12
رێککەوتنی نەتەوەیی بە مانای فەرامۆش کردنی جیاوازیی و دژایەتییەکان نییە. سیاسەتی دروست لەم بوارەدا لەوانەیە سیاسەتی پۆست مۆدێرنیستیی «سیاسەتی شوناس» و «سیاسەتی جیاوازی» بێت؛ واتە بەشداریی شوناسە جیاوازە (ئەتنیکی، رەگەزی، چینایەتی...) لە شوناسێکی سیاسیی یەکەدا. بوونی جیاوازیی فەرهەنگی رێگری لە کۆدەنگی لەسەر حەزە هاوبەشەکان ناکات. یان بە واتایەکی دیکە دەکرێ بە دەوری حەزە هاوبەشەکانەوە بە زمانگەلی جیاواز قسە بکرێت. «سیاسەتی شوناس» لە هەوڵ دایە پێکهاتەیەکی فەرهەنگی و سیاسیی هاوبەش لە رێگەی خەباتێکی سیاسیی یەکە و بەرپرسایەتی هاوبەش لە هەمبەر یەکتریدا بێنێتە ئاراوە، بەبێ ئەوەی رێگری لە جیاوازییەکان بکات. سیاسەتی دروست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پێوەندیدار بە جیاوازییە ئەنتیکی، رەگەزی، ئایینی و شتی لەم چەشنە، ئاگامەندی بەنیسبەت جیاوازییەکان، بەفەرمی ناسینی ئەم جیاوازیانە و دۆزینەوەی شێوازەکانی رێککەوتنە، نەک هەوڵدان بۆ رەت کردنەوە یان لەناوبردنیان. لەوانەیە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی دیموکراسی لە رۆژئاوا دەربڕینی ئاشکرای ئەم جیاوازیانە و بەفەرمی ناسیانیان و رێگە خۆشکردن بۆ بەشداری خەڵک، بە تایبەت لە کەناڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە، بۆ چارەسەرکردنیان بێت. بەپێچەوانەوە لە حکومەتە نادیموکراتیکەکاندا بە سەرپۆشدانان لەسەر دژایەتی و جیاوازییەکان و رەت کردنەوەیان تا ئاستی لەناوبردنی فیزیکیی کەمینە جیاوازەکان روو دەدات. ئەم بابەتە لە بواری فەرهەنگیشەوە بووەتە شتێکی پاساوهەڵگر. فەرهەنگێک کە هەوڵ دەدات کەموکووڕییەکان داپۆشێت و دژایەتییەکانیش بە بەشێک لە کەموکووڕییەکانی خۆی دەزانێ، بەو قەناعەتە دەگات کە «کەموکووڕییەکان» لەناو ببات. بەم جۆرەیە کە لە حکومەتە دیکتاتۆرەکاندا، سەرکوتی کەمینەکان پشتیوانی گشتیی خەڵکیشی لەگەڵە. حکومەتە تۆتالیتێرەکان هەمووان وا لێدەکەن وەک ئەوانیان لێ بێت.
خاک _ سیامەند موهتەدی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure