7/6/2021 01:35 PM

پ.د. زاهیر كەریم لە دووسیمناری زانستی و ئەكادیمیدا

 

 

د. ژینۆ عەبدولڵا
 لەچوارچێوەی چالاكییە زانستییەكانی بەشی زمانی عەرەبی, كۆلێژی زمان,زانكۆی سلێمانی, ئەكادیمی ومامۆستای بەشی زمانی عەرەبی,پ.د.زاهیر لەتیف كەریم , ڕۆژی یەكشەممە 6 / 6 /2021, دوو سیمیناری بەزمانی عەرەبی پێشكەش بەمامۆستایانی بەش كرد بەنێوی" المثاقفة في الفلسفة الظاهراتية" و "الإثارية في النص الادبي".
لەیەكەمیاندا پێشكەشكاری سیمنار ئاماژەی بەخوێندنەوەیەكی نوێی زاراوەی ""المثاقفة"كرد وئەم زاراوەیەی بەستەوە بەچەمكی فینۆمینۆڵۆژیاوە. لەم بارەیەوە گوتی: "المثاقفة" (تێكەڵبوونە ڕۆشنبیرییەكان) بریتیە لەكورتكردنەوەی دەق لەبازنەی ڕۆشنبیرییەتە جیاوازەكاندا. یان دایەڵۆگی ڕۆشنبیرییەتە جیاوازەكان  وبەگەڕخستنیان لەچوارچێوەی پڕۆسە پەیوەندییەكاندا.بەدیوێكی تریشدا بریتیە لەكۆكردنەوەوتێكەڵبوونی ڕۆشنبیرییەتە جیاوازەكان لەبازنەیەكی دەقی دیاریكراو.هەموو ئەمانەشی یەكسان كرد بەچەمكی لێكدراوە گەردوونییەكان كەسنوورەكەی دیاریكراو نیە وبەشێوەیەكی سروشتی دێتە نێو بازنەیەكی كلتووری سەرەتایی ئەویش بەمەبەستی بەشداریكردن وگۆڕینی سستمی ژیان.ئەمانەش  پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەئەزموونە زگماكییە هەستییەكانەوە هەیە كەسەرچاوەكەی فینۆمینۆڵۆژیایە,دواتریش ئەم ئەزموونە پێدەنێتە قۆناغی دەزگا مەعریفییەكانەوە.لەم ڕووەوە,ئاماژەی بەبۆچوونەكانی هیگڵ وهۆسرڵ كرد كەدەڵێن دەق لەبنەڕەتدا ڕاستییەكی فینۆمینۆڵۆژیایە ولەوێشەوە پڕۆسەی تێگەیشتن وهەستكردن بۆ شتەكان سەرهەڵدەدەن.ئەمە لەكاتێكدا بابەتەكانی مرۆڤ بەشێوەیەكی گشتی پێویستیان بەگرنگیدانی پێغەمبەران وفەیلەسوف ونووسەر وشاعیرانە,ئەویش بەوەی بابەتەكان شایستەی ئەوەن ڕاڤە وهەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت.
دواتر,پ.د.زاهیر لەتیف كەریم ئاماژەی بەوە كرد كەهەر دەقێك دەرهاویشتەی پێكهاتە ڕۆشنبیرییەكانە وئیستاتیكای دەقیش بەندە بەم پێكهاتەیەوە.گەر پێكهاتەكان بەتاڵ كرانەوە ئەوا دەقەكان وەك جەستەیەكی بێ ڕۆحیان لێ دێت.هەر لەبەر ئەمەشە هەر دەقەو جۆرێك لەپێكهاتەی ڕۆشنبیری كەلەهەموو ڕوویەكەوە جیاوازە لەپێكهاتەی دەقێكی تر.تەنانەت كەسێتی بەرهەمهێنەر لەدەقێكەوە بۆ دەقێكی تر گۆڕانكاریان بەسەردا دێت.لەكۆتایدا چەمكی بەتێكەڵبوونە ڕۆشنبیرییەكانی خستە نێو سێكوچكەی نێنەر ونامە و وەرگرەوە, بەوەی نێنەر تەنها بەرهەمهێنەر نیە بەڵكو پێكهاتە ڕۆشنبیرییەكانیشە.نامە تەنها بریتی نیە لەناوەڕۆك بەڵكو بریتیە لەكەرەستەی پێكهاتە ڕۆشنبیرییەكان و,وەرگریش مەودا ڕۆشنبیرییە خوێندنەوەییەكان,كەئاستەكانی زۆر فراوانن وەك ئاستی تێگەیشتنی وچێژی وداهێنانی وڕاڤەیی وسیمیۆڵۆژیایی وهەڵوەشاندنەوەیی ...هتد.نموونە پراكتیكەكانیش بریتی بوون لە (بدر شاكر السیاب ) و (نازك الملائكە). بەر لەوەی كۆتایی بەم سیمنارە بێت, پێشكەشكار جەختی لەوە كرد كەجیاوازی گەورە هەیە لەنێوان (المثاقفة) و(التثاقف) بەوپێیەی ئەوەی دواییان خۆی لەپڕۆسەی دەسەڵات وكۆیلاتیەتیدا دەبینێتەوە, یان هێزی دەسەڵاتە زلهێزەكان دەیانەوێت گوشار بخەنە سەر كۆمەڵگە بچووك ولاوازەكان بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم یاسا كلتوورییەكانی هەروەك چۆن ئەدەبی عەرەبی وفارسی لەبەرامبەر ئەدەبی كوردی كڵاسیكیدا ئەنجامیاندا.

لەسیمیناری دووهەمدا,
بابەتێكی هەستیار كەبۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی لێكۆڵینەوە ئەدەبییەكان ئەنجام دراوە, ئەویش بریتیە لەدۆستگەرایی. پێشكەشكار جەختی لەسەر پێناسەی كۆمەڵێك زانا وپسپۆڕی ئەم زاراوەیە كرد وگوتی: پۆڵ ئێكمان دەڵێت, دۆستگەرایی بریتیە لەبەها زاڵە جوانەكان وخودە ئەكتیڤ وكاریگەرەكان دەبنە ڕێنیشاندەر وگەیەنەری ئەم بەهایانە, بەمەبەستی دەستنیشانكردن وگۆڕینی ئاڕاستەی بیركردنەوەكانی تاك وكۆمەڵگا.بەلای پۆڵ ڕیكۆر یشەوە دۆستگەرایی بریتیە لەویژدان كەئەم ویژدانە دەبێتە چەقی ڕەوشتەكان ولەوێشەوە یاسا ڕەوشتییەكان بڵاو دەبنەوە بەسەر تێكڕایی خەڵكیدا.
دواتر ئاماژەی بەهۆكاری سەرهەڵدان وبایەخدانی ئەم زاراوەیی كرد.لێرەدا خودە بەئەزموونەكان ئەركێكی قورس وگرانیان دەكەوێتە سەرشان, بەوپێیەی زیاتر هەست بەشتەكان دەكەن.لەبەشێكی تری ئەم سیمینارەدا پێشكەشكار ئاماژەی بەسێ ڕەهەند وتوخمی سەرەكیدا كەپەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەدۆستگەراییەوە هەیە, ئەوانیش, توخمە مەعریفییەكانی ڕەوشت كەخۆی لەئاڕاستەكردنی تاك وكۆمەڵگادا دەبینێتەوە. توخمە ڕەفتارییەكانی ڕەوشت كەخۆی لەتێگەیشتن وهەستكردندا دەبینێتەوە, سێهەمشیان,توخمە هەڵچوونییەكان كەخۆی لەبەرپرسیارێتی مەسەلە هەستیارەكاندا دەبینێتەوە.ئەم توخمەشی دابەشكرد بەسەر سێ جۆر لەهەڵچوون,ئەوانیش هەڵچوونییە ئەرێنییەكان وهەڵچوونە نەرێنییەكان وهەڵچوونە بێ لایەنییەكان.نموونەی پراكتیكی بۆ ئەم سیمینارە كەسێتی پێغەمبەری ئیسلام بوو (محمد. د.خ).ئەمە لەكاتێكدا پێشكەشكار, لەم دواییەدا, لێكۆڵینەوەیەكی ئەكادیمی وزانستی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوكردەوە بەنموونەی چیرۆكی "ڕێبوارێكی سەرگەردان ی گەلاوێژ".
لەكۆتایدا مامۆستایانی ئامادەبوو چەندین پرسیاریان ئاڕاستەی پێشكەشكار كرد, پرسیارەكانیش,سەرجەمیان, وەڵام درانەوە.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved