2/4/2016 11:49 AM

ئیبراهیم ئەمین باڵدار

مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار لەگەڕەكی سابونكەرانی شاری سلێمانی لەبنەماڵەیەكی ناودار‌و خەمخۆر لەدایك بووە، سەرەتا لەحوجرە خوێندنی دەست پێكردووە، هەردوو قۆناغی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە، پاشان بۆ تەواو كردنی خوێندن رووی كردۆتە شاری بەغداو ماوەی دوو ساڵ خانەی مامۆستایان (دار المعلمین الریفیە)ی خوێندووە، لەچەندین گوندو شاردا وانەی وتۆتەوە، هەر لەسەرەتای كاری مامۆستاییەوە بیری لەدانان‌و فراوانكردنی ئەلف‌و بێیەكی كوردیدا كردۆتەوە، 

لەناوەڕاستی چلەكانەوە گەڵاڵەی داڕشتنی ئەلف‌و بێی كوردی كردووە، تا سەرەتای پەنجەكان ئامادەیكردووە، لەلایەن هەردوو هونەرمەند (ترودی میتلمان‌و مامۆستا بەدیع باباجان) خۆشنووسی‌و وێنە رەنگاو رەنگەكانی كێشراوە.  دوای لەچاپدانی خراوەتە بەر دەستی نەوەی نوێ‌‌و ساڵ بەساڵ بەهێزتر لەدڵ‌و دەروونی منداڵانی كوردستاندا جێگەی خۆی كردۆتەوە، باشترین كتێبی قوتابخانە بووە كە مامۆستا‌و قوتابی هۆگری بوون، 

دیسان لەساڵی 1956 ئەلف‌و بێیەكی بۆ نەخوێندەوارە گەورەكان داناو لەقوتابخانەی ئێواراندا دەخوێندرا، مامۆستا ئیبراهیم برەوی بەخوێندنی باڵا داوە تا روویكردۆتە وڵاتی ئەمریكا‌و دكتۆرای هێناوە، كە گەڕاوەتەوە لەزانكۆكانی سلێمانی‌و سەڵاحەدین‌و بەغدا خزمەتی بەخوێندكاران كردووە، لەپاڵ وانە بێژیدا نامیلكەیەك بەزمانی عەرەبی سەبارەت بەفێركردن بڵاوكردەوە، هەر لەو پێناوەشدا چەندین وتاری پەروەردەیی پێشكەوتن خوازی بەهەردوو زمانی كوردی‌و عەرەبی لەگۆڤار‌و رۆژنامەكاندا

بڵاوكردۆتەوە، تا دوا هەناسەی تەمەنی لەگەڵ پێگەیاندنی نەوەكاندا ژینی بەسەر بردووە، ناوبراو لە 12-7-1998 لەشاری بەغدا كۆچی دوایی كردووە لەسەر راسپاردەی خۆی تەرمەكەی هێنرایەوە بۆ سلێمانی‌و لەگردی سەیوان بەخاك سپێردراوە.

 

سەرچاوە \تێكستی خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved