پ.د.زاهیر لەتیف كەریم سۆسیر،كە بەیەكێك لەپێشەنگەكانی سیمۆڵۆژیای زمانەوانی ناسراوە،دەڵێت سیمۆڵۆژیا بریتیە لەدەرخستنی ڕاستی وڕەهەندە فیكری وسۆسیۆڵۆژی وسایكۆڵۆژییەكان. بەمەش سیمۆڵۆژیا تەنها پەیوەست نیە بەچوارچێوە زمانەوانییەكان بەڵكو لەیەك كاتدا بایەخ بەچەمكە زمانەوانی ودەرەوەی زمانەوانییەكان دەدات. لەگەڵ ئەمەشدا سیموڵۆژیا لەڕێگەی پەیوەندییە ئاماژەیی وهێمایی وئایكۆنییەكانەوە دەتوانێت بەدوای سیمانتیكای ماناكاندا بگەڕێت. لەپێناو بەرجەستەكردنی سیمۆڵۆژیا،ئەم ووتارەی ئێمە لەلایەكەوە پشت بەوێنەیەكی ئەرشیفی بەشێك لەسەركردە سیاسی وسەربازییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبەستێت،لەلایەكی تریشەوە بەڕێبازی ڕەخنەی پشكنینی سیمۆڵۆژیا كەئەمەیش لەبنەڕەتدا پشتی بەسێ جەمسەر وكۆڵەكەی سەرەكی سیمۆڵۆژیا بەستووە : یەكەمیان- پشكنینی خۆتەنی .مەبەست لەم پشكنینە بریتیە لەگەڕان بەدوای پەیوەندییە ناوەكییەكانی دەق،ئەویش بەمەبەستی نزیكبوونەوە ودەستنیشانكردنی واتا وماناكان.وێنە ئەرشیفییە ئاماژەپێكراوەكەی ئێمە، كەلەڕێگەی ڕێكەوتێكی فەیس بووكییەوە بەدەستمان گەیشت،دەرئەنجامی كۆمەڵێك پەیوەندی شاراوەیە،كەدواتر ئەم وێنانە لەڕێگەی كردنەوەی كۆد وئاماژەكانەوە بەرەو كردنەوە دەچن.گەر سەیرێكی وێنەكە بكەین دەبینین پێكهاتووە لەدوو جۆر كەسایەتی. كەسایەتییەكی سیاسی وكەسایەتییەكی سەربازی وپێشمەرگایەتی.لەهەمان كاتیشدا تێكەڵبوونێكیش لەنێوانیاندا هەیە وەك كەسایەتی مام جەلال ونەوشیروان موستەفا كەهەردووكیان لەیەككاتدا سیاسەتمەدارێكی پڕۆفیشناڵ وپێشمەرگەیەكی كۆڵنەدەر. لێرەدا گەر بەراووردێك لەنێوان ئەم دوو جەمسەرە جیاوازەدا بكەین ئەوا كەسایەتییە سیاسیەكەی ئەم دوو كەسێتییە زاڵترە بەسەر كەسایەتییە سەربازی وپێشمەرگایەتییەكەیاندا. بەڵام لەكەسێتی نەوشیروان فوئاد مەستی دا كارەكە پێچەوانەیە وچەمكە سەربازی وپێشمەرگایەتییەكە زاڵترە بەسەر سیاسییەكەیدا. هەر لەوێنەكەدا،چەمكی دیموكراسی لەگرتە وكەسایەتییە جیاوازەكاندا بەدی دەكرێت.كەسایەتییە سیاسییەكان بەنموونەی مام جەلال ونەوشیروان موستەفا تەواو ڕێز لەبۆچوون وپلانەكانی فەرماندەی سەربازی وپێشمەرگایەتی نەوشیروان فوئاد مەستی دەگرن .بەپێچەوانەشەوە سەركردە سەربازی وپێشمەرگەییەكان بەهەمان كێش وقەبارەی سەركردە سیاسییەكان ئازادانە دەڕواننە سەركردە سیاسییەكان.كەئەمە لەجوڵەی گرتە ودەم وچاوی سەركردەكاندا ڕەنگی داوەتەوە.دیارە ئەمەش ،بەپێی گریمانەكان،بەشێكە لەسیاسەتی گشتی حیزبەكە كەلەسەر بنەمای ڕێزگرتن وگوێگرتن لەیەكتر وگۆڕینەوەی بیر وبۆچوونەكان دامەزراوە.بەمانایەكی تر دایەڵۆگ لەنێوان ئەندامانی حیزب لەسەر بناغەی كاركردن وچەندایەتییەكەی دامەزراوە نەك پۆڵینكردنێكی سەرمایەداری بەوەی بۆشاییەك هەبێت لەنێوان پیشە وئەركی ئەندامان بەتایبەتی لەنێوان ئەركی سیاسی وپێشمەرگایەتی. هەروەها،لەگرتە وێنەییەكەدا ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆ بۆ كاری ئامادەباشی وخۆئامادەكردن بۆ ئەگەرەكانی مەسە نەخوازراوەكان بەدی دەكرێت.سەركردەكان بەجیاوازی پسپۆڕی وئەركەكانیان لەسەر سكێچی نەخشە وپلانەكان كۆدەبنەوە ولەوێشەوە بۆچوون وگریمانەكان لەدای دەبن ودواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەمەسەلەكان تەواو پشت بەكەسایەتییە جیاوازەكان دەبەستێت وەك ئەوەی هەموو پێویستە بەیەك هاوێنە بەشدار بن لەپڕۆسەی مەسەلە وئایندەكانی.ئەمەش بەدیوێكی تردا بەو مانایە دێت كەخۆسەپاندن وخۆبەگەورەتر لە بونیادی گرتەكەدا بوونی نیە.لێرەشەوە بەدیكتاتۆركردن وقۆڕخكردن لەنێو ئەم گروپە فیكرییەدا كۆتاییان پێهاتووە.بەپێچەوانەوە چەمكی هاوپەیمانێتی وهەماهەنگی دەبێتە كەرەستەیەكی هەرە بەنرخی گوتارەكەیان. جگە لەمانە،لەگرتەكەدا گرنگیدانی سەركردەكان وپەرۆشییان بۆ مەسەلەكان بەدەر دەكەون.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەبونیادی ئەم سەركردانە لەسەر بەنامای عەفەوییەت دانەمەزراوە بەڵكو بەپێچەوانەوە لەسەر بنەمای ئایدیۆڵۆژیایەكی ڵۆژیكی نەخشە بۆداڕژراو دامەزراوە،كەئەمە پێچەوانەی ڕژێمە دیكتاتۆرەكانە كەلەزۆر حاڵەتدا عەفەوییەت ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت ولەهەمان كاتیشدا سەركردەكانیان بەچاوی ڕێزەوە ناڕواننە ئەندامەكانیان وتێكڕای خەڵكی. بەمانایەكی جیاوازتر،سەركردە سیاسی وسەربازی وپێشمەركایەتییەكانی گرتە وێنەییەكە كەسانێكی سادە وسروشتین وڕێز لەبۆچوونی بەرامبەری هاوڕێیانیان دەگرن.لەبەرامبەریشدا نەوشیروان فوئاد مەستی یش مافی تەواوی داوە بەمەسەلە وكەیسەكان ودڵسۆزانە مەسەلەكان بۆ سەركردەكان ڕوون وشیتەڵ دەكاتەوە. واتە ئەم سەركردە سەربازی وپێشمەرگەییە،بەپێی ئەزموونە ئەكادیمی وزەمەنییەكانی خۆی دڵنایی خۆی بۆ پلانەكان ڕادەگەیەنێت لەهەمان كاتیشدا بەرامبەرە سیاسییەكانیش دڵنیان لەناوەڕۆك وئەنجامی ئەزموونی ئەم سەركردە سەربازییە.بەڵگەی ئەمەش ئامادەبوونێكی بابەتیانەی سەركردە سیاسییەكانە لەزەمەنی وێنەكەدا. دوهەمیان- پشكنینی بونیادگەری.ئەم پشكنینە بەدوای چەندێتی واتا ومەبەستەكاندا دەگەرٍێت.گەرچی پێشتر لەهەندێك گۆشەوە ئاماژەماندا بەچەند مانایەك بەڵام لەم جۆرەی پشكنینەدا جەخت لەسەر مەبەستە جۆراوجۆرەكانی گرتە وێنەییەكە دەكەین كەئەم چەندایەتییە لەئەنجامدا خۆیان لەگوتارێكی تایبەت وگشتگیردا دەبینێتەوە. بۆنموونە،چەمكی گواستنەوە وجێگۆڕكێ وستراتیژییەت بەدی دەكرێت. گەر لەزەمەنی پێش ڕاپەڕین لەلایەكەوە ئێمەی كورد بەگشتی وخاوەن ئایدیای وێنەكە بەتایبەتی خۆیان لەقۆناغێكی مەعریفی وڕۆشنبیری وسەربازی دیاریكراودا بینیبێتەوە ئەوا لەدوای ڕاپەڕین گۆڕانكارییەك لەئاستی ئەو چەمكانەدا ڕوویان داوە. لەقۆناغی هەڕەمەكی عەفەوییەتەوە بۆ قۆناغێكی مەدەنی وئەكادیمیا.جەبار فەرمان گەرچی لەڕووی پێشمەرگایەتییەوە ڕۆڵێكی بەرچاوی لەبزووتنەوەی چەكداری شاخدا بینیووە بەڵام ،وەك لەگرتە وێنەییەكەدا بەدەردەكەوێت، بەچاوی ڕێز وزانستی ئەكادیمیای سەربازییەوە گوێ بیستی ڕێنماییەكانی نەوشیروان فوئاد مەستی یە چونكە ئەو یەقینەی لا دروست بووە كە دۆخ وزەمەنەكان جیاوازە وپێویستە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ مەسەلەكانی زەمەنی وێنەكەدا بكرێت. گەر سەیرێكی خێرای گرتەكە بكەین ئەوا بەئاشكرا خۆی لەدوو جۆر پۆشاكدا دەبینێتەوە.یەكەمیان،پۆشاكێكی كوردی وپێشمەرگایەتی .دوهەمیان،پۆشاكێكی مەدەنی.ئەمەش لەلایەكەوە ئەوە دەگەیەنێت كەهێشتا سەركردە وتاكەكان دڵنیا نین لەمەسە سیاسییەكان وپۆشاكە كوردییە پێشمەرگایەتییەكە نیشانەی خەباتی درێژخایەنی كوردایەتییە ولەهەمان كاتیشدا پێویستییەكی ئایدیۆڵۆژی ونەتەوایەتییە. لەلایەكی تریشەوە پۆشاكە مەدەنییەكە ئاماژەیەكی ڕەوانبێژییە بۆ دامەزراندنی بازنەیەكی جوگرافی سەربەخۆ كەپێویستی بەكەرەستە نوێیەكانی سەردەمە وەك نەخشە وسكێچێكی ئەندازەیی هاوچەرخانە.جگە لەمە،نەوشیروان فوئاد مەستی،بەوپێیەی هەرلەسەرەتای شۆڕشی نوێوە بەشدارە لەگۆڕەپان وخەباتی سیاسی وپێشمەرگایەتی نەتەوەكەی،خاوەن ئەزموونێكی سەربازی وپێشمەرگایەتی نموونەییە ولەڕێگەی ئەزموونەكەیەوە توانیوێتی سەركردە سیاسییەكانی خۆی قایل بكات بەوەی پێویستە گوێی لێ بگیرێت وكاریش لەسەر بۆچوونەكانی بكرێت.لەبەرامبەریشداسەركردە سیاسییەكان بەنموونەی مام جەلال ونەوشیروان موستەفا گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی كەئەزموونگەرایی سەركردە سەربازی وپێشمەرگەییەكان هێزێكی ووزەبەخشە بۆ ڕزگاربوون لەقەیرانی مەسەلە گەورەكان. گەر سەرنجێكی بونیادگەرانە بدەینە گرتە وێنەییەكە ئەوا دەبینین نەوشیروان فوئاد مەستی زیاتر ڕووی دەمی لە نەوشیروان موستەفایە.دیارە بەپێی سیاقی مێژووی خەباتی سیاسی وشۆڕشگێڕی لەئایدیاكەیاندا دەسەڵاتەكان دابەش بوون بەسەر دەسەتی سیاسی ودەسەڵاتی چەكداری وشۆڕشگێڕی.مام جەلال زیاتر بەرەو هەگبە سیاسییەكان ونەوشیروان موستەفا بەرەو هەگبەی سیاسی وچەكداری.لێرەدا دید وستراتیژیەتی ئایدیاكەیان بەدەر دەكەوێت بەوەی هەماهەنگی لەنێو سەركردەكاندا ولەلایەكی تریشەوە بەئازادیكردنی سەركردەكان لەدۆخە ناسروشتییەكاندا كەرەستەیەكی هەرە بەنرخی دیموكراسییەتە نەك پێچەوانەكەی. بەمەش كارەكانیان پێدەنێنە قۆناغی كاری دەستە جەمعییەوە. سێهەمیان- پشكنینی گوتاری. مەبەست لەم پشكنینە ئەوەیە كەسەرجەم یەكەكانی گرتەكە لەكۆتایدا خۆیان لەنێو گوتارێكی فیكری وسیاسی دیاریكراودا دەبینێتەوە.ئەمە بەئاڕاستەیەكی تر پێی دەوترێت "بەگەڕخستنی توانا گوتارییەكان". دروستكردنی گوتاریش پێویستی بەكۆمەڵێ پرنسپ وپێكهاتەی مەعریفی وفیكری وسیاسی وفەرهەنگی وپسپۆڕی هەیە.كۆبوونەوەی سەركردەكان لەگرتە وێنەییەكەدا بەمەبەستی مەسەلەیەكی گرنگ وپیرۆز هاتووە.واتە مەسەلەیەكی گرنگ سەركردەكانی، بەجیاوازی پسپۆڕییان، كۆكردۆتەوە. لەپێناو گوتارەكەیاندا،تێگەیشتنێك لەنێو سەركردەكاندا بەدی دەكرێت.ئەم چەمكی كۆبوونەوە وتێگەیشتن وگرێدانە گوزارشت لەگوتارێكی داواكراوی جدی دەكات. گوتارەكەش خۆی لەدامەزراندن یان بەدامەزراوەكردنی قەوارەیەكی نیشتمانی ونەتەوەیی سەربەخۆ، یان پارێزگاریكردن لەدەستكەوت وكەسێتی دامەزراوەكانیان، كەبێگومان ئەم قەوارەیە هەوڵ وكۆشش وماندووبونی بەردەوامی دەوێت كەئەمڕۆكە هەمووان لەچاوەڕوانی ئەم وێنەیەدایە.
ئەم بابەتە پێشتر لە هەفتە نامەی ئاوێنە ژمارە 526/3/5/2016 بڵاو بۆ تەوە..
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure