6/4/2021 02:15 PM

( بنیاتی كارەكتەر لە ڕۆمانەكانی برایم ئەحمەد و غایب توعمە فەرمان)


دكتۆرژینۆعەبدولڵا*

      ڕۆمان بەحوكمی فراوانی پانتاییەكەیەوە باشترین ڕەگەزەكانی ئەدەبە بۆ پێشكەشكردنی یان بەرجەستەكردنی زیاتر لە كێشەیەك لە كێشەكانی ژیانی ئادەمیزاد لەناو كۆمەڵدا، بۆیە ڕۆمان وەك پەخشانێكی هونەری زیاتر توانیوویەتی خزمەتی مرۆڤایەتی بكات.
گەر ڕۆمان وێنەكێشی ژیان بێت و زیاتر لە هەموو ژانرەكانی دیكەی ئەدەب گوزارشت لە ئێش و ئازار و مەینەتی و خۆشییەكانی مرۆڤ بكات، ئەوا كارەكتەریش هۆكاری بەرجەستەكردنی ئەو گوزارشتكردنەی ڕۆماننووسە، كە لەڕێی كارەكتەرەوە بیرو بۆچوون و تێڕوانینەكانی بۆ دیاردەكانی ناو كۆمەڵ و بەسەرهاتەكان لە چوارچێوەی دەقی ڕۆمانەكەدا بەرجەستە دەكات. كارەكتەر یەكێكە لە توخمە سەرەكی و بنەرەتییەكانی هونەری ڕۆماننووسین و چونكە ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاو لە بنیاتی دەقی ڕۆماندا دەبینێت، بۆیە هەر لێكۆڵینەوەیەك لە بارەی هەر توخمێك لە توخمە بنەڕەتییەكانی ڕۆمان دەبێ‌ ئاوڕێ لە گرنگی كارەكتەر بداتەوە، چونكە هەموو توخمەكانی ڕۆمان پەیوەستن بە كارەكتەرەوە و ناشكرێت كارەكتەر فەرامۆش یان وەلابنرێت.
  ( بنیاتی كارەكتەر لە ڕۆمانەكانی برایم ئەحمەد و غایب توعمە فەرمان)، ناونیشنانی نامەی ماستەری خوێندكاری خوێندی باڵای ئەدەب لە بەشی كوردی زانكۆی چەرمۆ(خالید قادر ئیبراهیم) ە، تیایدا لە سەر بنەمای ئەدەبی بەروردكاری و قوتابخانەی ئەمریكی، بەراوردی ڕۆمانەكانی هە ردوو ئەدیبی ناسراوی كورد و عەرەب مامۆستا برایم ئەحمەد و غایب توعمە فەرمان، كراوە.

 لە جیهانی ئەدەبی هاوچەرخی كوردی و عەرەبیدا، ڕۆمان توانیوویەتی ڕۆڵ و كەسایەتی خۆی لەڕووی مەعریفیەوە زیاتر بەرجەستە بكات، چ لەڕووی فۆرم و بابەتەوە، یان لەڕووی بایەخی نووسەرانی دەقەوە، لەم بوارەدا چەندین ڕۆماننووسی بەناوبانگ هەیە لە هەردوو ئەدەبی كوردی و عەرەبیدا، لە نێوانیاندا ئیبراهیم ئەحمەدی ڕۆماننووس لە ئەدەبی كوردیدا و غایب توعمە فەرمان لە ئەدەبی عەرەبیدا، چونكە ئەم دوو ڕۆماننووسە خاوەن چەندین دەقی ڕۆمانن لە بوارەكانی چیرۆك و ڕۆماندا دەست ڕەنگینیان نواندووە، هەر ئەم لایەنەش هاندەرێكی دیكە بووە بۆ هەڵبژاردنی ئەم دوو  ڕۆماننووسە بۆ تەرازووی بەراوردی لێكۆڵینەوەكە.
قوتابخانەی بەراوردی ئەمریكی
      لەم بەراوردەدا بۆ ئەنجام گەیاندنی لێكۆڵنەوەیە قوتابخانەی بەراوردی ئەمریكی هەڵبژاردووە، چونكە لەم قوتابخانەیەدا زۆر بایەخ نادرێت بەلایەنی كاریگەری نێوان نووسەران، بەڵكو هەردوو لایەنی جوانی دەق و ئاستی داهێنان زیاتر دەبنە جێی بایەخدانی لێكۆڵەری بەراورد.
  توێژە دە ربارەی هە ڵبژاردنی  قوتابخانەی ئەمریكی نووسیویەتی: ((بەلای ئێمەوە قوتابخانەی بەراوردی ئەمریكی پەسندترە و باشتر وگونجاو ترە بۆ لێكوڵینەوە لە بواری ئەدەبی كوردیدا ، چونكە ئەدەبی كوردی لەچاو ئەدەبی نەتەوەكانی دیكەدا تا ڕادەیەك هەژاری پێوە دیارە و  كاریگەری نییە بەسەر ئەدەبی گەلاندا و هەمیشە وەك ئەدەبی كارلێكراو دەبێت لە تەرازووی بەراوردی ئەدەبیدا. هەروەها لە قوتابخانەی بەراوردی ئەدەبیی ئەمریكیشدا كۆمەڵێك پرەنسیپی تێدایە لە بەرژەوەندی ئەدەبەكەماندایە بۆ دەوڵەمەند كردن و ئاگادار بوون لە ئەدەب و كلتوری نەتەوەكانی دیكە)).
        بەراوردی ئۆتۆبایۆگرافیای هەردوو ڕۆماننووس
      (ئیبراهیم ئەحمەد و غایب توعمە فەرمان)
 ــ هەردوو ڕۆماننووس ئیبراهیم ئەحمەد و غایب توعمە فەرمان  پێشەنگی هونەری ڕۆماننووسینن لە عیراقدا، ئیبراهیم ئەحمەد پێشەنگی هونەری ڕۆماننووسینە لە باشووری كوردستاندا  بە زمانی كوردی، هەروەها غایب توعمە فەرمانیش بە هەمان شێوە پێشەنگی هونەری ڕۆماننووسینی عەرەبییە لە عیرَاقدا .
ــ دەستپێكی هەردوو ڕۆماننووس  لەسەرەتادا بە شیعر دەستیان داوەتە نووسین ، دواتر گۆڕیوویانە بۆ هونەری چیرۆكنووسین. یەكەم دەقی شیعری بڵاوكراوەی ئیبراهیم ئەحمەد (یادگار و هیوا)یە كە لە گۆڤاری (یادگاری لاوان)دا لە 10/3/1933ز لە لاپەڕە 13ــ 19 بڵاوكراوەتەوە . ئیبراهیم ئەحمەد لە نووسینی شیعردا سەركەوتوو بووە، بە تایبەت لە شیعری بەرگری و نەتەوەییدا، تێیدا هانی خەڵكی داوە بۆ خوێندن و تێكۆشان دژی چەوساندنەوەی نەتەوەیی، پاڵپشتی هەژاران بووە. شیعرەكانی بە زمانێكی پاراو و شیعرییەتێكی جوان داڕشتووە. هەروەها ڕیتمی شیعری و بەكارهێنانی وشەی سادە و ئاسانی ڕەچاو كردووە، بۆیە زۆربەی شیعرەكانی لەلایەن ئاوازدانەرانی كوردەوە كراون بە گۆرانی، تا ئەم ڕۆژگارەش دەوترێتەوە.  زۆربەی شیعرەكانی هاندانە بۆ خۆشەویستی نیشتمان و خۆبەختكردن لە پێناو سەربەستی و ئازادیدا ، هەروەها هیوا بەخشە بە دووا ڕۆژی نەتەوەكەی و هاوكاریكردنی خەڵك .


    غایب توعمە فەرمان دەربارەی ئەزموونی شیعری خۆی دەڵێ‌: "من شیعرم دەویست لە قۆناغی لاوێتیدا شیعرم دەهونییەوە و لەگەڵ بڵند حەیدەریدا بەرامبەر یەكتر شیعرمان دەخوێندەوە (شەرە شیعر) ، بەڵام لە بواری شیعردا سەركەوتوو نەبوو ، بۆیە دەڵێ‌ : ئەو ڕۆژەی لە ئەزموونی شیعریمدا سەرنەكەوتم، وتم: ماڵئاوا ئەی دونیای نووسین ئەی خۆشەویستی یەكەم و كۆتاییم، بەڵام هەوڵی دیكەمدا و  پەرییەكانی دیكەم خۆشویست ... چیرۆك خۆشەویستی هەمیشەییم .... لە ساڵی 1954 بەدواوە لە ئاستە جیاوازەكاندا چیرۆك دەنووسمەوە ". هەروەها نووسەری عەرەب (غسان كنفانی) لە وەسفكردنی  غایبدا دەڵێ‌: " لە باشترین خامە بەدەستەكانی  ئەم سەردەمەیە"، بۆیە دكتۆر عەلی ئیبرهیم   دەڵێ‌: " قسەكردن لەسەر ڕۆمانی عەرەبی تەواو  و ڕاست نییە بەبێ‌ ناوهێنانی (النخلە والجیران - دارخورما و دراوسێ‌ )ی غایب توعمە فەرمان" . غایب توعمە فەرمان سەركەوتوو بووە لە نووسینی كورتە چیرۆكدا و جێگەی ئاماژەیە بۆ داهێنانی ئەدەبی لە دەستپێكردنەوە بە كۆ- چیرۆكی (حصید الرحی ــ دروێنەی دەستار) دەستپێدەكات ، كە لە ساڵی 1954 لە بەغدا دەرچووە . بەڵام  سەركەوتووترین بەرهەمی ئیبراهیم ئەحمەد لە ڕووی ئەدەبی و هونەری ڕۆماننووسینەوە ڕۆمانی ( دڕك و گوڵ )ە، كە ڕۆماننووس بە شێواز و تەكنیكێ نوێی و هاوچەرخەوە ڕووداوەكانی ئەم ڕۆمانە خستووتە ڕوو، جیاواز لە هەردوو ڕۆمانە چاپكراوەكەی دیكەی (ژانی گەل و هەرزەكاری)، ئەوەش لە بەكارهێنانی تەكنیكی مۆنۆلۆگ بە شێوەیەكی بەرفراوانتر لە بەرهەمەكانی دیكەی ڕۆماننووس. ئەو تەكنیكەش لە ڕووی مێژووی بەكارهێنانەوە لەناو هونەری چیرۆكنووسی كوردیدا بۆ ئەو سەردەمە پێدەچێت ئیبراهیم ئەحمەد دەستپێشخەر بوو بێت ، چونكە لە پێش نووسینی ئەم ڕۆمانەدا ئێمە هیچ ڕۆمانێكمان بەدی نەكردووە ، لە ڕووی بەكارهێنانی هونەر و تەكنیكی مۆنۆلۆگەوە كە لە ئاستی ئەم ڕۆمانەدا بێت . 
ــ هەردوو ڕۆماننووس جێگەی لە دایكبوونیان شار بووە، ئیبراهیم ئەحمەد لە (6/3/1914) لە گەڕەگی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لە خێزانێكی هەژاری كورد لەدایكبووە، غایب توعمە فرمانیش لە ساڵی (1927) لە گەڕەگی (باب الشێخ)ی شاری بەغدا لە خێزانێكی هەژار لە دایكبووە ، گومان دەكەین غایب توعمە فەرمان عەرەب بێت ، چونكە عەرەب ناوی فەرمان بۆ ناولێنانی مناڵەكانیان بەكار ناهێنن ، چونكە ناوەكە زیاتر كورد و فارس بەكاری دەهێنن  ، زیاتر بۆ ئەوە دەچین غایب توعمە فەرمان كوردی فەیلی بێت، هەرچەندە بە ئاشكرا لەبارەی ڕەچەڵكی نەتەوەیی خۆی هیچی نەدركاندووە، تەنیا ئەوە نەبێت خەڵكی ناوچەی باب الشیخ بیت لە بەغدا  كەوا دانیشتوانی ئەو گەڕەكە زیاتر كوردی فەیلین ، لەبەر ئەوەی بە عەرەبی خوێندوویەتی نەیتوانیووە بە كوردی بخوێنی و بنووسێ‌ ، بۆیە سەرجەم بەرهەمە ئەدەبییەكانی بە زمانی عەرەبی نووسیووە.

ــ هەردوو ڕۆماننووس كاری ڕۆژنامەنووسیان كردووە، ئیبراهیم ئەحمەد خاوەن ئەزموونێكی دوور و درێژە لە كاری ڕۆژنامەنووسیدا، لەگەڵ كۆمەڵێك لاوی كورددا ڕۆژنامەی (یادگاری لاوان 1933 ، دیاری لاوان 1934  )یان دەردەكرد، هەروەها لەگەڵ مامۆستا (علاْ الدین سجادی)دا گۆڤاری ( گەلاوێژ )یان لە نێوان ساڵانی (1939ــ 1949) دەردەكرد، لە ساڵی 1957 لە دەركردنی گۆڤاری شەفەقدا ڕۆڵی گرنگی هەبووە . لە 4 ی نیسانی 1959 ڕۆژنامەی خەبات (النضال)ی دەركرد كەوا ڕۆژنامەیەكی سیاسی بووە، تا وەكو لە 28 ی مارتی 1961 داخرا ، لە ساڵی 1961 گۆڤاری كوردستانی بڵاوكردەوە ، لە ساڵی 1979 گۆڤاری چریكەی كوردستان (صرخە كردستان)ی بڵاوكردەوە ، هەندێكیان بە زمانی عەرەبی بوو، ئەم گۆڤارە  تا ساڵی 1985 بەردەوام بوو، نۆ ژمارەی لێ بڵاوكرایەوە.  ئەمە جگە لەو ڕۆَڵە گرنگانەی كە دەینواند لە دەرچوونی گۆڤاری (رزگاری ــ الاستقلال) بە زمانی كوردی و ڕۆژنامەی  ( النور ) كە بە زمانی عەرەبی لە ساڵی 1969 لە بەغدا دا دەردەچوون. " بەڵام غایب توعمە فەرمان تەنیا لە ڕۆژنامەی (بغداد الاهالی)دا  ناوی وەك ڕۆژنامە نووسێك دەبینرێت ".

- لەناو بەرهەمەكانی ئیبراهیم ئەحمەددا  گرنگییەكی زۆر بە ڕۆمانی ( ژانی گەل ) دراوە، كە لە ساڵی 1956 نووسراوە و لە ساڵی 1972 بڵاوكراوەتەوە ، لەبەر هۆكاری سیاسی و جەور و سستمی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا ، كە ماوەی 17 ساڵ نەتوانراوە ئەم بەرهەمە چاپ بكرێت، لە ساڵی 1980 محەمەدی قازی و ئەحمەد قازی  ئەم ڕۆمانەیان وەرگِێرا بۆ سەر زمانی فارسی و لە هەمان ساڵدا بڵاوكرایەوە،  لە ساڵی 1994دا وەرگێراوە بۆ زمانی فەرەنسی  و بڵاوكراوەتەوە، هەر لە ساڵی 1994دا وەڕكێراوە بۆ سەر زمانی توركی و بەزمانی توركیش بڵاوكراوەتەوە، هەروەهاش بۆ سەر زمانی عەرەبیش وەرگێراوە . لە ساڵی 2006 ڕۆمانی ( ژانی گەل ) لەلایەن دەرهێنەری سینەمایی  ئێرانییەوە ( جەمیل ڕۆستەمی) كرا بە فلمێكی سینەمایی و لە سینەماكاندا پەخشكرا. چیرۆكەكانی ئیبراهیم ئەحمەد بە زۆری دەچنە خانەی ڕیالیزمی كۆمەڵایەتییەوە ، ڕەنگدانەوەی ژینگەی كۆمەڵایەتی ئەو سەردەمانەن كە چیرۆكنووس چیرۆكەكانی تێیدا نووسییوەتەوە، بۆیە باڵەوان و كارەكتەرە سەرەكییەكانی ئەم چیرۆكانە ئەو كەسانەن كە تێكۆشەر و ڕەنجبەر و چەوساوە و هەژارانی ناو كۆمەڵی كوردەواری ئەو سەردەمانەن ، كە چینی دەرەبەگ تییدا باڵادەست بوو .
  سەبارەت بو ڕۆمانەكانی غایب توعمەش هەردوو ڕۆمانی (خمسە اصوات)و(المخاض) بۆ زمانی ڕووسی وەڕگێردراون، هەروەها هەردوو ڕۆمانی (النخلە والجیران) و (القربان) كراون بە شانۆگەری و لەسەر تەختەی شانۆی نیشتمانی ( المسرح الوطنی ) لە بەغدا نمایشكراون،  هەروەها هەردوو ڕۆمان وەرگێردراون بۆ زمانی كوردی و تیپی شانۆی (سالار ) لە ژێر ناونیشانی (سەلەی نانكەر) و( چرا) دا لە شانۆگەرییەكانیان پێشكەشیان كردووە .
 ـــ هەردوو ڕۆماننووس خاوەن دەستێكی ڕەنگین بوون لە وەرگێراندا، زۆربەی ئەو بەرهەمانەی ئیبراهیم ئەحمەد ، كە لە گەلاوێژدا (1939ــ1949)  بڵاوی دەكردەوە لە زمانی بێگانەوە وەریدەگێڕا بۆ زمانی كوردی، غایب توعمە فەرمانیش زیاتر لە سی كتێبی لە زمانی ڕووسییەوە وەرگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی، دیارترین بەرهەمە وەرگێرراوەكانی " كارە ئەدەبییەكانی تورگینیفە كە بریتییە لە پێنج بەرگ،  كۆمەڵە چیرۆكەكانی   مەكسیم گۆرگی و تۆلستوی و دستۆیفسكی و پۆشكین ...هتد"

لە كۆتایدا توێژەر لە ماستەر نامە كەیدا گەیشتۆتە چەند خالێك لەوانە:
1ــ  بە حوكمی ئەوەی هەردوو ڕۆماننووس ئیبراهیم ئەحمەد و غایب توعمە فەرمان لە نزیكەوە یەكیان نەناسیووە ، بۆیە جۆرە كاریگەرییەك لە نێوانیاندا نییە ، بەڵام لە پێناوی دەرخستنی هەردوو لایەنی جوانی دەق و داهێنانی هەردوو نووسەر لە بواری بنیاتی كارەكتەردا بە پێویست زانراوە  قوتابخانەی بەراوردی ئەمریكی هەڵبژێرێن، چونكە زیاتر بایەخ بە جوانی دەق و داهێنانەكەی دەدات و كەمتر كاریگەری نێوان نووسەران جێی بایەخ پێدانیەتی.
2-  ڕۆمانەكانی ئیبراهیم ئەحمەد زیاتر ڕۆمانی ڕووداوە ، لە دەرئەنجامەكەیدا كاریگەری خۆی دەبێت لەسەر چارەنووسی كارەكتەرەكان، بەڵام ڕۆمانەكانی غایب توعمە فەرمان زیاتر ڕۆمانی كارەكتەرە، لە دەرئەنجامەكانیاندا كارەكتەر كاریگەری خۆی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان دەبێت.
3 ـ ئیبراهیم ئەحمەد سەركەوتوو بووە لە بایەخدان بە وەسف و وێناكردنی كارەكتەرەكان لە ڕێی بەكارهێنانی مۆنۆلۆگەوە بەشێوەیەكی قووڵ دەچێتە ناخ ودەروونیان ، كەسێتی ناوەوەی كارەكتەرەكانمان بۆ ئاشكردەكات بە تایبەت لە ڕۆمانی (دڕك وگوڵ)دا، ئەمەش ئەوە دەردەخات، كە ئیبراهیم ئەحمەد شارەزاییەكی تەواوی هەبووە دەربارەی ئەو ڕێبازە نوێیە  تەوژمی هۆش)، كە شێواز و ڕێبازێكی نۆێ بووە بۆ ئەو سەردەمە لە هونەری ڕۆماننووسیندا ، بەڵام مۆنۆلۆگ زۆر بەكەمی لە ڕۆمانەكانی غایب توعمە فەرماندا دەبینرێ.
4ــ لە میانی خوێندنەوە و شیكردنەوەی ڕۆمانەكانی هەردوو نووسەر بۆمان دەردەكەوێت ، كە لە هەندێ‌ دیمەنی ناو دەقی ڕۆمانەكانی هەردوو ڕۆماننووسدا جۆری كارەكتەری لێگێڕاوە بەرچاو دەكەوێت ، چونكە ڕۆمانەكانی هەردوو ڕۆماننووس زیاتر ڕۆمانی كارەكتەر و ڕووداون،  ئەمەش هۆكاری سەرەكیی دەبێت بۆ كەم دەركەوتنی لێگێڕاو .
5- غایب توعمە فەرمان لە ئیبراهیم ئەحمەد زیاتر تەكنیكی دیالۆگ بە شێوەیەكی فراوانتر لەناو دەقەكانیدا بەكارهێناوە بۆ وەسفی سروشتی كەسێتی كارەكتەرەكان ، بەڵام ئیبراهیم ئەحمەد بە پێچەوانەوە مۆنۆلۆگ و گێڕانەوە و وەسف دەكاتە كەرەستەیەك بۆ خستنەڕووی سروشتی كەسێتی كارەكتەرەكانی .
6ــ هەردوو ڕۆماننووس كارەكتەرەكانیان لە ناوكەتواری (واقیع)ی كۆمەڵگای عێراقی (كوردی و عەرەبی)یەوە وەرگرتووە ، كە نمونەی ئەو كارەكتەرانە زۆرن لە ناو كۆمەڵگادا.
7ــ رووداوەكانی ناو دەقی ڕۆمانەكانی هەردوو ڕۆماننووس لە واقیعی ژینگە و رووداوەكانی سەردەمی یا قۆناغەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی هەردوو كۆمەڵگای عێراق بەكوردی وعەرەبەوە وەرگیراون ، چونكە هەر ڕۆمانێك گوزارشت لە سەردەمێكی دیاریكراو دەكات .
8 ــ مرۆڤی ئاسایی لەناو ڕۆمانەكانی ئیبراهیم ئەحمەد و غایب توعمە فەرماندا زیاتر كارەكتەری لاوەكین ، بەڵام مرۆڤی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر زیاتر كارەكتەری سەرەكی و پاڵەوانن.
9ــ كارەكتەری شۆڕشگێڕ زیاتر لەناو دەقی ڕۆمانەكانی (ئیبراهیم ئەحمەد)دا و كارەكتەری نیشتمانپەروەر زیاتر لە ڕۆمانەكانی غایب توعمە فەرماندا بەرچاو دەكەوێت.

شایەنی باسە، لە هۆڵی پەروەردەی زانكۆی چەرمۆ، گفتوگۆوی نامەی ماستەرەكە كراو لیژنەی گفتوگۆش پێكهاتبوون لە: پ.ی.د ئازاد عەبدولواحید كەریم، سەرۆكی لیژنە، پ.ی.د. محمەد ئەمین تاتانی، ئەندام، پ.ی. د. مەهدی فاتح عومەر ئەندام، پ.ی.دعادل گەرمیانی سەرپەرشتیاری نامەی ماستەری خوێندكاری خوێندنی باڵاخالید قادر ئیبراهیم.
*مامۆستا لەكۆلێژی زمان لەزانكۆی سلێمانی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved