18/12/2021 06:20 PM

هاووڵاتی‌بوون و پرسی ئەتنیکی و نەتەوەیی

26

ئامانجی ئەم بابەتە، شرۆڤەی پێوەندیی نێوان هاووڵاتی‌بوونە لەگەڵ شوناسی نەتەوەیی و ئەتنیک. هاووڵاتی‌بوون بەبێ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی و ئەتنیکی دەستبەر نابێت. چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی، بە مانای کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنە ئەتنیکییەکانە.
کۆمەڵگەکان لە گۆڕەپانی ململانەی دوو پێکهاتەی جیابوونەوە و یەکگرتندا جێگیرن. پێکهاتەی جیابوونەوە بریتییە لەو هۆکارگەلێکی وەکوو چینی کۆمەڵایەتی، رەگەز (ژن و پیاو)، پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، جیاوازیی ئایینی و ئیدئۆلۆژیک و لە کۆمەلگا فرەنەتەوەکاندا، جیاوازییە فەرهەنگییەکان. پێکهاتەی جیابوونەوە بە هۆی تاکخوازی و ئابووریی مۆدێرنەوە خەستتر دەبێتەوە.
پێکهاتەی هاوپێوەندی بریتییە لە سەرجەم ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانە کە زاڵ دەبێ بەسەر سەرجەم دژایەتییەکاندا. بناغەی دروستبوونی هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی، دیاردەی هاووڵاتی‌بوونە. ئەمنیەتی نەتەوەیی، یەکێتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ پرەنسیپی هاووڵاتی‌بوون، واتە یاسامەندبوونی ماف و بەرپرسایەتیی کەسەکان، دەپارێزرێت. بە سەرنجدان بەم راستییە دووفاقییە، دەبێ بزانین لە دووفاقێتیی دوو پێکهاتەی جیابوونەوە و هاوپێوەندیدا، یەکێتیی نەتەوەیی و مافی کەسەکان چۆناوچۆن گەرەنتی دەکرێت. پێش‌مەرجی پێکهاتنی دیاردەی هاووڵاتی‌بوون، دەرکەوتنی دەوڵەت-نەتەوەیە، کە لە رواڵەتدا سەرجەم وڵاتان دەستەبەریان کردووە. بەڵام راستیی بەردەوامی شەڕە نەتەوەیی و ئەتنیکییەکان لەم هەندێک ناوچەی جیهاندا، گومان دەخاتە ئەم خوێندنەوەیەوە. کەوابوو دەکرێ بەو دەرئەنجامە بگەین کە چارەسەرکردنی کێشەی ئەتنیکی و دژایەتیی ئەو لەگەڵ شوناسی نەتەوەیی هێشتا کۆتایی نەهاتووە. لە بابەتەکانی دواییدا هۆکارە ئاشکرا و شاراوەکانی ئەم ناخۆشییە، کە جگە لەوەی بەشێک لە وزەی کۆمەڵگا لەناو دەبات و پرۆسەی تێپەڕین بەرەو دیموکراسیش دوا دەخات، شرۆڤە دەکرێت.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved