کەسم نەدی خۆی بدات بە دەست ترسەوە. روانگە و پاڵنەر فێردیناند مارکوس لە ساڵی ١٩٦٥ـدا، بوو بە دەهەمین سەرۆکی فیلیپین. ئەگەرچی ئەو لە ماوەی دوو خولی سەرۆکایەتیدا چەندین پلانی ئاوەدانکردنەوەی جێبەجێ کرد و بنەمای سەربازیی فیلیپینی بەهێز کرد، بەڵام بە کەڵکوەرگرتنی نابەجێ لە دەسەڵاتەکەی، دەستی کرد بە جێگیر کردن و بەربڵاوکردنەوەی سیستمێکی سیاسیی دیکتاتۆری کە بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی بریتین لە: داگەڕان بەرەو ئایینێکی تایبەت، سەرکوتی ناڕەزایی مەدەنیی خوێندکاران، دۆسیەنانەوە بۆ تەقینەوەیەکی پلانبۆداڕێژراو لە لایەن دەست و پێوەندەکانی حکومەت و تۆمەت خستنە پاڵ ئۆپۆزیسیۆن و پاشان و جێگیرکردنی حکومەتی سەربازی لە ساڵی ١٩٧٢ و دەستبەسەرکردن و زیندان کردنی رێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن. لە ماوەی حوکمڕانی ئەودا، کۆمەڵێک خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە لایەن رێبەری ئۆپۆزیسیۆن، «بێنینۆ ئاکوینۆ»، کە خەڵک زیاتر بە ناوی رەشۆکیانەی «نینەوی» دەیانناسی، رووبەڕووی مارکوس بووەوە و حکومەتەکەی ئەوی خستە ژێر پرسیارەوە. لە ساڵی ١٩٧١ـدا، دەست و پێوەندەکانی حکومەت، بە کەڵک وەرگرتن لە خۆپیشاندانەکانی حزبی ئۆپۆزیسیۆنی لیبڕاڵی فیلیپین، تەقینەوەیەکەیان لە گۆڕەپانی "میراندئا" ئەنجام دا و بەرپرسایەتییەکەیان خستە ئەستۆی ئاکوینۆ. پاش ئەم رووداوە، بەرپرسە ئەمنییەکان، ئەم تەقینەوەیەیان بە دەسپێکی جووڵانەوەی کۆمۆنیستی لەم وڵاتە لە قەڵەم دا و ئەو هەلە بۆ مارکوس دەڕەخسێنن کە لە رێکەوتی ٢١ـی سیپتامبەری ١٩٧٢ـدا، حکومەتی سەربازی رابگەیەنێت. دوو رۆژ لەدوای راگەیاندنی حکومەتی سەربازی لەلایەن مارکوسەوە، رێبەری ئۆپۆزیسیۆن، بە تاوانی کوشتن، هەڵگرتنی نائاسایی چەک، بەشداری کردن لە تەقینەوەکەی گۆڕەپانی میراندئا و هەوڵدان بۆ رووخاندنی سیستم، دەستبەسەر کرا. پاش سێ ساڵ زیندانی بێدادگاییکردن، ئاکوینۆ لە مانگی ئاڤریلی ١٩٧٥ لەدژی ئەم نادادپەروەرییە، دەستی کرد بە مانگرتن لە خواردن و لە ماوەی چل رۆژدا نزیکەی ٢٠ کیلۆگرام لە کێشی خۆی لەدەست دا. لە ٢٥ـی نۆڤەمبەری ١٩٧٧ـدا، دادگایەکی سەربازی، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی پشتڕاست کردەوە کە خرابووە پاڵ ئاکوینۆ و سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕیەوە. بەم حاڵەوە، لەسێدارە نەدرا و ئاکوینۆ هەشت ساڵی دیکەی تەمەنی لە زینداندا تێپەڕ کرد. لە ساڵی ١٩٨٠ و پاش دوو جار جەڵتەی دڵ، ئاکوینۆ لەگەڵ بنەماڵەکەی ئیزنی ئەوەیان پێدرا کە فیلیپین جێبهێڵن و بڕۆن بەرەو ئەمریکا و لەوێ بچێتە ژێر چاوەدێریی پزیشکی و عەمەلیاتی دڵی بۆ ئەنجام بدرێت. لە ماوەی سێ ساڵ مانەوەی لەم وڵاتە، ئاکوینۆ دوو کتێبی نووسی و لە وتاربێژیەکانیدا، سیستمە سیاسییەکەی مارکوسی لەقاو دەدا. پاش ئاگاداربوونەوە لەوەی کە نەخۆشییەکی سەخت ئێخەی مارکوسی گرتووە، بە مەبەستی دووبارە زیندووکردنەوەی بزووتنەوەی بەرگری لە فیلیپین، ئاکوینۆ لە ساڵی ١٩٨٣ـدا گەڕایەوە بۆ زێدەکەی خۆی. بەڵام بەر لە چوونە دەر لە فڕۆکەکە و ئەو کاتەی بڕیار بوو پاش چەندین ساڵ دوورخستنەوە جارێکی دیکە بە خاکی وڵاتەکەیدا هەنگاو بنێتەوە، لەلایەن دەست و پێوەندەکانی حکومەتەوە دەستڕێژی کرایە سەر و کوژرا؛ کردەوەیەک کە کەمترین دەسکەوتەکەی وەبەرهێناوەی رۆح بە بەری بزووتنەوەی دیموکراسی لە فیلیپین بوو. هەر ئەو جۆرەی هاوسەرەکەی، کۆری ئاکوینۆ، دەڵێ: «دەنگی کەڕکەری ئەو تەقەیە، خەڵکی لە خەو هەستاند». زیاتر لە دوو ملوێن کەس لە خەڵکی فیلیپین لە مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی ئاکوینۆدا بەشداریان کرد و ئەوەیان خستەوە یادی مارکوس و سیستمەکەی کە دەنگی ئازادیخوازانەی رێبەرەکەیان تەنانەت لە گۆڕیشدا، وڵات دەلەڕێنێتەوە و بەردەوام دەبێت. ئامانج و مەبەستەکان بێڕێزی ئەم کردەوە جەنایەتکارانەیە و تووڕەیی خەڵک، بناغەکانی بزووتنەوەی گشتیی دیموکراسیخوازی لە فیلیپین بەهێز کرد. لێکۆڵینەوەی بێدەسکەوتی وەفدێکی حکومەت لە دۆسیەی کوشتنی ئاکوینۆ و مانەوەی راستییەکان لە پشت پردەی شک و گومان، بڵێسەی ئاگری ناڕەزانییەکانی بەتینتر کرد. لە خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی خەڵک بە رێبەرایەتیی سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن، کۆری، لە مانیل، پایتەختی فیلیپین، ناڕازیان پێداگریان دەکرد لەسەر روونبوونەوەی دۆسیەی کوشتنی ئاکوینۆ. بۆ هاودەنگکردنی زیاتری خەڵک لە چوارچێوەی بزووتنەوەی دیموکراسیخوازیدا، کۆری ئاکوینۆۆ پێویستی بە ئامرازێکی میدیایی هەبوو، ئامرازێک کە لە چوارچێوەی رادیۆ Veritas کە رادیۆیەکی بیست و چوار کاتژمێری بوو و لەلایەن کڵێسای کاتۆلیکەوە بەڕێوە دەچوو، خرایە بەر دەستی. ئەم رادیۆیە بە سەرەکیترین ئامزاری میدیایی بزووتنەوەی دیموکراسیخوازی دەهاتە ئەژمار. لە دۆخێکدا کە سەرجەم میدیاکانی دیکەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە لایەن بەرپرسانی حکومییەوە داخرابوون، کۆری ئاکوینۆ بە بەکارهێنانی رادیۆ Veritas و بە هاوکاری کادیرەکانی خۆی دەستی کرد بە ئاگادارکردنەوەی خەڵک و لە لایەکەوە نوێترین هەواڵەکان سەبارەت بە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی فیلیپینی دەخستە بەر دەستیان و لە لایەکی دیکەوە ئەوانی بۆ ئەنجامدانی ناڕەزایی مەدەنی ناتوندوتیژانە هان دەدا. پاش ئەوەی سیناتۆری دژبەری حکومەت، نینەوی ئاکوینۆ، کوژرا، مارکوس رێگری لە میدیاکان کردبوو هەواڵی ئەوەی کە ئاکوینۆ لە لایەن دەست و پێوەندەکانی حکومەتەوە کوژراوە، بڵاو بکەنەوە و لەم کاتەشدا تەنها رادیۆ Veritas بوو کە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەم چەشنە، خەڵکی هاندا بۆ ئەوەی بەشدارییەکی بەرچاویان هەبێ لە مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی ئاکوینۆدا. بەپێی گوتەی سەرۆکی زانکۆی فیلیپین، فرانسیسکۆ نێمێنزۆ، «بە بێ رادیۆ Veritas، کۆکردنەوەی دوو ملیۆن کەس لە ماوەی دوو کاتژمێردا، بێگومان کارێکی ئەستەم بوو». لە حاڵێکدا کە رق و تووڕەیی بەرامبەر بە رژێمەکەی مارکوس لە لوتکەدا بوو، ئەو بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی شانۆیی هەوڵی دا بیسەلمێنێت کە ئێستاش لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا پشتگیری لێدەکرێت. لە لایەن بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە، کۆری ئاکوینۆ بە نوێنەرایەتی خەڵک و سەرەڕای داخوازی خۆی سەبارەت بە خۆبواردن لە گۆڕەپانی سیاسەت و پاش گۆڕینی هەڵوێستە پێشووەکانی خۆی، لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری کرد. دەرئەنجامی وەها هەڵبژاردنێک لەپێشدا دیار بوو و مارکوس بە فێڵبازییەکی گەورە لە بژاردنی دەنگەکانی خەڵکدا، بوو بە سەرکەوتووی گۆڕەپانی هەڵبژاردن. دوابەدوای ئەم هەڵبژاردنە پلانبۆداڕێژراوە بوو کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش دەستیان کردەوە بە چالاکی و ئاستی خواستەکانی خۆیان بەرز کردەوە و بزووتنەوەی بەرگریی خەڵک بەبێ توندوتیژی لە ئاستی جۆراوجۆردا رێکخرا. لەم چوارچێوەیەدا و بۆ نموونە، نەک خۆپیشاندانی گەورەی بەردەوامی خەڵکی لە گۆڕەپانی سەرەکیی شاری مانیل، پایتەختی مانیل، بەڕێوە دەچوو، بەڵکوو خەڵکی ناڕازیی سەرمایەکانی خۆیان لەو کۆمپانیانەی سەر بە مارکوس بوون هێنایە دەرەوە.
خاک _ سیامەند موهتەدی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure