ئەم بابەتە بەشی یەکەمی وتارێکە کە بە شێوەیەکی گشتی و سادە کۆمەڵگای مدەنی پێناسە کردووە؛ لە رۆژانی داهاتوودا بەشەکانی دیکەشی ئاراستەی خوێنەرانی هێژای خاک تیڤی دەکرێت.
__________________________
رۆڵ و ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنی دابینکردنی ئەو پێداویستیانەیە کە دوڵەت و کەرتی تایبەت ئەنجامی نادەن. بەپێی تیۆرییە کلاسیکەکان سەبارەت بە کۆمەڵگای مەدەنی کە لە وەرزی یەکەمدا شرۆڤە کران، لەم وەرزەدا بە دیاریکراوی چەمک و پێناسەی کۆمەڵگای مەدەنی کە ئێستا لە جیهاندا بوونی هەیە و یان دەبێ پێک بێت شرۆڤە دەکرێت. لەم بوارەدا دوو خوێندنەوەی لێکدژ لە کۆمەڵگای مەدەنی لە دوو دۆخی جیاواز، واتە دیموکراسی و دیکتاتۆری، لێک جیا دەبنەوە. ئەم دوو کۆمەڵگای مەدەنییە بەپێی کارکردەکەیان لێک جیاوازن. لە بەشی کۆتایی ئەم وەرزەدا بابەتی رێکخراوە نادەوڵەتی یان NGOـکانیش دێتە بەر باس. NGOـکان هاوشێوەی کۆمەڵگای مەدەنی رێکخراوەیەکی نادەوڵەتین، بەڵام بەگشتی چالاکییەکانی پێوەندیان بە کاری خێرخوازی و خزمەتگوزاری و هەندێک جار خوێندنەوەوە هەیە. رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەەنی بەگشتی لە دەور و پشتی گروپە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان، بۆ نموونە سەندیکا و ناوەندە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و پسپۆڕییەکاندا پێک دێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرژەوەندیی ئەندامانی خۆی بکات. کۆمەڵگای مەدەنی کۆمەڵەیەکە لە سەدان و هەزاران رێکخراوەی جۆراوجۆر بە مەبەستی دروستکردنی پێوەندی مەدەنی و هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت بۆ پشتگیری لە مافی مەدەنی و شارۆمەندی. بۆ نموونە رێکخراوەکانی ژنان، کرێکاران، خوێندکاران، مامۆستایان و هتد. کۆمەڵگای مەدەنی دیاردەی سەردەمی مۆدێرنیزمە کۆمەڵگای مەدەنی دیاردەی سەردەمی مۆدێرنیزم و عەقڵخوازی (راسیۆنالیزم)ـە. بە بڵاوبوونەوەی بەرەبەرەی شارستانیەتی مۆدێرن بە سەرانسەری جیهاندا، تایبەتمەندییەکانی ئەم شارستانیەتە، بۆ نموونە کۆمەڵگای مەدەنی، بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتنی کۆمەڵگا هێدی هێدی گوازرایەوە بۆ کۆمەڵگاکانی دیکە. بەڵام لەو رووەوە کە کۆمەڵگای مەدەنی رۆڵی دەوڵەیە پاوانخواز، نەریتی و سەرەڕۆکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، نەک پێشوازی لێ نەکرا، بەڵکوو هەندێک لەمپەریش لەسەر رێێ پێکهاتنیدا سەریان هەڵدا. ئەو دەسەڵاتانەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ئاڵوگۆڕی مەدەنی، یاسایی، دیموکراتیک و گەشەی کۆمەڵگای مەدەنیان بە دوو بابەتی لێکدژ دەزانی، دەستیان کرد بە بەرەنگاری. زیاد لە خۆڕاگری و دژایەتی ناوەندەکانی دەسەڵات، پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی لە بواری فەرهەنگی و باوەڕەکانی کۆمەڵگای نەریتیشەوە لەگەڵ بەستێنێکی گونجاو رووبەڕوو نەبووە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆ بەم جۆرە بووە؟ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە دەبێ بزانین کۆمەڵگای مەدەنی چییە و چ کارکردێکی لە کۆمەڵگادا هەیە. ئەم بابەتە لەم وەرزەدا شرۆڤە دەکرێت. کۆمەڵگای مەدەنی چییە؟ کۆمەڵگای مەدەنی بنکەیەکە بۆ پاراستنی مافی کەسەکان. لە کۆمەڵگا نیوەپێشکەوتووەکاندا، بە سەرنجدان بە لاوازییەکانی دیکەی شارستانیەتی مۆدێرن و گەشەی نزمی پیشەکان، لاوازیی چینی مامناوەندی شاری و خوێندەوار و هەروەها نەبوونی فەرهەنگی تۆلێرانس، دژایەتی لەگەڵ کۆمەڵگای چەنددەنگیی، و بە تایبەت پێکهاتەی چڕی دەوڵەتی، پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی ئەستەمتر دەبێت. دژواریی پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی لە کۆمەڵگا نیوەپێشکەوتووەکاندا تەنها ناگەڕێتەوە سەر جیاوازییەکان. لەمپەری سەر رێگای پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی لەم کۆمەڵگایانەدا زاڵێتیی دەوڵەتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکانە. گەشەی ئابووریی پیشەیی، کۆمەڵێک پێوەندیی یاسایی دەکاتە جێگرەوەی پێوەندییە نەریتیەکان. تاکێتی جێگای وابەستەیی عەشیرەیی و ئەتنیکی دەگرێتەوە و شارۆمەندیی لایەنی مادی بە خۆیەوە دەگرێت و لەم کەناڵەوە فەرهەنگی دیموکراسی واتە وەرگرتنی هەمووان لەلایەن هەمووان، یان فەرهەنگی تۆلێرانس، دێتە دی. کارکردی کۆمەڵگای مەدەنیش هەم یاریدەدەری پێکهاتنی ئەم دۆخەیە و هەم پارێزگاری لەم پێوەندیانە دەکات. بەڵام بەبێ گەشەی ئەم پێوەندییە بنەڕەتیانە، کۆمەڵگای مەدەنی ئەگەر پێک بێت، گرێدراوی دەسەڵات دەبێت. ئەگەرچی سروشتی کۆمەڵگای مەدەنی سیاسی نییە، بەڵام تا ئەو کاتەی دیموکراسی دادەمەزرێت، چالاکییەکانی تیکەڵ بە سیاسەت دەبێت. چونکە پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی لە کۆمەڵگا نیوەپێشکەوتووەکاندا چەلەنجێکە لەدژی پاوانخوازیی حکومەتێک کە بەهێز بوونی کۆمەڵگای مەدەنی بە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت.
خاک _سیامەند موهتەدی
ئەو بابەتە لە فارسییەوە وەرگیراوە
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure