11
جگە لە پێوەندیی هاووڵاتیان لەگەڵ دەوڵەت، پێوەندیی هاووڵاتیان لەگەڵ یەکتریش بۆ پێکهاتنی دیموکراسی زۆر گرنگە. بنەمای پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی رێککەوتن و هاوپێوەندیی تاقمە کۆمەڵایەتییەکانە لەگەڵ یەکتر. چونکە هاووڵاتیان لە رێگەی رێککەوتنی نەتەوەییەوە، بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە یەکتر گرێ دەدەن. لەم بوارەدا پێویستە روانگەی کلاسیکی نەتەوەخوازی کە جۆرێک «ئەنجوومەنی پیاوانە»ـیە ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت. هاوپێوەندنیی نەتەوەیی لەسەر بنەمای بەربەرەکانی لەگەڵ بێگانە، کۆلۆنیالیزم، ئەمپریالیزم و شتی لەم چەشنە ناتوانێ بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگا لەسەر ئەساسی بەرژوەندییە نەتەوەییەکان و تێپەڕین لە بایەخە سیاسییەکانەوە بۆ بایەخە نوێیەکان، هەنگاو بنێت. بەپێچەوانەوە دەتوانێ بە ورووژاندنی هەستە نەتەوەییەکان ببێتە هۆی توندئاژۆیی ئەتنیکی، رەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی و بەم جۆرە سەرپۆش بخاتە سەر کێشە پێکهاتەییەکانی ناوخۆی کۆمەڵگا و رێگری لە پێشکەوتنی بکات. زۆرینەی وڵاتە کۆلۆنیکراوەکانی پێشوو لە سەردەمی بەربەرەکانی لەگەڵ کۆلۆنیالیستەکاندا خاوەنی هاوپێوەندیی نەتەوەیی بوون. بەڵام لەدوای دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی نەیانتوانی بۆ لەناوبردنی لەمپەرە پێکهاتەییەکان، بەرەو کۆمەڵگایەکی کراوە و دیموکراتیک هەنگاو بنێن. رێککەوتنی نەتەوەیی دەبێ لە سازانی نەتەوەیی جیا بکرێتەوە. سازانی نەتەوەیی لەوانەیە لە دۆخی قەیراناوی و بە شێوەی کاتی، بۆ نموونە لە کاتی شەڕ لەگەڵ بێگانەدا بەرهەم بێت، بەڵام مافی هاووڵاتیان بە سازانی نەتەوەیی دەستەبەر نابێت. بنەمای دیموکراسی نەک سازانی نەتەوەیی، بەڵکوو رێککەوتنی نەتەوەییە. سازانی نەتەوەیی جیاوازییەکان لەبەرچاو ناگرێت، بەڵام رێککەوتنی نەتەوەیی جیاوازییەکان بە فەرمی دەناسێت و قەبووڵیان دەکات.
خاک _ سیامەند موهتەدی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure