سێ تایبەتمەندیی سەرەکیی لە کۆمەڵگای مەدەنیدا ریچارد نۆرتۆن سێ تایبەتمەندیی بەرچاو بۆ کۆمەڵگای مەدەنی لەبەرچاو دەگرێت: مەدەنیەتخوازت کۆبوونەوەخوازی شارۆمەندی
مەبەست لە مەدەنیەتخوازی پێکەوەژیان و سازگارییە لەگەڵ کەسانی دیکە؛ ئەویش لەسەر ئەم گریمانەیە کە کەسەکان و گروپەکان بە بیروڕای جیاوازەوە دەتوانن بە ئارامی لەگەڵ یەک لە کۆمەڵگادا بژین و بە قەبووڵ کردنی سیستمێکی نوێنەرایەتی لە حکومەتدا، ئازادانە بەشوێن ئامانجەکانی خۆیان بکەون. بەپێی ئەم پێناسەیە ئەو کەسانەی خوازیاری سڕینەوەی کەسانی دیکەن و لە چوارچێوەی رێسا دیاریکراوەکانی کۆمەڵگادا ئامادە نین هاوکاری بکەن، یان کەسانێک کە ئامانجیان رووخاندنی حکومەتە و شێوازەکەیان توندوتیژانەیە، ناتوانن بە ئاسانی لە لای یەک جێگیر بن. مەبەست لە کۆبوونەوەخوازی بەهەرەمەندبوون لە رۆحی هاوکاری لەگەڵ کەسانی دیکەیە. سەرچاوە و توێژینەوەگەلێکی زۆر پێوەندیی ئەرێنیی نێوان کۆبوونەوەخوازی و بەردەوامبوونی دیموکراسی پشتڕاست دەکەنەوە. بۆ نموونە ئالێکسی تۆکویل لە بەرهەمە بەنرخەکەی خۆی واتە «دیموکراسی لە ئەمریکا»ـدا لەسەر ئەم خاڵە زۆر جەخت دەکاتەوە. تۆکویل پێوەندیی پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئەمریکا و بەردەوامبوونی دیموکراسی لەم وڵاتەی لەگەڵ زێدەکەی خۆی واتە فەڕەنسا بەراورد دەکات. لە فەڕەنسا لەجیاتی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی گشتی، ململانێکان بۆ سەپاندنی جۆرێک لە پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان بەسەر جۆرەکانی دیکەدا بووە هۆی ئەوەی تیکهەڵچوونە کۆمەڵایەتییەکان نزیکەی هەشتا ساڵ درێژەی هەبێت. مەبەست لە تایبەتمەندیی سێهەم واتە شارۆمەندی ئەوەیە کەسەکان بتوانن لە ئارامیدا، بە ئاشکرا و ئازادانە بە دوور لە لەمپەر و بەرژەوەندیی سیاسی، حزبی و پیشەیی، بەرژەوەندییە هاوبەشە شارۆمەندییەکانی خۆیان رێک بخەن. نۆرتۆن هەروەها دەڵێ شارۆمەندی هۆکارێکی گرنگە لە ساحەی پێکهاتن و بەهێزبوونی کۆمەڵگای مەدەنیدا. ئەو بە ئاماژەدان بە رێسای گشت و پاژ دەنووسێ: بۆ ئەوەی حکومەت وەکوو گشتێک بوونی هەبێت دەبێ پاژە پێکهێنەرەکانی ئەم گشتە، واتە کەسەکان قەبووڵ بکات و مافەکانیان بەفەرمی بناسێت. لەبەرامبەردا، کەسەکانیش لەگەڵ هەست بە بەرپرسایەتی کردن، بۆ راگرتنی گشت، دەبنە پشتیوانی دەوڵەت و هەرێمەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ نموونە بنەماڵە، ئایین، راهێنان و پەروەردە، سیاسەت، فەرهەنگ، هونەر، ئابووری، ماف، میدیاکان و سەندیکا کرێکاری-پیشەییەکان. دوو جۆر کۆمەڵگای مەدەنی و رۆڵەکانیان جۆری یەکەم کۆمەڵگای مەدەنی بەرپرسی پەروەردەی مەدەنیەتی شارۆمەندانە لە کۆمەڵگادا و ئاسانکاری بۆ کاروباری دەوڵەت دەکات بۆ بەڕێوەبردنی وڵات. چونکە بەشێک لە رەفتاری خەڵک لەلایەن خۆیان و بە هۆی پێکهێنانی گروپە رێسامەندەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئەوە هاوشێوەی هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرایەتیی باڵەخانەیەکی هاوبەشە کە هەر کەس لە یەکەیەکی جیادا دەژیت؛ یان کڕین وفرۆشتنی کاڵاکان و مامەڵەی بچووک و گەورەی وەکوو ئۆتۆمبێل و خانوو، کە خەڵک بۆ ئەنجامدانی هەر چەشنە مامەڵەیەک پێویستیان بە دەستێوەردانی دەوڵەت نییە و لە ناو خۆیاندا و بەپێی یاسا و رێسا فەرهەنگییەکان دەسازێن. ئەرکی دەوڵەت لەم نێوەندەدا پارێزگاریی یاسایی لە مافی لایەنەکانە، لە ئەگەری روودانی هەر چەشنە سەرپێچییەک، نەک زیاتر. لەم چەشنەدا، کۆمەڵگای مەدەنی جەختێکی تایبەتە لەسەر دروستبوونی هەوڵسوکەوتی بەکۆمەڵ بە لەبەرچاوگرتنی رەهەندە مۆدێرنەکان لەنێوان شارۆمەنداندا. جۆری دووەم لە جۆری دووەمی کۆمەڵگای مەدەنیدا، زیاد لە پێکهاتنی رێکخراوە مەدەنییەکان لە چوارچێوەی کەرتی تایبەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گروپە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵێک نوێڵیش لە فۆرمی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەبێت کە مەبەستیان گوشار خستە سەر بنکە گشتی و دەوڵەتییەکانە بۆ چاکسازیی پێکهاتەیی و چاوەدێریی خەڵک لەسەر ئەوان.
خاک _ سیامەند موهتەدی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure