"بە كتێبی بۆمبی ساڵ ناسراوە" وەرگێڕێكی گەنجی كورد بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، ڕۆمانێك بە شێوازێكی جیاوازو سەرنجڕاكێش چاپ و بڵاودەكاتەوە، كە ئەویش گەرانتیكردنی ڕۆمانەكەیە بۆ خوێنەرانی. ڕۆمانی (ترس لە مەرگ) یەكەمین بەرهەمی نووسەری ئوسترالیایی (ستیڤ تۆڵتز)ە، كە لە ساڵی 2008 بڵاوبووەوەو لەهەمان ساڵدا پاڵێورا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "مان بوكەر" و وەكو یەكێك لە سەركەوتووترین و گەورەترین ڕۆمانەكانی مێژووی ئەدەبیاتی ئوسترالیا ناوی دەهێنرێت و یەكێكە لە پڕفرۆشترین بەرهەمەكانی نیویۆرك تایمزو ئەمازۆن. ڕۆمانی (ترس لە مەرگ) لەلایەن وەرگێڕی كورد "ئارام ڕەشید" لە زمانی فارسییەوە كراوە بە كوردی و لەسەر ئەركی خۆی لە تاران چاپكراوەو لەلایەن دەزگای ڕەهەند كاری بڵاوكردنەوەی بۆ كراوەو لە ئێستاشدا لە كتێبخانەكاندا بەردەستە بۆ خوێنەران. ئارام ڕەشید وەرگێڕی ڕۆمانی (ترس لە مەرگ) رايگەیاندووه: ئەم ڕۆمانە باس لە قووڵایی بوونی مرۆڤەكان دەكات، درامێكی خێزانییە كە وێنای ترس، چاوەڕوانی و ژیان بە كۆمیدیایەكی ڕەش دەكات. وتیشی "چیرۆكی ڕۆمانەكە لەسەر زاری هەردوو كەسایەتی سەرەكی (مارتین و جاسپەر دین)ـەوە دەگێڕدرێتەوە، كە تا ڕادەیەك ڕوانگەی خوێنەر بەرامبەر چەمكەكانی (خۆشەویستی، ژیان، خێزان، نەتەوەو باوك و فەرزەندی) و لە هەمووشیان گرنگتر "مەرگ" دەگۆڕێت". لەبارەی ئەوەی بۆچی وەرگێڕ ئەم كتێبەی بۆ خوێنەرانی گەرانتی كردووەو چۆن بیری لە كارێكی لەوجۆرە كردۆتەوە، ئارام ڕەشید وتی "زۆرجار لەپاش خوێندنەوەی كتێبێك، ئەو هەستەم هەبووە كە خەڵەتێنراوم، خەڵەتێنراو بەو مانایەی كە پارەو كاتێكی زۆرم داوە لە بەرامبەر شتێكدا كە پێموابووە هەم پارەكەم و هەم كاتەكەم بەهەدەر چووە. ئیدی زۆرجار بیرم لەوە دەكردەوە بریا بمتوانیبا لەگەڵ (نووسەر یان وەرگێڕ)ی كتێبەكە باسی ئەو هەستەی خۆمم بكردایەو داوای ڕوونكردنەوەم بكردبایە. لەمەوە بیرم لەوە كردەوە خۆم ئەوكارە بكەم كە تائێستا خەونم بووە هەبێت و نەبووە. من دەتوانم بڕی پارەی كتێبەكە بۆ هەركەسێك بگەڕێنمەوە كە كتێبەكەی بەدڵ نەبێت و هەست بە خەڵەتاندن بكات لە بەرامبەر كڕینیدا، بەڵام بەداخەوە كە ناتوانم قەرەبووی ئەوكاتەی بۆ بكەمەوە كە لەدەستی چووە، تەنیا دەتوانم گوێی بۆ ڕادێرم كە بۆچوونەكانیم لەسەر كتێبەكە بۆ باسبكات و هۆكارەكانی بەدڵنەبوونی كتێبەكەم بۆ ڕوونبكاتەوە، كە بەداخەوە ئەمەش دیسانەوە پێویستی بە كاتە". سەبارەت بەوەی بۆچی ناوی كتێبەكەی گۆڕیوە، وەرگێڕی ڕۆمانەكە ئاماژەی بەوەدا "ناوی كتێبەكە خۆی (بەشێك لە گشت)ـە، بەڵام (ستیڤ تۆڵتز)ی نووسەری كتێبەكە لە چاوێپێكەوتنێكدا دەڵێت: ڕۆمانی (بەشێك لە گشت)م دەربارەی ترس لە مەرگ نووسیوە، هەروەها دەتوانین بڵێین كۆنسێپتی بنەڕەتی كتێبەكە مەرگە، ڕوونتر بڵێم (ترس لە مەرگ)ـە و گەورەترین ترسی ژیانی مارتین دینیش هەر مەرگە. بۆیە لەبری ناونیشانەكەی خۆی ئەم ناونیشانەم بۆ هەڵبژارد". ئارام ڕەشید كتێبەكان لە زمانی فارسییەوە وەردەگێڕێتەسەر زمانی كوردی و تائێستا وەرگێڕانی بۆ هەریەك لە ڕۆمانەكانی (كۆلارەباز، بەردی سەبووری، منداڵی پێنجەم، ڕێگا، بازاڕیی، كافكا لە كەنار دەریا) كردووەو چاپ و بڵاویكردوونەتەوە. خاك - پوكمیدیا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure