28/7/2021 11:16 PM

وەزارەتی رۆشنبیری: تۆماری جیهانی هەورامان لەلایەن یونسكۆوە هەمووانی دڵخۆشكرد

بەیاننامەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی تۆماری جیهانی هەورامان لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەكاندا.

لە چل و چوارەمین دانیشتنی كومیتەی میراتی جیهانی، ڕێكخراوی جیهانی یونسكۆ كە لە شاری فوجوی وڵاتی چین و بە ئامادەبوونی نوێنەری ١٣٩ وڵات بەڕێوەچوو، ناوچەی هەورامان وەكو ناوچەیەكی كەلتووری-مێژوویی لەئاستی جیهاندا تۆماركراو خرایە لیستی شوێنەوارەكانی جیهانەوە.

لەو بەشەی كە تایبەتە بە هەورامانەوە، رێكخراوی یونسكۆ دەڵێت: (ناوچە دوورەدەست و شاخاوییەكانی هەورامان لانكەو گەواهیدەری كلتوری خەڵكی هەورامانن. هەورامییەكان وەك بەشێك لە كورد لە 3000 ساڵ پێش زایینەوە لەو ناوچەیە دەژین، كاری باخداری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەكەن. لەناو دڵێ چیاكانی زاگرۆس، لە پارێزگاكانی سنەو كرماشان بە درێژایی سنوورەكانی رۆژئاوای ئێران، لە دوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە: لە ناوەراست و رۆژهەڵاتەوە ژاوەرۆو تەخت (لە پارێزگای سنە). لە رۆژئاواشەوە لهۆن (لە پارێزگای كرماشان).

شێوازی ژیانی خەڵكی هەورامان بە شێوەیەكە خۆیان لەگەڵ سروشت و سەختی ناوچەكە گونجاندووە. بیناسازی و دروستكردنی خانوو لە ناوچە لێژەكان، چاندنی دارو درەخت لەسەر بەردو ناوچە شاخاوییەكان، شێوازی بەخێوكردنی ئاژەڵ و كۆچی كورت ماوەی وەزری، لە دیارترین جیاكەرەوەكانی ژیان و كلتوریی هەوارمییەكانە، كە ساڵانە بەگوێرەی وەرزەكان لە بەرزایی و پێدەشتەكاندا ژیان دەكەن (زستانان لەناو گوندو هاوینان لەناو باخ). 

بە بەردەوامی لە ناوچەكەیان ماونەتەوەو ژیانیان كردووە، كە بە چەندین خەسڵەتی جیاكەرەوەی ژینگەی و تایبەتی ناسراوە، ئەم خەسڵەتانەش لە هەڵكۆڵراوی سەر بەرد، ئەشكەوت، پەناگە، چیاكان، پاشماوەی شوێنە كاتی و هەمیشەییەكانی نیشتەجێبوون، شوێنكار، گۆڕستان، رێگا، گوند، قەڵاو زۆر شتی دیكەدا نەخشێنراوەو دەردەكەون. 

ئەو 12 گوندەی لە پرۆژەكەدان، گەواهیدەرو سەلمێنەری ئەوەن، خەڵكی هەورامان سەرەرای نەبوونی خاكی بەپیت لە ناوچە شاخاوییەكانیان توانیویانە وەڵامێكی باشی سروشت بدەنەوەو خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن.

ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە، كە ئەم ناوچەیە لەدێر زەمانەوە شوێنی ژیان و ژیار بووەو رەهەندێكی گرنگی شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە خۆیدا هەڵگرتووەو حەشارداوە.

ئەم دەسكەوتە ئەوەمان پێدەڵێت كە كەلتووری دەوڵەمەندی ئەم سەرزەمینە شانازییە بۆ هەموو ئەوانەی كە خۆیان بە بەشێك لە گەلەكەمان دەزانن، تۆماری جیهانی هەورامان لەلایەن یونسكۆوە هەمووان دڵخۆش دەكات، بۆیە دەبێت پارێزگاری لە كلتوورو شێوەزاری ئەم ناوچە رەسەنە بكەین وەك سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی گەلەكەمان. 

یونسكۆ لە 1965ەوە كۆمیتەی شوێنەوارە جیهانییەكانی دامەزراندو لەوكاتەوە ساڵانە لیستی ناوچە پارێزراوەكان وەك سامانی جیهانی زیاتر دەكات.

بەناوی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و نەتەوەكەمان و تەواوی خەڵكی هەورامان دەكەین و دەستخۆشی لەو بەڕێزانەش دەكەین لە خۆبوردووانە ساڵانێكە لەهەوڵدان بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم كارەو دەستخۆشی لە یونسكۆش دەكەین و هەوڵەكانیان مایەی دەستخۆشییە.

خاك - وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved