ئیحسان نوری كوڕی عەلی قولی پاشا رابەری شۆڕشی نەتەوەیی ئاگری داخ لە 1893 لەگەڕەكی (ئالی گوڵی - عەلی قولی) شاری (بەدلیس) لەدایك بووە، پلەكانی خوێندنی سەرەتایی هەر لەم شارەدا تەواو كردووە، دواتر بۆ تەواوكردنی خوێندنی بەرزی سەربازی رووی كردۆتە شارەكانی (ئەرزنجانو ئەستەمبوڵ)ی ئەو كاتەو لە 1910 دوای خوێندنی سەربازی بۆ یەكەمجار لەریزەكانی سوپای عوسمانیدا بوو بەئەفسەرو بەشداری زۆربەی ئەو شەڕانەی كردووە كەسوپای عوسمانی لەوڵاتانی وەكو (ئەلبانیا)و وڵاتانی عەرەبیو ئەو شەڕانەی لەوڵاتی گورجستانو ئەوانەش كە دژ بەسوپای روس بەرپای كردوون، تەنانەت وەك ئەفسەرێك لەسوپای عوسمانی دا بۆ ماوەی (33) مانگ لە(یەمەن) ماوەتەوەو گەلێ كارو لێپرسراوی سەربازی پێ سپێردراوە، دوای ساڵی 1908 واتە ئەو كاتەی (كۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەقی) بەزۆری دەسەڵاتی توركیایان كەوتەوە دەستو رێگا خۆش بوو بۆ پێكهێنانو كردنەوەی گەلێك رێكخراو، (ئیحسان نوری پاشا)ش وەكو كەسایەتییەكی كورد لەو دەمەدا پەیوەندی كرد بە(كۆمەڵەی تەعالی كوردستان)ەوە كە هەر لەو كاتە بەدواوە دامەزرا لەو ماوەیەشەوە كەوڵاتانی هاوپەیمان لەرێكەوتننامەی (سێڤری 10ی ئابی1920)دا بەڵێنیان دابوو قەڵەمڕەوێكی كوردی سەربەخۆ بەپێی بەندەكانی (62 - 64) دابمەزرێت. ئەوە بوو دواتر خۆیان پەشیمان بوونەوە، ئەمەش وای لەئیحسان نوری پاشا كرد هەوڵی ئەوە بدات پەیوەندی بكات بەو شۆرشو راپەڕینە كوردیانەی كە ساڵانی دوای جەنگی یەكەم و دوای بەجێ نەهێنانی بەندەكانی سێڤر لەناوچەكانی كوردستاندا سەریان هەڵدا، كە دەسەڵاتدارانی توركیا تەنگیان بەو شۆڕشانە هەڵچنی ناچار بوو پەنا بباتە شامو لەوێوە بۆ كوردستانی عێراق، لێرەش ئەو دەمە كاروبار بەدەستی ئینگلیزەوە بوو نەیدەویست هاوكاری سوپای ئینگلیزبكات، بۆیە بەناچارییەوە پەنای بردۆتە بەر كوردستانی ئێران، بەڵام كاتێ شۆڕشی شێخ سەعید دەست پێ دەكاتەوە لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی تر دەچنەوە توركیا بەمەبەستی پەیوەندی پێوەكردنی. دوای دامركاندنەوەی ئەو شۆڕشەو لەسێدارەدانی شێخ سەعید، دووبارە دێنەوە كوردستانی عێراق و دواتر دەچێتە لای سمایل خانی سمكۆ، كە كۆمەڵەی (خۆیبۆن)ی كورد لەلوبنان دامەزرا بڕیاری شۆڕشی دا دژی توركیا، ئیحسان نوری پاشا جارێكی دی لەئێرانەوە دەگەڕێتەوە كوردستانی باكوور لەگەڵ چەند سوارەیەكی كورددا بەبڕیارێكی هەمە لایەنەی خۆیبوون رابەرایەتی شۆڕشی (ئاگری داخ) دەكات لەسەر ئەو چیا سەركەشە ئاڵای كوردستان هەڵدەكات، لەماوەی سێ ساڵی تەواودا ئەو شۆڕشە بەتەواوی گەشە دەكاتو گەلێ شوێن لەناوچەكانی كوردستاندا ئازاد دەكرێت، لەساڵی 1930 بەدواوە بەهاوكاری (یەكێتی سۆڤیەت) توركیا كۆتایی بەو شۆڕشە دێنێو ئیحسان نوری پاشاش پەنا دەباتەوە بەر ئێرانو بۆ ماوەی 46 ساڵ تا رۆژی كۆچكردنی 25ی مارتی 1976 بەئاوارەیی دەمێنێتەوەو لەگۆڕستانی (بەهەشتی زەهرا) بەخاكی دەسپێرن. سەرچاوە:تێكستی خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure