21/11/2021 05:12 PM

هەڵسەنگاندنە زەمەنییەكان

 

 

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم
لەدنیای سیاسەتدا تێبینی دوو چەمكی بیركردنەوەی جیاواز دەكرێت,تووڕەكردن وڕازیكردنی بەرامبەر بەشێوازی جیاواز.ئەمەش جۆرێكە لەتوندڕەویی ومیانڕۆیی.لێرەدا پرسیارەكە لەوەدایە كام لەم دوو چەمكە بەقازانجی تێكڕای خەڵكی دەشكێتەوە,یان لەچ كاتێكدا تێكڕای خەڵكی پێویستی بەو دوو چەمكە دژ بەیەكەیە!وەك لای هەمووان ئاشكرایە زۆرێك لەگەلانی جیهان,بەهۆی چەوسانەوەیان لەلایەن داگیركەران یان ستەمكارانەوە,پەنایان بۆ چەمكی یەكەم بردووە بەوپێیەی داگیركەران لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان ومانەوەیان لەسەر كورسی دەسەڵات هەمیشە لەهەوڵی سڕینەوەی شوناسی گەلانی چەوساوەلێكراودان.

ئەم سڕینەوەیە, لەڕووی پێكهاتە سۆسیۆڵۆژی وفیسیۆڵۆژی وفینیۆمینیۆڵۆژیاییەوە ,كارێكی ترسناكە.ئەمڕۆكە تیمە پڕۆفیشناڵەكان لەهەوڵی ڕزگاركردنی ئەو ئاژەڵانەدان كەخەریكە بەرەو فەوتان ولەناوچوون دەچن.دەرئەنجامی  ڕووبەڕوبونەوەكان لەنێوان داگیركەران وچەوساوەكان ,وەك كار وكاردانەوە, جۆریك لەتراژیدیا دەخوڵقێت.هەر لەبەر ئەمەشە گەلە چەوساوەكان پێویستە هوشیارانە مامەڵە لەگەڵ ستەمكاراندا بكەن وخۆیان لەهەڵە گەورە وقەبەكان بپارێزن.بەمانایەكی تر,گەر زەمەنەكان,لەبەردەم چەوساوەكاندا, گونجاو نەبوون وچەمكە هەڵچوونییەكان كردارەكان بەرن بەڕێوە,ئەوا ,لەزۆر حاڵەتدا,كارەساتی گەورەی لێدەكەوێتەوە كەئەمە لەبەرژەوەندی چەساوەكاندا نابێت.بۆ ئەم مەبەستە دوو نموونە دەهێنینەوە.یەكەمیان,هەڵوێستی شاعیری نیشتمان پەروەر (بێكەس)بەرامبەر (ئیدمۆن) ,حاكمی ئینگلیز لەناوچەكە.دوهەمیان,هەڵوێستی بیرمەند ی كورد (تۆفیق وەهبی بەگ).لەیەكەمیاندا,پێویستە ئەوە بگوترێت كە(بێكەس )لەهەل ومەرجێكی سۆسیۆڵۆژی وفیكری وسیاسی وڕۆشنبیریدا شیعری "بیست وحەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم"ی لەبەردەم(ئیدمۆنز) دا خوێندەوە.گەرچی هەندێك كەس پێیان وایە شیعرەكە لەجۆری كتوپڕی ,یان سەرپێی   (ارتجالی) بێت بەڵام لەپشت ئەم دەقەوە باكگراوندێكی زەمەنی, لەجۆری سیاسی وشۆڕشگێڕی بەدی دەكرێت یان بوونی هەیە بەتایبەتی شكستی شۆڕشەكەی مەلیك مەحمود كەهەر ئینگلیزەكەی (ئیدمۆنز ) بەرپرس سەرەكی شكستەكە بوو.ئەم شكستە جۆرە سۆزو هەستێكی هەڵچوونی لای تێكڕای خەڵكی دروست كردبوو بەشاعیرانیشەوە.ئامادەبوونی (ئیدمۆنز) لەئاهەنگی نەورۆزی 1946 هەلێكی گونجاو بوو لەبەردەم (بێكەس ) دا تابتواتنێت ئەوەی لەدڵیدایە وچەندین ساڵە كەڵەكەی كردووە وقەتیسماوە لەبیرو وهزری خۆیدا هەڵی ڕێژێت .ئەمە لەلایەكەوە  بۆ (بێكەس) ڕۆڵی دامركانە سایكۆڵۆژییەكان دەبینێت ,لەلایەكی تریشەوە نامەیەكیش بوو بۆ (ئیدمۆنز )كەئینگلیزەكان بەدرێژایی ماوەی حوكمیان لەكوردستان تەنها هەوڵی تێكشاندن وپەرت پەرتبوونیان بۆ كورد داوە.بەڵام ,هەروەك لەدەقەكەشدا هاتووە,نامەكە ئەوەش باس دەكات كەكوردەكان لەهەوڵەكانیان بەردەوامن وكۆڵ نادەن.ئەمە لەكاتێكدا جەنگی جیهانی دوهەم هیچ شتێكی لەمەسەلەی كورد نەگۆڕی گەرچی گۆڕانكاری گەورە ڕوویدا لەنەخشەی سیاسی وجوگرافی جیهان بەتایبەتی ئەوروپا وڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.لێرەدا (بێكەس ),لەم چركە ساتەدا,هوشیارە ودەزانێت كوردەكان,بەهۆی خراپ بەكارهێنانی سیاسەتی ئینگلیز ,بریندارن وپێویستیان بەشتێك هەیە كەبتوانێت باڵانسەكان ڕابگرێت ودرێژە بەمەسەلە وپرسیارە چارەنووس سازەكانی خۆیان بدەن.بۆ ئەم مەبەستەش تەنها چەكی (بێكەس) بریتی بوو لەووروژاندنی تاكی كورد ئەویش لەڕێگەی سۆزە هەڵچوونییەكانەوە نەك بەرنامەیەكی زانستی .بەمەش دەقەكەی بریتیە لەدەقێكی دەمارگیری وعەفەویی دژ بەداگیركەرانی ئینگلیز كە(ئیدمۆنز )نوێنەرایەتی دەكردن. بەپێی گریمانەكان,بێكەس لەناخدا ڕەنگە وا هەستی كردبێت كەناوەڕۆكی دەقەكەی سەركەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت وئینگلیزەكان پێداچوونەوە بەسیاسەتی خۆیاندا دەكەن بەتایبەتی لەمەسە ودۆزی كوردا,بەڵام لەڕاستیدا دۆخەكە لەخراپەوە بەرەو خراپتر ڕۆِشت وناوەڕۆكەكە ئەوەندەی كوردەكانی ووروژاند دوو هەندەی ئەوەش ئیدمۆنز وئینگلیزی توڕە كرد.بەمەش بێكەس لەنامەكەیدا ئەوەی كەدەیویست دەستی نەكەوت.بۆ دامركاندنەوەی گرژی دۆخەكە,تۆفیق وەهبی بەگ,بەوپێیەی لەگۆشەیەكەوە شارەزایەكی سەربازی بوو وباشیش دەیزانی شەڕكردن لەگەڵ هێزێكی گەورەی جیهانی, وەك ئینگلیز ,بەبێ فیكر وبیركردنەوە زانستییەكان كارەساتەوكردارێكی خۆكوژییە.لەگۆشەیەكی تریشەوە ڕووناكبیر وڕۆشنبیرێكی بەتوانا بوو  دەیزانی چۆن وبەچ بەشێوەیەكی زۆر دیبلۆماسی مامەڵە لەگەڵ نوێنەری ئینگلیز,ئیدمۆنز,دا دەكات ,ئەویش بەوەی داوای لێكرد بەهاوبەشی فەرهەنگێكی كوردی ئەنجام بدەن.فەرهەنگە هاوبەشەكە ئەنجام درا.لەو فەرهەنگەدا, جگە خزمەتێكی گەورە بەزمان وفەرهەنگی كوردی وڕزگاربوونی لەفەوتان,ئاماژەیەكیشە بۆ ئاركۆڵۆژیای كورد لەهەموو ڕوویەكەوە.لەفەرهەنگەكەدا شێوە زاری سلێمانی بەكارهاتووە كۆتاییەكەشی,وەك بابەتێكی پراكتیكی,بەچەند چیرۆك وحیكایەتێكی كوردی هاتۆتەوە.ئەمەش زیرەكی وتوانای تۆفیق وەهبی بەگ نیشان دەدات چونكە لەنزیكەوە دەیزانی سلێمانی مەڵبەندێكی فیكری وئەدەبی وڕۆشنبیری وفیكرییە وخودی ئیدمۆنزیش زۆر كاریگەرە بەم پێكهاتە ڕۆشنبیرییەی سلێمانیولەهەمان كاتیشدا باش دەیزانی كەلەپشت هەر كەرەستەیەكی فەرهەنگی وزمانی وئەدەبییەوە نەتەوەیەك بوونی هەیە كەدەشێت لەئایندەدا مافەكانی خۆی بەدەست بهێنێت.لەجەمسەرێكی تریشەوە,فەرهەنگەكە چوار كارنامەی سەرەكی ئەنجامدا:
یەكەمیان/ ڕاكێشانی (ئیدمۆنز ) وخاوبوونەوە وساردبوونەوەی لەهەڵچوونەكانی زەمەنی دەقەكەی بێكەس.لەبەرامبەردا باوەڕهێنانی (ئیدمۆنز) بەكلتوور وڕۆشنبیریەت وزمانی كوردی  كەئەمانە دەروازە وزەمینەیەكی لەبار بوو بۆ پێكهێنانی پێكهاتەیەكی سەربەخۆی كوردی لەئایندەدا. 
دوهەمیان/  دەرگای دایەڵۆگەكان لەنێوان كورد,كەتۆفیق وەهبی بەگ نوێنەرایەتی دەكردلەگەڵ ئینگلیز كەئیدمۆنز نوێنەرایەتی دەكرد,بەرەو كردنەوە ڕۆشت كەدەكرا ئایندەكەی كورد لەڕێگەی ئەم هەماهەنگییەوە ئەنجام بدرایە نەك شتی تر بەنموونەی شەڕ وكوشتن وڕووبەڕوبونەوە هەڵچونییەكان.واتە ئەم دایەڵۆگە بەكارێكی قایلكاری دامەزراندن هەژمار دەكرێت.
سێهەمیان/فراوانكردنی بازنەی ڕۆشنبیری كوردی.لەزەمەنی فەرهەنگەكەدا جۆرە دابڕانێك لەنێوان كورد ودەرەوەدا بوونی هەبوو ,هۆكارە گەیاندنییەكان بوونیان نەبوو.بۆ ئەمەشیان تۆفیق وەهبی بەگ زۆر زانستیانە مامەڵەی كرد وتوانی لەڕێگەی فەرهەنگەكەوە,وەك كەناڵێكی گەیاندن وڕاگەیاندن ,خۆی ونەتەوەكەی بەجیهان بناسێنێت بەتایبەتی ئینگلیزەكان چونكە فەرهەنگەكە,لەلایەكەوە بەشێوەی لاتینی نووسرا بوو.لەلایەكی تریشەوە بریتی بوو لەوەرگێڕانی زمانی كوردی بۆ ئینگلیزی.ئەم كردارە,بێگومان,هۆكارێكە بۆ خۆپێناساندن.ناساندن بەشێكە لەبوون,یان باوەڕهێنانە بەبوون.بەمەش تۆفیق وەهبی بەگ ئەدەبیات وزمان وڕۆشنبیریەتی كردۆتە بەرنامەی خۆناساندن نەك دەمارگیرییە توندڕەوییەكان كەبەدرێژایی زەمەنی ڕووبەڕوبونەوەكان هیچی بۆ كورد بەرهەم نەهێناوە.
چوارهەمیان/گۆڕینی ڕێنووس وئەلف وبێی عەرەبی بۆ لاتینی.زۆر دەمێكە ڕۆشنبیرانی كورد سەرقاڵی ئەم ڕێنووسی لاتینییە بوون بەڵام سەركەوتنی گەورەیان بەدەست نەهێناوە ئەویش بەهۆی كاریگەری زمانی عەرەبی لەڕێگەی قورئانەوە بەسەر زمانی كوردییەوە كەبۆ چەندین سەدە كەڵەكە بووە وئەم كاریگەرییە پێی ناوەتە قۆناغی دیاردە نەریتییەكانەوە كەوازهێنانی یان دووركەوتنەوەی كارێكی هەروا ئاسان نیە.لەگەڵ ئەمەشدا تۆفیق وەهبی بەگ وئیدمۆنز بوێرانە توانیان كاری گواستنەوەی ڕێنووسەكە ئەنجام بدەن وئەمڕۆكەش هەوڵێكی باش لەئارادایە كەبەهەمان ئاڕاستەی ئەو دوو  كارێكتەرە كارەكان ئەنجام بدرێت.بۆ ئەمەشیان كارەكە دەچێتە نێو پڕۆسەی بەئەنجامگەیاندنەوە چونكە پێشتر توركیایەكی مستەفا ئەتاتورك ئەنجامیان داوە وسەركەوتنیشیان بەدەستهێناوە.
لەهەموو ئەمانەی كەباسمان لێوەی كرد دەگەین بەو ئەنجامەی كە ئاستی بیركردنەوەی فیكر وسیاسەتی كورد لەزەمەنی دەقەكەی بێكەس دا كردارێكی پەسەند بوو بۆ تێكڕای تاكی كورد بەوپێیەی جۆری بیركردنەوەكان بریتی بوو لەهەڵوێستە سۆزدارییە هەڵچوونییەكان وتاڕادەیەكی یەكجار زۆر كار لەسەر بەرنامەكردنی فیكر نەكراوە لەڕووی فەلسەفە وڕێبازە زانستییەكانەوە.بەڵام ئەم هەڵوێستەیە قبوڵ نەبوو بۆ سیاسەتی ئینگلیز وئیدمۆنز چونكە ئەمان هەر لەسەرەتاوە ڕاهێنانیان لەسەر چەمكە فەلسەفی وبیركردنەوە قوڵەكانی فیكر وسیاسەت وتەنانەت ئەدەب كردبوو.بەئاڕاستەیەكی تر,ئەوان ترسیان هەبوو لەمامەڵە عەفەوییەكانكەئایندەیانی دەخستە ژێر مەترسییەوە. ڕەنگە هەر ئەم بۆشاییە بوبێت كەلەزەمەنی مەلیك مەحمودا جۆرە تێنەگەیشتنێك هەبووبێت لەنێوانیادا كەدواتر نەتوانرا مەملەكەتێكی سەربەخۆ دابمەزرێت كەڕەنگە ئینگلیزەكان لەناخدا وبەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان حەزیان كردبێت مەملەكەتەكە دابمەزرێت بەو مەرجەی خاوەن بڕیارەكان لەفۆڕمی عەفەوییەت دەرچن.واتە كورد لەزەمەنی مەلیكدا نەیدەزانی چۆن بەرژەوەندییەكانی خۆی بدۆزێتەوە ولەم ڕووەوە دایەڵۆگەكان,بەپێی سەرچاوەكان,شكستیان خوارد.بەمەش گەر لەزەمەنی بێكەس دا تێكڕای خەڵكی وسەركردەكان وەك تۆفیق وەهبی بەگ بیریان بكردایەتەوە ئەوا لەلایەكەوە كورد دەبووە خاوەن شوناسێكی جوگرافی سەربەخۆ  ,لەلایەكی تریشەوە كارەساتەكان,وەك ئەوەی كەهەیە, ڕوویان نەدەدا.لەگەڵ ئەمەشدا هەڵوێستەی بێكەس وتۆفیق وەهبی بەگ خۆی لەپڕۆژەیەكی نەتەوایەتیدا دەبینێتەوە بەڵام بەجیاوازی ئەتەكێت وشێوازەوە.خوێنەری نموونەیش هوشیارە لەوەی كام لەو دوو شێوازە جیاوازە دەتوانێت پارێزگاری لەكەسێتی وشوناسی كوردی دەكات !.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved