ئامادەكردنی : خەلیل عە بدولڵا مامۆستا جەمیل رۆژ بەیانی كەسایەتییەكی گەورەی روناكبیریی كوردستانەو لەبوارەكانی ئەدەبیو مێژووییو زمانەوانی خزمەتی زۆری بە كاروانی كەلتوری كردووە.محەمەد جەمیل مەلا ئەحمەدی گەورە كە بەجەمیل رۆژبەیانی ناسراوە رۆژی 21ی تەمموزی 1913 لەگوندی فرقانی سەر بەناوچەی قەرەحەسەنی شاری كەركوك لەدایك بووە.لەسەردەستی باوكیو چەند زانایەكی دیكەی ئاینی دەرسە ئاینیەكانی خوێندووەو بڕوانامەی زانستی لەو بوارەدا بەدەستهێناوە. مامۆستا رۆژبەیانی كەسێكی كوردپەوەر بووەو لەسەرەتای ژیانی لاوییەوە تێكەلاوی ژیانی سیاسی بووەو لەحزبەكانی هیواو پارتی دیموكراتی كوردستان خەباتی كردووەو لەشۆڕشی ئەیلولدا وەك پێشمەرگە بەشدار بووە. لەساڵانی 1964- 1979 لەئێران بووەو وەك نوسەرو وەرگێڕ لەبەشی كوردی رادیۆی تاران خزمەتی كردووە.ساڵی 1980 گەڕاوەتەوە بەغداو بووە بەئەندامی كارای كۆڕی زانیاری كوردو چەندین لێكۆڵینەوەی زانستی مێژووییو زمانەوانی لەگۆڤاری كۆڕدا بڵاو كردۆتەوە. مامۆستا جەمیل رۆژ بەیانی خزمەتێكی زۆری لەبوارەكانی نوسینو وەرگێڕاندا پێشكەش كردووەو بەحوكمی شارەزایی زۆری لەزمانەكانی فارسیو توركیو عەرەبی چەندین كتێبی ناوازەی وەرگێڕاوە لەوانە (شەرەفنامەی شەرەفخان، مێژووی سلێمانی ئەمین زەكی بەگ، یاداشتەكانی رەفیق حیلمی)و چەندانی دیكە. هێندە نوسینەكانی زانستیو كاریگەر بوون، رژێمی بەعس بەهەڕەشەی بۆ سەر خۆی ئەزانی، هەربۆیەش لەشەوی 26/27ی ئاداری ساڵی 2001 لەماڵەكەی خۆی لەشاری بەغدا لە تەمەنی 88 ساڵیداشەهیدیان كرد.درود بۆ رۆحی پاكی مامۆستا رۆژبەیانی زاناو روناكبیرو كوردپەروەر.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure