پرۆفیسۆر د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم: كاتێك سلێمانی له‌ساڵی 1784 بونیادنرا, باپیرانم له قه‌ڵاچوالانه‌وه هاتن بۆ ئه‌م شاره نوێیه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی شێخ موحه‌مه‌دی نۆدێ بوون, زۆربه‌یان خوێنده‌وارو نووسه‌رو زانا بوون. شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌ی باپیرم كه كوڕی شێخ موحه‌مه‌دی نۆدێیه, جگه سلێمانی, گڵه‌زه‌رده‌ی كرده جێگه‌ی كاره زانستی و نووسینه‌كانی. شێخ حوسه‌ینی قازیش كه ئه‌میش له‌لایه‌كه‌وه باپیرمه‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه كوڕه‌زازای شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌یه, یه‌كێكبووه له قازییه دادپه‌روه‌ره‌كانی سلێمانی و زانایه‌كی به‌توانای زه‌مه‌نی خۆی بوو. جگه‌له‌مه‌ش شاعیرێكی به‌تواناش بوو به‌ناوی "بیمار". ئه‌مانه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه بنه‌ماڵه‌كه‌مان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌خوێندنه‌وه‌و نووسینه‌وه خه‌ریكبوون. به‌ڵام باوكم (1895_1990) به‌هۆی خراپی دۆخ و زه‌مه‌ن و جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و شۆڕشی مه‌لیك مه‌حمود دژ به ئینگلیزه‌كان نه‌یتوانی درێژه به‌خوێندن بدات و له‌قۆناغێكی دیاریكراوی خوێندندا وه‌ستاوه. به‌ڵام له‌لایه‌كه‌وه بوو به‌جه‌نگاوه‌رێكی بزێوی شێخی نه‌مرو له‌شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان, 1919 به‌خه‌ستی بریندارده‌بێت. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ده‌ستی داوه‌ته بازرگانی و یه‌كێكبووه له عه‌لافه به‌ناوبانگه‌كانی شار. برا گه‌وره‌كانیشم كاكه غه‌ریب و مامۆستا عه‌لی له‌تیف كه دوو وه‌رزشكاری دێرینی شار بوون هه‌ر له منداڵیمه‌وه خولیای وه‌رزشیان تێدا دروستكردم. له‌گه‌ڵ خوێندندا وه‌رزشیم ده‌كردو گه‌یشتمه ئاستێكی زۆرباش. دوای ته‌واوكردنی خوێندن له سلێمانی رووم له به‌غدا كرد‌و بووم به خوێندكاری به‌شی زمانی عه‌ره‌بی له كۆلێژی ئه‌ده‌بیات, زانكۆی به‌غدا. ساڵی 1974 له‌گه‌ڵ براكانمدا رۆشتین بۆ شاخ. له‌ساڵی 1977 دا خوێندنم ته‌واوكردو دواتر به‌ره‌و سه‌ربازی. ته‌نها دوو مانگ سه‌ربازیم كرد‌و به بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌وسای عیراق له‌ئه‌ركی سه‌ربازی به‌خشرام, به‌وپێیه‌ی له‌گه‌ڕاوه‌كان بووم (العائدون). پاش ماوه‌یه‌ك وه‌ك یاریده‌ده‌ری توێژه‌ر له كۆلێژی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆی سلێمانی دامه‌زرام. بۆماوه‌ی دوو ساڵ له‌كارو خزمه‌ت، هه‌لی خوێندنم له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ره‌خساو له‌سه‌ره‌تای 1982 به‌ره‌و به‌ریتانیا رۆشتم. وه‌ك خوێندكارێكی ماسته‌ر له زانكۆی گلاسكۆ وه‌رگیرام. زۆری نه‌خایاند باڵیۆزخانه‌ی عیراق له به‌ریتانیا كه‌وتنه بیانو گوایه مامه‌ڵه‌كه‌م هه‌ڵه‌ی تێدایه‌و داوای ئه‌وه‌یان كرد كه بگه‌ڕێمه‌وه. یارمه‌تی مامۆستای سه‌رپه‌رشتیارو هاندانی خێزانه‌كه‌م دوو فاكته‌ری ئه‌كتیڤی سه‌ره‌كی بوون كه نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌و درێژه به‌خوێندن بده‌م. ئه‌مه جگه له هاندانی به‌شێك له هاوڕێكانم كه خوێندكاری دكتۆرا بوون له‌هه‌مان شار، به‌نموونه‌ی د.دارا جاف و د.كاوس عه‌زیزو د.حه‌مه نه‌جم جاف و د.رێزان حه‌مه ساڵح عه‌نبه‌رو د.گۆران تاڵه‌بانی. هه‌روه‌ها برای هه‌میشه زیندووم د.ته‌های غه‌فوری مه‌لا عه‌لی مه‌ڵكه‌ندی. له‌سه‌ردانێكیشما بۆ له‌نده‌ن بۆلای زانا‌و بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد مامۆستا تۆفیق وه‌هبی به‌گ ئه‌وه‌نده‌ی تر هێزی مانه‌وه‌و درێژه‌پێدانی خوێندنیان لا دروستكردم. به‌هه‌رحاڵ, به‌ڕۆژ خوێندن و به‌شه‌ویش كاركردن, چونكه به‌هۆی شه‌ڕی عیراق- ئێرانه‌وه هاتوچۆو په‌یوه‌ندی له‌نێوان به‌ریتانیاو عیراقدا نه‌مابوو. سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌م ئیشێكی بۆ دۆزیبومه‌وه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كرێی خوێندن و بژێوی ژیانی خۆمانی پێ دابینبكه‌ین. خوێندنه‌كه‌م له ماسته‌ره‌وه گۆڕی بۆ دكتۆرا. جارجاره‌ش پیاوانی رژێم ده‌هاتن بۆ زانكۆكه‌م به‌مه‌به‌ستی دیپۆرتكردنه‌وه‌م یان ترساندنم. خوێندن له ساڵی 1985 ته‌واوبوو, به‌ڵام له عیراق رژێم هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنیان له‌برایه‌كی گه‌وره‌م كرد‌و منیان ناچاركرد كه بگه‌ڕێمه‌وه بۆ عیراق كه پێشتر نیازی گه‌ڕانه‌وه‌م نه‌بوو. كه گه‌ڕامه‌وه بۆماوه‌ی چوار مانگ گیرامه‌وه به سه‌رباز. دواتر به‌خشرام و بووم به مامۆستا له كۆلێژی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین. له ساڵی 1990 به‌وپێه‌ی پله‌ی زانستیم پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر بوو وه‌ك سه‌رۆك به‌شی عه‌ره‌بی دانرام. له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌ركی وتنه‌وه‌ی به‌شێك له بابه‌ته‌كانی خوێندنی به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر له‌هه‌ردوو به‌شی زمانی عه‌ره‌بی و كوردیم گرته‌ئه‌ستۆ. ئه‌مه جگه له‌ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیارو گفتوگۆی چه‌ندین نامه‌ی ماسته‌رو دكتۆرا له‌هه‌ردوو به‌ش. بۆ ماوه‌یه‌كیش سه‌رۆكی لیژنه‌ی خوێندنی باڵا‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی كۆلێژ بووم. دیارترین سه‌رپه‌رشتیش نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌ی نوری مالیكی بوو كه سه‌رۆكی لیژنه‌ی گفتوگۆ سه‌رۆك كۆماری عیراق د.فوئاد مه‌عسوم بوو. له‌ساڵی 1992 و له‌ڕێگه‌و یارمه‌تی هه‌ردوو د.جه‌مال نه‌به‌زو د.حه‌سه‌نی حوسامی له‌گه‌ڵ د.مارف خه‌زنه‌دارو د.موحه‌مه‌د نوری عارف و د.كاوس عه‌زیز هه‌ستاین به كۆمه‌ككردنی زانكۆكانی كوردستان و یارمه‌تی خوێندكاره لێهاتووه هه‌ژاره‌كان له‌ڕووی داراییه‌وه. كاره‌كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆرجوان و رێك‌وپێك بۆماوه‌ی چوار ساڵ به‌ڕێوه‌چوو. له‌ساڵی 1994 له‌گه‌ڵ د.مارف خه‌زنه‌دارو د.كه‌مال خۆشناو و د.موحه‌مه‌د نوری عارف و د.كاوس عه‌زیز كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌كادیمیانی كوردستان‌مان دروستكرد‌و جه‌نابی كاك كۆسره‌ت كه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو, پشتگیرییه‌كی ته‌واوی لێكردین. هۆكاری دروستبونه‌كه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ شه‌ڕی ناوخۆ كه زانكۆ ته‌واو دابڕابوو له زانست و ئه‌كادیمیا. ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ش به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان دروستبوو. بیرۆكه‌كه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ د.كه‌مال خۆشناو. له شه‌ڕی ناوخۆشدا وه‌ك ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاشتی ده‌ستنیشانكرام. رێز‌و گوێمان زۆر لێ‌گیرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌قسه‌مان نه‌كراو رۆژێكیش له گه‌ڕانه‌وه‌مان له هاوینه‌هه‌واری سه‌ڵاحه‌دین بۆ هه‌ولێر له‌مردن رزگارمان بوو. له ساڵی 1995 جه‌نابی كاك كۆسره‌ت پێی باشبوو ببم به سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی. به‌ڵام داواكه‌یم ره‌تكرده‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌خۆم شیاوترم به‌دیده‌كرد. ئه‌وه‌بوو جه‌نابی د.جه‌لال شه‌فیق بوو به سه‌رۆكی زانكۆ. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا كرام به‌ڕاگری كۆلێژی زمان. له‌م پۆسته‌دا ماوه‌ی شه‌ش ساڵ مامه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا به‌شانازییه‌وه كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی زانستیم بۆ زانكۆ ده‌سته‌به‌ركرد وه‌ك كردنه‌وه‌ی خوێندنی باڵا بۆ كۆلێژه‌كه‌م و زانكۆ. لێره‌دا پێویسته باس له پشتگیری د.جه‌لال شه‌فیق بكرێت كه ئه‌وكات 1996 سه‌رۆكی زانكۆ بوو. له‌هه‌مانكاتیشدا گه‌ر یارمه‌تی و پشتگیری د.عیزه‌دین و د.عه‌بدولڕه‌حمانی حاجی مارف نه‌بونایه ئه‌وا كاره‌كه له كۆلێژه‌كه‌ی ئێمه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستنه‌ده‌هێنا, چونكه له‌لایه‌كه‌وه به‌هۆی گه‌مارۆی به‌غدا له‌سه‌ر كوردستان و له‌لایه‌كی تریشه‌وه شه‌ڕی ناوخۆ, په‌یوه‌ندییه‌كان زۆر ئاڵۆز ببوو. هه‌روه‌ها خۆشم به‌دامه‌زرێنه‌ری به‌شی وه‌رزش و دواتر كۆلێژی وه‌رزش ده‌زانم. له‌مه‌شیاندا د.جه‌لال شه‌فیق رۆڵێكی كاریگه‌ری بینی. له ساڵی 2000 پله‌ی زانستیم به‌رزكرایه‌وه بۆ پرۆفیسۆر. خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆری لێكۆڵینه‌وه‌م له‌بواری ره‌خنه‌ی نوێ و ئه‌ده‌بیاتی هاوچه‌رخ و ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری. هه‌روه‌ها خاوه‌نی سێ كتێبی ره‌خنه‌یی چاپكراوم و چه‌ند كتێبێكی تریش له‌ژێر چاپدایه. ئه‌مه جگه له‌نووسینی چه‌ندین وتاری رۆشنبیری و فیكری و ئه‌ده‌بی كه له گۆڤار‌و رۆژنامه عه‌ره‌بی و كوردییه‌كاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه. ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردنی زۆرێك له مامۆستایانی هه‌رسێ به‌شی عه‌ره‌بی و كوردی و ئینگلیزیم له‌ئه‌ستۆ گرتووه. له‌هه‌مانكاتیشدا وه‌ك سه‌رۆك لیژنه یان ئه‌ندام, گفتوگۆی چه‌ندین نامه‌ی ماسته‌رو دكتۆرام له زانكۆی سلێمانی و ده‌ره‌وه كردووه. له ساڵی 2010 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و تۆێژینه‌وه‌ی زانستی عیراقه‌وه وه‌ك پرۆفیسۆری یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی زانكۆی سلێمانی و زانكۆكانی كوردستان هه‌ڵًبژێردرام و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتی خودی وه‌زیرو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرام و خه‌ڵاتێكی شایسته‌شیان پێبه‌خشیم له‌گه‌ڵ ده‌ركردنی سوپاسنامه‌یه‌ك كه به‌داخه‌وه زانكۆی سلێمانی و وه‌زاره‌تی خۆێندنی باڵای هه‌رێم ته‌واو دووره‌په‌رێز وه‌ستان و سوپاسنامه‌كه‌یان پێنه‌به‌خشیم. ئێستاش ته‌نها سه‌رقاڵی وانه‌وتنه‌وه‌و نووسینی لێكۆڵینه‌وه‌و وتارم. له ساڵی 1981 خێزانم پێكهێناوه‌و خاوه‌نی دوو كوڕ‌و كچێكم. هیوادارم زانكۆ له‌ئاستێكی به‌رزدا ببینرێت و سوود له خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كان وه‌ربگرێت.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure