو دەدا و جاری وایه تا سنووری یەکتر نەفی کردنەوە هەنگاویان ناوەتەوە:واتاتەوەری و سەرنج دان به فۆڕم.لە چوارچێوەی هونەر به گشتی و لە ئەدەبیاتدا به تایبەتی ناتوانین رەفزی واتا و ناوەڕۆکی بەرهەمی هونەری بکەین.ئەو کەڵکەڵەیه هەمیشە لەگەڵ مرۆڤی هونەرمەند و هونەردۆستدا بووە و دەبێ.بەڵام ئەوەی که بزووتنەوەی فۆڕم رێک دەخا و تا ئاستی تێکهەڵچوون لەگەڵ واتاخوازی دەڕوا چییه؟کێشەکە پەیوەندی هاونشینی وشەکان/ئۆبژەکان و سازدانی جەغزێکی واتایی لەو سۆنگەیەوە نییه بەڵکوو چۆنیەتی پێناسە کردنی ئەمری جوانییه لە چوارچێوەی دەقدا.پارادایمی واتاخواز و واتامەدار کە بنەما فکرییەکانی سەر به قوتابخانه فەلسەفییەکی هێگێله پێیان وایه کە ئەمری جوانی دەکرێ لە دووتوێی وشە/ئۆبژەکاندا بینوێنیەوە.واته دەکرێ ئەمری جوانی وەک باقی چەمکگەلی دیکه شرۆڤه بکرێ و لە کۆتاییدا واتا تایبەتەکانی دەربهێنی.لەو روانگەیەوە دەکرێ زۆر ئەرک و پرسی جۆراوجۆر سواری زمان و بەرهەمه زمانییەکان بکەین.وەکوو ئەرکی کۆمەڵایەتی،سیاسی و کولتووری وهتد.لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەی فۆڕم هەندێک گۆزارەی دیکە دێنێته ئاراوە کە جێی سەرنج تێڕامانن.دیارە ئاخێزگەی ئەو جۆرە بیرکرنەوەیەش دەگەڕێتەوە سەر جوانیناسیی تایبەتی فەیلەسووفی ئاڵمانی "ئیمانۆئێل کانت".کانت دەڵێ ئەمری جوانی وەک چەمکێکی دیاری کراو نایەته نێو وشەکان و ئێمه تەنیا دەتوانین لە رەهەندە جیاجیاکانەوە بینوێنینەوە و خولیای به چەمک کردنی جوانی بێ بنەمایه.ئەم شێوازه بیر کرنەوەیه لە ئاکام دا فۆرمالیزمی لێ دەردەچێ کە لە دەورانی هاوچەرخدا یەکێک لە به هێزترین پارادایمەکانه بۆ خوێندنەوەی دەق. پێناسە کردن و لێکدانەوەی ئەو دوو پارادایمه گرینگه کارێکی یەکجار زۆری پێویسته و لە تاقەتی ئەم کورته باسەی ئێمەدا کە بڕیاره لەسەر شیعری هێمن بکرێ،نییه.ئامانج لەو پێشەکەییه زۆر زۆر کورته چی بوو؟دیارە شیعری هێمن هەڵگری هەر کام لەو دوو باسەیه.واته شیعری هێمن هەم واتاخوازه و هەم فۆرمیک.لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوەش بکرێ کە لە نێوان ئەو دوو چەمسەرەدا بیری بەینابەینیش بوونی هەیه کە دەیانهەوێ ئەو دوو جەمسەرە لێک گرێ بدەنەوە و هاوسەنگیەک ساز بکەن.کە هێمن رێک لەو بازنەیەدا جێگیر دەبێ. سەرەتا دەبێ ئەو سەردەمەی کە هێمن تێیدا دەژی بێنینەوە بیری خۆمان.سەردەمێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر چ لە باری سیاسی و چ لە باری کۆمەڵایەتییەوە.بە تایبەت جوغڕافیای کوردستان کە دووگیان بوو به رووداوی قەبه و تا رادەیەک نائەزموون کراوی سیاسی وەکوو کۆماری کوردستان.لە وەها کات و ساتێکدا هێمنی موکریانی وەک شاعیرێکی لاو سەرهەڵدەدا و وێڕای هاوڕێکانی بازنەیەکی رۆشنبیری چێ دەکەن و عەمەلەن دەبنه باڵی فەرهەنگی ئەو بزووتنەوە نەتەوەییه و دواتر وەکوو شاعیری میللی پێناسەی دەکرێ.زۆر دوور نییه لە کەشی ئاودا چی بەرهەمی هونەری و ئەدەبییه بۆ هەرچی زێدەتر پەیوەندی گرتن لەگەڵ توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا،بەرەو چەشنێک لە واتارەوەری هەنگاو بنەنێتەوە.چون ئەساسەن بیری فۆڕمیک لە بواری ئاخێزگەی سەرهەڵدانەوە نوخبەگەرایه و لە دۆخێکی ناسەقامگیری ئاوادا شیمانەی پێکهاتنی فۆڕم زۆر دێته خوارێ.ئەوەی کە باسمان کرد نۆرمێکی ئاساییه.بەڵام ئێمه دەبینین هێمن هەر لەو کەشەدا دەستی لە فۆڕمیش نەپاراستووە و لانی کەم لە ئاستی جانشینی دا هەوڵەکانی جێی سەرنجن.مۆتیڤەکان بەربڵاوتر دەبنەوە و خەغزی وشەیی شیعر بەرینتر دەبێ.ئەگەرچی فۆڕمی دیار و سەرەکی واته کێش و سەروا هەر لە جێی خۆیان دان بەڵام ناوەڕۆکی شیعر ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ و ئەوەش بەشێکه لە شۆڕشی فۆڕمیک.ئەگەر سەرنج بدەین شیعری هێمن لە نێوان دوو موتیڤی کەمتر باس کراوی ئەوان سەردەمان پەنگی خواردۆتەوە:نەتەوە و ژن.تا بەر لە هێمن ئەو دوو موتیڤه کەمتر لە شیعری شاعیراندا دەبیندرێ.ئەگەر باسیشی کرابێ لە دوو توێی ئیستعارە و سەناعاتی ئەدەبیدا جێی خۆیان کردۆتەوە و وەک باسێکی سەربەخۆ نەهاتوونه ئاراوە.بەڵام هێمن وەک پرسێکی جیدی لەنگەریان لەسەر دەگرێ و دەیانکه واژۆی تایبەتی شیعرەکانی.تا رادەیەک کە ئێمه ئەمڕۆ کاتیک باسی شیعری هێمن دەکرێ ئەو دوو موتیڤەمان بیر دەکەوێتەوە. بۆ باشتر روون کردنەوەی باسەکەمان یەکێک لە شیعرە به ناوبانگەکانی هێمن دەخوێنیەوە و ئەو شتانەی ئاماژەمان پێ کردن دەست نیشانیان دەکەین.شیعری "ئێوارەی پاییز".هێمن ئەو شیعرەی لە ساڵی ١٩٧٤ی زاییندا هۆنیوەتەوە.واته ئەو کاتەی کە پیاوێکی بەساڵاچوو و به ئەزموون و هاوکات به نێوبانگیش بووە.لەم شیعرەدا شاعیر به تەوسیفی فەزایەکی شارییەوە دەست پێدەکا.دواتر حاڵەتی گێڕانەوە بە خۆوە دەگرێ و دواجار وەک کۆرته فیلمێک بە هەموو ماکەکانیەوە بۆمان وێنا دەبێ.فەزاسازی،کەسایەتی،روودا و هتد.تەنیایی دوایین مەنزڵی شاعیر(راوی)ه.تەنیاییەک کە هۆکارەکانیمان لە درێژەی شیعرەکەدا بۆ خۆیا دەبێ.نەهامەتی و بێ بەختی گەلێکی ژێر دەسته و چەوساوە.بەڵام لە دوایین دێڕدا شاعیر ئاسۆیەکی روون بۆ بەردەنگەکەی ساز دەکا و بەو شێوەیه پڕۆسەی لە بڕان نەهاتووی خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاری لەو دۆخه بیچم دەگرێ.ئەودەربڕینه شیعرییه لەو سەردەمەدا دەتوانین بڵێین زۆر ناوازه و تازه بووە.شار لەو سەردەمەدا لە جوغڕافیای کوردستاندا لە دارەدارە بووە بەڵام شاعیر زوو به زوو وەک ئیمکانێکی شیعری کەڵکی لێ وەرگرتووە.ئەوە نیشان دەدا هێمن وێڕای ئەوەی کە دەغذەغەی بەردەنگی بووە هاوکات چاوێکیشی لە چۆنیەتی پێشکەشکردنی شیعرەکەی بووە و ئەوە یانی کاریکی فۆڕمی. ئەوەی باس کرا ئاماژەیەکی زۆر کورت و کۆتا بوو سەبارەت بە ناوەڕۆک و فۆڕمی شیعری هێمن کە بەردەوام لە جێگۆرکێ و ریزۆنانس دان.ئەو تەمهیده یەکێک لە هۆکارەکانی هەرمانییەتی شیعری هێمنه و نموونەیەکی زۆر باشه بۆ پاساو دانەوەی بیری مامناوەند لە نێوان واتاتەوەری و سەرنج دان به فۆڕمدا.
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure