24/1/2022 05:36 PM

پاراستنی مافی ژنان لە مالیزیا (بەشی سێهەم)

رێبەری
زینا ئەنوەر بەر لە دامەزراندنی خوشکانی موسوڵمان، گرووپێکی توێژینەوەیی بۆ لێکدانەوەی گرنگیی یاسادانان سەبارەت بە توندوتیژیی ماڵەوەیی و رۆڵی ئیسلام لە خۆبەدەستەوەدان و ملکەچیی ژنان لە مالیزیای پێک هێنابوو. ئەنوەر دەیزانی ئەو و هاوکارەکانی تەنها کەسانێک نین کە بڕوایان وا بوو ئیسلام دەتوانێ پشتگیری لە ئامانجە فیمینیستییەکان بکات: «هۆکاری ئەوەی من لەم بزووتنەوەیەدا بەشدار بووم ئەوەیە کە بەڕاستی تووڕە بووم لەو نادادپەروەرییەی بە ناوی خوداوە ئەنجام دەدرا. پرسی من بە هیچ شێوەیەک وازهێنان لە ئیسلام یان پشتگوێ خستنی ئیسلام نییە. من لام وایە پرسی سەرەکی بۆ من و هەموو ئەو کەسانەی لە سەرەتای دامەزرانی خوشکانی موسوڵماندا بەشداریمان بووە ئەوە بوو کە بۆچی ئیسلام بۆ پاساودانەوەی توندوتیژیی ماڵەوەیی، سەرکوت و هەڵاواردن، بەکار هاتووە.»
ئەنوەر بەهیوا بوو ئەو ژنانەی کە مەلا باوک‌سالارەکانیان بەتەنها شرۆڤەکاری ئیسلام نەدەزانی رێنوێنی بکات. خوشکانی موسوڵمان بە پڕ کردنەوەی ئەم بۆشاییە ئایدیالۆژیکە، توانیویانە ژنان بە لێکدانەوەی نوێ بە شێوەیەک فێر بکەن کە ئیسلام بە بەرگریکاری مافی ژنان بزانن.
بەپێی بۆچوونی ئەنوەر، «لەخۆگرتن، راوێژ و خۆنەویستی سەبارەت بە دەسەڵات، تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی یەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتین». ئەم توانستی هاوکاری و ئیلهام‌بەخشین و جووڵە بەخشین بە کەسانی دیکە، و هەروەها هەوڵدان بۆ پێوەندی گرتن بوو کە ئەو توانانییەی بە ئەنوەر دەبەخشی کە ئەنوەر ببێت بە دەنگی رێنوێنی‌کار بۆ فیمینیزمی ئیسلامیی پێشکەوتوو و لەناو کۆمەڵگای ئیسلامیدا دەسەڵاتی نێودەوڵەتی بە ژنان ببەخشێت.

کەشی مەدەنی
ژیانەوەی ئیسلامی لە مالیزیا لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای زاینی و پێکهێنانی یاساکان بەپێی شەریعەتی ئیسلام، ژنانی لەگەڵ کەمینە ئەتنیکی و ئایینییەکانی ئەو وڵاتە، بێ‌بەش و بێ‌هیوا کرد. توندوتیژیی ناوخۆیی هەمیشە وەکوو هێرشێکی تاوانبارانە ئەژمار کراوە بەڵام شەریعەتی ئیسلام ئەم رەفتارە نەشیاوە لەگەڵ هاوسەر و کردە جیاکارانەکانی دیکە لەدژی ژنانی، بەپێی یاسا پاساو دەداوە. بەپێی گوتەی رێکخراوەی یارمەتیی ژنان لە مالیزیا «توندوتیژیی ماڵەوەیی وەکوو پرسێکی بنەماڵەیی تایبەت باسی لێوە کراوە و پۆلیس و دادگاکان بەگشتی نەیانویستووە لەدژی هێرشبەران، کارێکی ئەوتۆ ئەنجام بدرێت چونکە خەڵک بەگشتی لەسەر ئەم باوەەن کە ئەم کارە بەپێی یاساکانی ئیسلام کارێکی مۆڵەت‌پێدراوە».
خوشکانی موسەڵمان و سەرجەم بزووتنەوەکانی ژنان، سەرەڕای رۆڵێکی ئایینی ئاشکرا کە حکومەت دەیگێڕا، توانیویانە بە شێوەیەکی دیموکراتیک، داوای مافی زیاتر لە حکومەت بکەن. ئەنوەر لەم بارەوە دەڵێ: «تەنانەت ئەگەر ئێمە مەلا نەین، وەکوو هاووڵاتیی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک دەتوانین قسە بکەین و ئەگەر ئایین وەکوو سەرچاوەیەک بۆ ماف یان سیاسەتی گشتی بەکار بهێندرێت، هەر هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە سەبارەت بە ئایین و ئەو یاسایانەی بەپێی ئەم ئایینیە پەسەند دەکرێن قسە بکات».
سەرسەخت‌ترین دژبەری خوشکانی موسوڵمان، حکومەت نییە بەڵکوو کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە کە بەهێزبوونی ژنان بە پێشێلبوونی مافەکانی خۆی دەزانێ. بەڵام لەو کاتەوەی یاسای توندوتیژیی ماڵەوەیی پەسەند کراوە، بەپێی بۆچوونی ک. شانموگا، پارێزەری خوشکانی موسوڵمان «دیوانی باڵا  بڕیارێکی مۆدێرنی پەسەند کردووە کە جەختێکی زیاتر لەسەر ئازادییە بنەماییەکان دەکات».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved