19/7/2021 01:11 PM

هونەرمەند (عەلی لەتیف)، لەنێوان هونەر بۆ هونەر وهونەر بۆ كۆمەڵگا

 

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

پێشتر,لەژمارە 81,ئایاری ساڵی 2007  گۆڤاری سلێمانی, چاوم كەوتبوو بەگێڕانەوەیەكی هونەرمەند عەلی لەتیف بەنێوی"بەزم وڕەزمی حاجی عەلی جاسوس وچایخانەكەی" بەڵام دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر, لەم ماوەیەدا, سەرجەم بابەتەكانی ئەم ژمارەیەم,بۆ جارێكی تر, خوێندەوە وگێڕانەوەكەی هونەرمەندی ناوبراو تەواو سەرنجی بۆ چەند مەسەلەیەك ڕاكێشام,لەوانە بابەتەكەی كە بەشێوەیەكی گشتی لەجۆری كاریكاتێری و كۆمیدییە,بەڵام لەهەمان كاتدا هەڵگری بەشێكی گرنگی ڕەهەندە ڕەخنەییەكانە بەتایبەتی تیۆری هونەر بۆ هونەر وهونەر بۆ كۆمەڵگا. گێڕانەوەكە, بۆ تێكڕای خەڵكی, خۆشی وپێكەنینێك دەبەخشێت,بەڵام لەڕوانگەی ئەو دوو تیۆرە ڕەخنەییەوە پێدەنێتە قۆناغێكی ئێستاتیكی وسایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژی كاریگەرەوە.كورتەی گێڕانەوەكەش,وەك ئەوەی بڵاوبۆتەوە لەگۆڤاری ناوبراو,بریتیە لەوەی ڕۆژێك هونەرمەند,وەك پیشەی ڕۆژانەی,سەردانی چایخانەكەی حاجی عەلی جاسوس دەكات كەكەوتبووە بەردەركی سەرا,بەڵكو تەواو بەرامبەر سەرا بوو.ئەو ڕۆژە حاجی لەگەڵ هاوڕێیەكیدا یاری دۆمینە دەكات ولەیارییەكەدا,بەهۆی نزیكبوونەوە لەدۆڕاندن,تەواو تووڕە دەبێت.هەندێك جار, لەسەر یارییەكە دەتۆراو سوێندی گەورەشی دەخوارد كەجارێكی تر یاری لەگەڵ ئەو هاوڕییەی نەكات, بەڵام هەر زووش پەشیمان  دەبووەوە ودەستی دەكردەوە بەیاری.لەم نێوەندەدا هونەرمەند,كەلەهەمان كاتدا وەرزشەوانێكی بەتوانای هەڵبژاردەی سلێمانی بوو, بەشێوەی سكێچ ,وێنەی ئەم دیمەنەدەگرێت وهاوێنەی دیمەنەكەش ,بەدیاریكراوی, لەسەر حاجی دەبێت لەكاتێكدا چەند پوولێك لەدەستی حاجیدا گیریان خواردبوو.دواتر هونەرمەند دەگەڕێتەوە ماڵەوە وسكێچەكە دەكات بەوێنەیەكی ڕەنگاو ڕەنگ ولەهەمان ڕۆژدا دەیباتەوە بۆ چایخانەكە وهەر زوو هاوڕێكانی هونەرمەند لەدەستی وەردەگرن ونیشانی حاجی دەدەن.حاجیش زۆر توڕە دەبێت وهەندێك جنێویش بەهونەرمەند دەدات.هونەرمەند دەڵێت دوای جنێودانەكان حاجی بۆ ماوەی نێو كاتژمێرێك وون دەبێت.دوای ئەم ماوەیە دوو پۆلیس خۆیان دەكەن بەچایخانەكەدا ودەڵێن "عەلی لەتیف كێیە".هونەرمەندیش دەڵێت من ئەو كەسەم.ئەوانیش دەڵێن  لەگەڵمان وەرە بۆ سەرا ئیشمان پێتە.هونەرمەندیش لەگەڵیان دەڕوات.پۆلیسەكان هونەرمەندیان بردبوو بۆلای بەڕێوەبەری پۆلیس,خوالێخۆشبوو كەمالی شێخ غەریب.بەچوونە ژوورەوەدەبینێت حاجی لەژووری بەڕێوەبەر دانیشتووە و چاوەڕوانی هونەرمەند دەكات. هەر لەوێدا, حاجی ڕووی دەمی لەبەڕێوەبەر دەكات ودەڵێت"ئا ئەوەتا خۆیەتی,ئەم ناموبارەكەیە.بەقوربانی دەستتان بم بۆم تێڵاتڕێن بكەن.".بەڕێوەبەریش دەڵێت"باشە خاڵە حاجی تۆ بفەرموو بڕۆرەوە بۆ كاری خۆتان ,منیش چاریت بۆ دەكەم".حاجی دڵی زۆر بەمە خۆش دەبێت ودەگەڕێتەوە بۆ چایخانەكەی.بەچوونە دەرەوەی حاجی, بەڕێوەبەر دەست دەكات بەقاقای پێكەنین وڕوو لە هونەرمەند دەكات ودەڵێت"خەریكە دەتەقم لەپێكەنیندا چونكە حاجی ئەیووت:پێم ناخۆش نییە شەریفانە ڕەسمی بكردمایە بەڵام نەوەك ناشەریفانە ئەو هەموو جووتەی لەدەستمدا تۆپاندووە".دواتر بەڕێوەبەر بەهونەرمەند دەڵێت "كاك عەلی ئەمڕۆ مەچۆرە چایخانەكە".دوای دوو ڕۆژ, هونەرمەند دەچێتەوە بۆ چایخانەكە وحاجی پێی دەڵێت"ها ئەفەنی ,پێتخۆشبوو ئەو تێڵاتڕێنەیان كردیت؟دەستیان خۆش بێت,بۆ نازانی كەئەتوانم ئەفڵاتۆنیش هەڵواسم".
لەزانستی ئیستاتیكادا بابەتی هونەر بۆ هونەر  تەواو جێگەی خۆی لەم گێڕانەوەدا كردۆتەوە كەئەم هونەرە,هەروەك ڕەخنەگری فۆرماڵیزمی ئینگلیزی كلایڤ بێڵ (1881-1964) دەڵێت,پێویستە خوی داماڵێت لەسەرجەم پێكهاتە لاسایی وفەلسەفی وفیكرە ئاینییەكان,بەڵكو لەبری ئەمانە بەدوای چێژە ئیستاتیكییەكاندا دەگەڕێت وەك گەڕان بەدوای ڕەنگ ,زمان,ڕەوانبێژی وهێڵە ئاڵۆز ونەبینراوەكان هەروەك چۆن سوریالیزم ودادایزم وپڕناسییەكان ئەنجامیانداوە.لێرەداوبەپێی سەرچاوەكان ناوەڕۆكی سەرەكی ئەم هونەرە خۆی لەچاكسازی پەروەردەیی وچاكردن بەرەو بەها زاڵە جوانەكاندا دەبینێتەوە,بەڵام,لەگەڵ ئەمەشدا, تەنها بەشێكی كەم لەكۆمەڵگا چێژ لەم ناوەڕۆكانە دەبینن یان وەردەگرن, چونكە لەبنەڕەتدا كارەكە بۆ تێكڕای خەڵكی ئەنجام نەدراوە,بەڵكو,لەلایەكەوە بۆ ئەوانەن كەئاگاداری كارنامەكانی هونەری شێوەكارین.لەلایەكی تریشەوە  ئەوانەی كەنرخی مانا وبەها گەورەكانیان لەلایە,یان خوێنەرێكی نموونەین بەڵكو لەنزیكەوە ئاگاداری سروشتی هونەرن.بەدیوێكی تردا,گەر وێنەكە,بەگێڕانەوەكەیەوە,بخەینە نێو چوارچێوەی ئەم بۆچوونە تیۆرییەوە ئەوا لەلایەكەوە تێكڕای خەڵكی, بەشێوە سروشتی وسادەكەیەوە, لەناوەڕۆكی ئەم وێنەیە ناگات,بەڵكو وەك بابەتێكی كۆمیدی یان كاریكاتێری سەیری دەكەن. وێنەكە بەرجەستەی دیمەنێك دەكات,كەئەمە بەلای تێكڕای خەڵكییەوە وێنەیەكی بیستراوی وەستاوە,بەڵام ئەم سادەییە پڕە لەمانا,یان فرە مانایی لەخۆ دەگرێت.لێرەدا كەسە سروشتییەكان ڕەنگە هەر نەپرسن بۆچی ئەو جووتە پوولانە لەدەستی كەسەكەدا وێنەكراوە.یان نەپرسن پەیوەندی كەسێكی بەتەمەن بە دۆمینەوە چییە؟یان كاریگەری ئەو پوولە جووتانە لەسەر كەسەكە چییە؟ئایا بەرەو دۆڕاندنی دەبات یان پێچەوانەكەی یان ئاشكراكردنی ڕەفتار وهەڵسوكەوتەكان؟.تەنانەت ڕەنگە ئاگاداری پەیوەندی شێوازی كاركردنی وێنەكە وئەو گێڕانەوەیە نەبن كەچۆن كردارەكە لەدیمەنێكی بینراوەوە گوێزرایەوە بۆ دیمەنێكی نووسراو! هەروەها ڕەنگە هەر نەپرسن كەبۆچی هونەرمەند ئەو دیمەنەی وێناكردووە,بەڵكو ئاگاداری مەبەستێتی كردارەكە نەبن!بەڵام گەر وێنەكە بدرێتە كەمینەی وەرگر یان خوێنەرێكی بەئەزموون ئەوا هەر زوو لەوە دەگات كەلەپشت ئەم تابلۆیەوە چەند شتێك بەدی دەكرێت.بۆ نموونە وەك:
- لەڕووی بەرجەستەكردنەوە,ئاماژەیەكە بۆ ناوەڕۆكێكی سۆسیۆڵۆژی بەوەی كەسەكان لەپێناو بەسەربردنی كاتەكانیان پەنا بۆ یارییە كلتوورییەكان دەبەن بەنموونەی دۆمینە.
- لەڕووی ناوەڕۆكەوە ئاماژەیەكە بۆ ڕەهەندە پەروەردەیی وچاكسازییەكان,ئەویش بەوەی كەسەكان لەبری خوێندنەوە وفێربوون ئەوا پەنا بۆ شتە نامەعریفییەكان دەبەن.دۆمینە لەدیمەنەكەدا نوێنەرایەتی ئەو شتە دەكات.
- لەڕووی ڕووبەر وقەبارە وبەكارهێنانی هێڵ وڕەنگەكانەوە, تابلۆكە بەشێكە لەهونەری شێوەكاری كەئەم هونەرە دەتوانێت بەرجەستەی واقیع بكات ,یان واقیع بەلای خۆیدا ڕابكێشێت.بەمانایەكی جیاواز تر,شێوەكار,لەڕێگەی فیگەرێكەوە هەوڵی داوە واقیع بەهێڵ وڕەنگەكان بناسێنێت.پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە.ئەمە بەلای (كلایڤ بێڵ) دەچێتە خانەی تیۆری شێوەیی یان فۆڕمییەوە,لەكاتێكدا فۆڕمەكان دیمەنی واقیعێك بەلای خۆیاندا ڕادەكێشێن ودواتر ماناكانی لێ دەدۆزرێتەوە.
- تابلۆكە تەواو دەچێتە نێو بۆچوونەكانی (هیگڵ )ەوە لەكاتێكدا دەستنیشانی دوو ئامانجی سەرەكی بۆ چەمكی هونەر دەكات ئەوانیش:
1- ئامانجێكی بنەڕەتی,ئەمە خۆی لەهەڵوێستە چاكسازییە ئەخلاقییەكاندا دەبینێتەوە.لەتابلۆكەی هونەرمەندا, كەلەگێڕانەوەكەدا بوونی هەیە, مەسەلە ئەخلاقییەكان زیاتر لەهەڵبژاردنی بابەتەكەدا بەدی دەكرێت كەتەواو فۆڕمەكەی بەناوەڕۆكیكەوە بەستۆتەوە.ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كەئەو هەماهەنگییەی نێوان فۆڕم وناوەڕۆك توانای خوڵقاندنی ئامانج ومەبەستێتی هەیە,ئەویش بەوەی لەزەمەنی بۆشاییەكاندا شتە كولتوورییەكان,بەنموونەی دۆمینە,تێكڕای خەڵكی بەلای خۆیاندا ڕادەكێشێت ولەوێشەوە دۆخە سایكۆڵۆژییەكانیان بەرەو ڕەوینەوە دەڕۆن.بەڵام,لەهەمان كاتدا, لەڕووی سستمی مەعریفییەوە مانایەكی زۆر تەسكی هەیە,بەڵكو لەكۆمەڵگا پێشكەوتووەكاندا ئەو بایەخە,وەك پێویست, بەو شتانە نادرێت چونكە توانای گۆڕانكارییە تازەگەراییەكانی نیە,بەڵكو زەنگێكی كوشندەی زانیارییەكانی سەردەمە,ئەمە لەكاتێكدا كرێكارێكی ڕۆژئاوایی,ناڵێم هەموویان, تادەچێتە سەر كارەكەی, خۆی خەریك دەكات بەخوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبی ومەعریفییەكان.بۆ پشتگیری لەم كردارە مەعریفییەی ڕۆژئاوا,بەتایبەتی لەزەمەنی ئێستادا, پێویستم بەدیمەنێكی خۆم دەبێت لەكاتێكدا,لەسەرەتای هەشتاكاندا, خوێندكاری دكتۆرا بووم لەزانكۆی گڵاسگۆ لەبەریتانیا,ڕۆژێك بەیانی زوو كرێكارێكملەنێو شەمەندەفەرێكدا بینی كەدەچوو بۆ سەر كارەكەی,وبەرهەمێكی جەیمس جۆیس(1882- 1941) ی ئیرلەندی دەخوێندەوە بەنێوی" یۆلیسس ",پرسیاری ئەوەم لێكرد كە"ئایا لەماناكانی جۆیس وئەم بەرهەمە دەگەیت",بەوپێیەی گەر یەكێك خوێندەوارێكی نموونەیی نەبێت ئەوا تێگەیشتنی كارێكی ئاسان نیە؟هەر لەوێدا ,تا دابەزینی, سیمینارێكی لەسەر (جۆیس )پێشكەش كردم ومنی تەواو شەرمەزار كرد,بەڵكو وایلێكردم وهانی دام كەزیاتر چەمكە ڕەخنەییەكان بخوێنمەوە تا لە(جۆیس )بگەم.
2- ئامانجێكی كۆتایی,ئەمە هەڵدەستێت بەدەرخستنی ڕاستییەكان,ئەویش لەڕێگەی نموونەیەكەوە.تابلۆكەی هونەرمەند ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت كەكۆمەڵگەی كوردی گیرۆدەی كلتوورە سەقەتەكانە كەبەدرێژایی زەمەن مامەڵەی جدیشی لەگەڵدا كردووە ودەكات وەك ئەوەی هیچ ئاڵترنەتیڤێكی تری لەبەردەستدا نەبێت.بەمەش ئەم جۆرە كلتوورانە تەواو كۆنتڕۆڵی كەسێتی كوردی كردووە بەوەی نەتوانێت گۆڕانكاری لەسەر بنەماكانی فیكردا بكات.ئەمە بەدیوە كۆتاییەكەیدا بریتیە لە تێنەگەیشتنی هەستە مەعریفییەكان لەلایەن زۆرینەی خەڵكییەوە.لێرەوە لەوە دەگەین كەتیۆری هونەر بۆ هونەر تەنها خۆی نابەستێتەوە بەشێوە دەرەكییەكانی فۆڕم بەڵكو هۆكارە سۆسیۆڵۆژییەكانیش سەرچاوەیەكی بەنرخن, چونكە كۆمەڵگا بەبێ پاكردنەوەی ناخەكان ئەوا گۆڕانكاری پۆزەتیڤی بەخۆیەوە نابینێت.بەمەش كارنامەی سەرەكی تیۆرەكە بریتیە لەپەروەردەكردنی هەستەكان بەرەو بونیادێكی ئیستاتیكی.
گەر تابلۆی گێڕانەوەكەی هونەرمەند بخەینە نێو بازنەی تیۆری هونەر بۆ كۆمەڵگا ئەواهەست بەوە دەكەین كەخودی هونەرمەند تەواو تێكەڵ بەبابەتێكی سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژی بووە.لێرەدا,لەپێناو گەیشتن وگەیاندنی نامەی تابلۆ وگێڕانەوەكەی, ئەزموون ڕۆڵێكی گەورە دەبینێت چونكە مەرج نیە هەموو هونەرمەند یان شاعیرێك خاوەن ئەزموونێكی ڕۆشنبیری وهونەری وبابەتی وفیكری قووڵ بێت,وەك ئەوەی نائەزموونی دەبێتە تێكشاندنی نامەكە ولەولاشەوە گەیاندنەكە وەك پێویست ڕۆڵ نابینێت بەنموونەی ئەوەی شاعیرێك ئەفسانە بەكاربهێنێت بەڵام ئاگاداری ژێرخان وباگراوندی ئەفسانە نەبێت.بەئاڕاستەیەكی تر خاوەن ئەزموونەكان لەلایەكەوە توانای داهێنانیان هەیە,لەلایەكی تریشەوە خودێتی خۆیان تێكەڵ بەمەسەلە هەستیارەكانی كۆمەڵگا دەكەن. عەلی لەتیف لەچایخانەكە دەیتوانی وەك هاوڕێكانی بەهێمنی دابنیشتایە وتۆزێكیش بەرەو پێكەنین,یان كێشەی بۆخۆی دروست نەكردایە وپەلكێشیش نەكرایە بۆ جنێودانی حاجی وسەرا بەڵام ئەوەی كەبەلایەوە گرنگ بوو دەرخستنی ڕاستی ناخەكان,بەڵكو تاقیكردنەوەیان بوو. تابلۆكە,لەكاتە ناسروشتییەكاندا, بووە تاقیگەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی كەسەكان,چونكە كەسێتی وشوناسی كەسەكان لەو جۆرەدۆخانەدا بەدەردەكەون كەهونەرمەند فرسەتی لێهناوە وبەرجەستەشی كردوون.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەهونەر بەشێوەكی گشتی لەئامڕازەوە پێدەنێتە ئامانج وەك ئەوەی ئەو هونەرە لەبنەڕەتدا كورتكراوەی ئەزموونی كۆمەڵگا بێت.بۆ نموونە تابلۆ بەناوبانگەكەی هونەرمەندی فەڕەنسی وجیهانی ئۆجین دیلاكروا(1798 -1863)بەنێوی "ئازادی سەرمەشقیگەلە"ئاماژەیەكی ڕاستەوخۆی شۆڕشی فەڕەنسییە.شاكارەكانی شكسپیر دەرئەنجامی دۆخە سۆسیۆڵۆژی وفیكرییەكانە.هەر ئەمەش وایكردووە كەگەورە شاعیر وڕەخنەگری جیهانی ت.س.ئیلیۆت بڵێت ئەركی ئەدیب وشاعیر ئەوەیە كەپابەند بێت بەچەمكی پەیوەستێتی ویاساكانی كۆمەڵگاوە چونكە ئەوان لەپێناو بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگادا بەرهەمەكانیان دەنووسن.لێرەدا ئێمە,بەهۆی سنوورداریوڕووبەری نووسینەكەمان, ناتوانین ئاماژە بەسەرجەم دیاردە نێگەتیڤەكانی كۆمەڵگا بدەین بەڵكو تەنها یەك نموونەی لێ دەهێنینەوە ئەویش خۆویستییە ( الانانیە).لەنێوان حەزی خودی وخۆویستیدا جیاوازی گەورە هەیە بەوەی لەیەكەمیاندا كردارەكە لەبازنەی كارێكی سروشتیدا دەسووڕێتەوە وهەموو كەس مافی ئەوەی هەیە شانازی بەخۆیەوە بكات.بەپێچەوانەوە ئەو كەسەی ڕێز لەخودی خۆی نەگرێت ئەوا كەسێتییەكەی دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی توانجە گەورەكانەوە.لەم ڕووەوە ئەو كەسانەی كەخودی خۆیان خۆش دەوێت ئەوا خاوەن توانایەكی داهَێنانی وكەسێكی شایستەن لەكۆمەڵگا وباوەڕی تەواویان بەخۆیان هەیە كەبتوانن بەسەر كێشەكاندا زاڵ بن.بەڵام خۆویستەكان,بەوپێیەی زیاتر هەڵقوڵاوی نەخۆشییە سایكۆڵۆژییەكانن,لەڕەفتار وهەڵسوكەوتدا كەسانێكن كە:
- واقیعی نین,بەڵكو بەهۆی هەڵچوونە سایكۆڵۆژییەكانەوە واقیع دووردەكەوێتەوە.لەگێڕانەوەكەی هونەرمەندا حاجی لەگەڵ بەرامبەریدا هەڵدەچێت وسوێندی گەورە دەخوات كەیاری لەگەڵدا نەكات,بەڵام دوای چەند چركەیەك دەست دەكاتەوە بەیاریكردن" كەخەریك بوو ئەیدۆڕاند,پوولەكانی فرێدا وسوێندێكی زۆر گەورەی خوارد كەیاری لەگەڵ ئەو پیاوە پیرە متقاعدەدا نەكات...لەپاش 10 خولەك ڕووی تێكرد ووتی: پیاوانە یاری بكە  ". هەندێكیش وای بۆ دەچن كەئەم جۆرە كەسانە لەجۆرە عەفەوییەكانن وناخیان زۆر بێگەردە وزوو هەڵدەچن وزووش دادەمركێنەوە,بەڵام جنێودانی قوورس وسكاڵاكردنی لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ولەولاشەوە دوای دوو ڕۆژ بەسەر ڕووداوەكە وگەڕانەوەی هونەرمەند بۆ چایخانەكە,هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن كەحاجی كردارە هەڵچووەكەی, بەرامبەر هونەرمەند,هێشتا دانەمركاوەتەوە.دیارە ئەنجامی یارییەكە وتابلۆی هونەرمەند كاریگەری تەواویان لەسەر ناخی حاجی جێ هێشتبوو,هەر ئەمەش وایكردووە كەبەئاسانی ئاڵای ئاشتبوونەوە هەڵنەكات,یان دانەمركێتەوە.
- دوور دەكەونەوە لە بەرپرسیارێتی مەسەلەكان وتەنها لەڕوانگەی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیانەوە دەڕواننە مەسەلەكان.واتە لەبری ئەوەی حاجی دەستخۆشی لەهونەرمەند بكات كەبێ بەرامبەر وێنەی كێشاوە بەڵام لەلایەكەوە بەجنێودان ولەلایەكی ترەوە بەگرتن پێشوازی لێدەكات كەئەمە دووركەوتنەوەیە لەبەرپرسیارێتی بابەتە هونەری  وێژدانی ودۆستایەتی ومرۆڤایەتییەكان.
- هەمیشە قایل نابن بە چەمكە ڕەخنەیی وبۆچوونییەكانی كەسانی بەرامبەر كەئەمە جۆرێكە لەخۆبەگەورەتر لەیاسای ڕەخنە.ئەركی هونەرمەند,لەڕێگەی تابلۆكەیەوە, گواستنەوەی ڕاستییەكان بوو.بەئاڕاستەیەكی تر,هیچ لادانێكی لەڕاستییەكان نەكرد,بەڵكو زۆریش حاجی خۆش دەویست وڕێزی تایبەتی لێ دەگرت چونكە حاجیش خۆی لەسییەكانی سەدەی ڕابردوودا كەسێكی هونەرمەند بووە و,لەیەكێك لەشانۆگەرییەكاندا ڕۆڵی جاسووسێكی پێ بەخشراوە.ئەمە جگە لەوەی هاندەرێكی سەرسەختی وەرزشیش بوو كەزۆربەی كات ئامادەیی لەیاریگادا هەبووە ویاریزانەكانیشی, بەنموونەی هونەرمەند عەلی لەتیف,وەك كوڕی خۆی سەیری دەكردن.لەگەڵ ئەمانەشدا,وەك لەگێڕانەوەكەدابەدەردەكەوێت,حاجی دژی وێنەكێشان نیە بەڵام ئەو تەنها وێنەیەكی دەوێت كەبگونجێت لەگەڵكەسێتی وبەرژەوەندییەكانیخۆیدا.ئەوەتا,لەسەر زاری خۆی, بەبەڕێوەبەر دەڵێت"پێم ناخۆش نییە شەریفانە ڕەسمی بكردمایە, بەڵام نەوەك ناشەریفانە ئەو هەموو جووتەی لەدەستمدا تۆپاندووە".لەڕووی سایكۆڵۆژیاوە مرۆڤەكان بەشێوەیەكی گشتی حەزیان بەپیاهەڵدانە,شایستە بن یان نا!تابلۆی گێڕانەوەكەی هونەرمەندیش لەجۆری ئێپمریشینیزمە  كەهەوڵدەدات وێنەی واقیع بگرێت وەك ئەوەی هاوێنەكانی چاو دەیبینێت وكارێگەر دەبێت بەو گرتەیەی كەپێویستێتی.بۆیە, ناكرێت حاجی بدۆڕێت  بەڵام هونەرمەند بەبراوە نیشانی یان هەژماری بكات.
-كراوە نین لەبەردەم گرفت وكێشەكاندا.حاجی, كەخاوەن ئەزموونێكی ژیانی بوو, دەبوو دۆڕاندنەكەی بەهەند وەربگرتایە,بەڵام لەبری ئەمە شێوازی توند وتیژی بەكارهێنا كە ئەمە مەسەلەكان,لەڕووی سۆسیۆڵۆژیاوە,ئاڵوزتر دەكات.
- دان نانێن بەمافەكانی بەرامبەر,بەڵكو هاوێنەی كامیراكانیان هەمیشە لەسەر خۆیانن.ئەوەتا كەسی بەرامبەری حاجی باشتر یاری كرد بەڵام حاجی لەبری ئەوەی ستایشی بكات كەچی توڕە بوو,بەڵكو نەچووە ژێر باری شكستی خۆی.هەر ئەم توڕە ودۆڕاندنە بووە هۆكارێكی سەرەكی هەڵچوونەكەی بەرامبەر بەهونەرمەند, كەبەمە دەوترێت هاوسەنگی بابەتی.واتە شكست وتوڕەییەكەی بەهونەرمەند ڕشت كەئەركی هونەرمەند كارنامەیەكی گەیاندنی وئاگاداریی وتێگەیشتنی بوو.
- لەبڕیارداندا خۆڕسكیانە وبەمەیلی تایبەتی خۆیان هەڵسوكەوت دەكەن وپشت بەبنەما سۆسیۆڵۆژی وفیكری وڕۆشنبیرییەكان نابەستن.گەر یاسای سۆسیۆڵۆژی لەبری مەیلە تایبەتییەكان كاری بكردایە ئەوا دەبوو حاجی وێنەكەی بگرتایەتە چوارچێوە ولەچایخانەكە بەڕێزەوە هەڵبواسرایە,یان دۆڕاندنەكەی بەهەند وەربگرتایە.بەڵام پێچەوانەكەی ڕاستر دەرچوو,لەلایەكەوە هونەرمەند ,لەلایەن حاجییەوە,كەوتە بەر هێرشی جنێودان.لەلایەكی تریشەوە بەرەو لێپرسینەوەی پۆلیس. ئەوەشی گرێگوێرەی مەسەلەكەی كردەوە,بەڵكو چارەسەر كرد,بەڕێوەبەری پۆلیس بوو كەزۆر ژیرانە هەڵسوكەوتی لەگەڵ دۆخەكەدا كرد وهێوری كردەوە.
لەهەموو ئەمانەدا دەگەین بەو ئەنجامەی كە هونەرمەند عەلی لەتیف, لەجەمسەرێكەوە وێنەی دیاردەیەكی سۆسیۆڵۆژی دەكێشێت كەپەیوەندی بەزۆرێك لەكۆمەڵگاوە هەیە وماوە وڕووبەرێكی زەمەنی داگیركردووە ,ئەویش دۆمینەیە .لەجەمسەرێكی تریشەوە توانیوێتی,لەنێو ئەو دیاردەیە, كەسێتی تاكی كورد نیشان بدات بەتایبەتی لەكاتی شكست ودۆڕاندا.بەمەش گەرچی تابلۆكە كارێكی هونەرییە وپارێزگاری لەخەسڵەتەكانی هونەر كردووە بەڵام لەهەمان كاتیشدا پەیوەندی ڕاستەوخۆشی بەبەشێك لەژیانی كۆمەڵگا وناخی كەسەكانیشەوە هەیە.
تێبینی: تابلۆی گێڕانەوەكە لەبەردەستدا نیە,بەڵكو ,هەر وەك دەردەكەوێت, لەزەمەنی ڕووداوەكەوە فەوتا بێت,چونكە كاتی خۆی بەهونەرمەندم گوت:ئایا تابلۆكە لەلات پارێزراوە.لەوەڵامدا گووتی:نەخێر.بەڵام بەپێی سروشتی گێڕانەوەكە خوێنەر, یان وەرگر دیدێكی خەیاڵی لادروست دەبێت.بۆ ڕاستی گێڕانەوەكەش,خودی خۆم,وەك برا بچووكی هونەرمەند,  لەكاتی ڕووداودا ئامادەی چایخانەكە بووم,بەڵكو سكێچ ووێنە ڕەنگاو ڕەنگەكەشم بەچاوی خۆم بینیوە.بەڵام ئاگاداری سكاڵا وگرتنەكە نەبووم,دواتر,لەزەمەنی ڕووداودا, هونەرمەند خۆی بۆی گێڕامەوە ڕووداوەكەش,ساڵی 1972 ڕوویدا.






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved