2/3/2022 10:00 AM

خوێندنی باڵا یه‌كه‌م گرانتی توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی باڵای توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ داهاتوییه‌كی نزیكدا یه‌كه‌م بانگهێشت بۆ پێشكه‌شكردنی پرۆپۆزه‌ڵ به ‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی گرانتی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ ساڵی 2022 ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

به ‌سه‌رپه‌رشتی د.ئارام محه‌مه‌د قادر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای توێژینه‌وه‌ی زانستی و ئاماده‌بوونی بریكاری وه‌زاره‌ت و ڕاوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی، یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ تاوتوێكردنی كاروباره‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و ڕاگه‌یاندنی یه‌كه‌مین گرانت له‌مساڵدا كۆبۆوه‌.

له ‌سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كه‌ هاوكات سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌، ڕایگه‌یاند: ده‌بێت هه‌میشه‌ ئه‌و ڕاستیه‌مان له‌پێش چاو بێت كه‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی وڵاته‌كه‌مانه‌، گه‌شه‌كردنی ئابوری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت پشت به ‌توێژینه‌وه‌ی زانستی ببه‌ستێت، بۆیه‌ ئێستا له‌ هه‌موو كات زیاتر سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌مان پێویستی به‌ ڕێنوێنی توێژه‌ره‌كانمانه‌، زانكۆكان و توێژه‌ره‌كانمان ده‌بێت هاوكار بن له‌  چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وپرسانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی نیشتیمانی پێویستیانن به‌ توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی هه‌یه‌.

له‌باره‌ی كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی، د.ئارام محمد قادر ڕایگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ چاودێریكردن و په‌یداكردنی فه‌ندو گرانتی تایبه‌ت به ‌توێژینه‌وه‌، وتیشی: ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌بێته‌ به‌رپرس له‌ دارشتنی ستراتیژی گه‌شه‌پێدانی توێژینه‌وه‌و هاندان و كاراكردنی چالاكی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌بواری پسپۆری جیا له‌به‌ر ڕۆشنایی پێداویستی زانستی، ته‌كنه‌لۆژی، ئابوری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: له‌ داهاتویه‌كی نزیكدا یه‌كه‌م بانگهێشت بۆ پێشكه‌شكردنی پرۆپۆزه‌ڵ به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی گرانتی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاده‌گه‌یه‌نین، كه‌ بڕێك پاره‌ وه‌ك یه‌كه‌مین گرانتی توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ ساڵی 2022 ته‌رخانده‌كرێت و له‌ چوارچێوه‌ی پێشبڕكێییه‌كی زانستی شه‌فافدا ده‌درێته‌ پرۆپۆزه‌لی ئه‌و تویژینه‌وانه‌ی كه‌ خزمه‌تی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ بریكاری وه‌زاره‌ت و ڕاوێژكارانی وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی، به‌ خستنه‌ڕووی تێبینی و سه‌رنجی به‌سوود بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌رك و كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی گفتوگۆكان به‌رده‌وامبوون.

جێی ئاماژه‌ بۆكردنه‌ ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كۆمیته‌یه‌كی زانستی ستراتیجی نیشتیمانییه‌ كارده‌كات بۆ هاندان و گه‌شه‌پێدان و كاراكردنی چالاكی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌بواری پسپۆڕی جیادا له‌به‌ر ڕۆشنایی پێداویستییه‌ زانستی و ته‌كنۆلۆجی و ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌دات بۆ به‌كارهێنانی به‌رهه‌مه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

خاك - وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved