3/9/2016 04:13 PM

مەحوی

شاعیری گەورەی كورد ( مەحوی)، ناوی تەواوی مەلا محەمەدی كوڕی مەلا عوسمانی كوڕی مەلا ئەسعەدی ناوچەی (باڵخ) ی ناوچەی ماوەتە، لە نەوەی زانای ناودار ( شێخ رەش)ە، لەگەڵ سەرەتای دروستبوونی شاری سلێمانی لەلایەن بنەماڵەی سلێمان پاشای بابان هاتوونەتە شاری سلێمانی.
سەبارەت بە رۆژی لەدایك بوونی حەزرەتی مەحوی، محەمەد ئەمین زەكی بەگی مێژوونوسی گەورەی كورد ئاماژە بەوە دەكات كە لە ساڵی (1252) ی كۆچی بەرامبەر بە ساڵی (1836 بۆ 1837)  زایینی  دا لە دایك بووە، سەربارەت بەهەمان پرس ، مامۆستای گەورەی كورد عەلائەدین سەججادی وتوویەتی، مەحوی لە ساڵی(١٨٣٠) ی زایینی بەرامبەر (١٢٤٦) ی كۆچی دا لە دایك بووە.

مەحوی لوتكە  لەتەمەتی حەوت ساڵیدا خراوتە بەرخوێندن و ماوەیەكی زۆر لای باوكی خوێندوویەتی،  بۆ فێربوونی عیلم و مەعریفە سەردانی شاری سنە وسابڵاغی كردوە و لەخزمەت مەلا عەبدوڵای پیرەباب ماوەیەكی زۆر دەرسی ئایینی خوێندووە.
پاش ماوەیەكی زۆر مەحوی دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی و دەست دەكاتەوە بە خوێندنی مەلایەتی، دواتر دەچێتە شاری بەغدا و دەبێتە فەقێی زانای بەناوبانگی كورد موفتی زەهاوی و هەر لای ئەو ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.

مامۆستا عەلائەدین سەجاددی لەبارەی مەحوی دەڵێت لە ساڵی  1859 ی زاینی دا بووە بە مەلای مزگەوتی ئیمامی ئەعزەم لە بەغدا, بەڵام دوای سێ ساڵ و  لە ساڵی ١٨٦٢ دا بەغدای بەجێ ھێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بوە بە ئەندامی دادگا.
مەحوی بۆ ماوەی شەش ساڵ ئەندامی دادگای شاری سلێمانی دەبێت، بەڵام بەهۆی مردنی مەلا عوسمانی باوكی لەو ساڵەدا دەست لەكاری دادگا دەكێشێتەوە و دەست دەكات بە وانە وتنەوەی فەقێیان.
حەزرەتی مەحوی لەسەر رێچكەی مەلا عوسمانی باوكی بەردەوام دەبێت و دەبێت بە خەلیفەی شێخ بەهائەدینی شێخ عوسمانی تەوێڵە.
لە ساڵی 1883 دا مەحوی سەردانی ماڵی خودا دەكات  و لەوێشەوە دەچێتە ئەستەنبوڵ و چاوی دەكەوێت بە سوڵتانی ئەو كاتی عوسمانی، سوڵتان كە لەكەسایەتی مەحوی تێدەگات رێزێكی لە ئەندازە بەدەری دەگرێت و  فەرمان دەكات خانەقایەكی لە شاری سلێمانی بۆ بكەنەوەكە بەخانەقای مەحوی دەناسرێت و تا ئێستاش ئەو خانەقایە ماوە.
سوڵتان بەناوی خزمەتكردنی هەژارانەوە مووچەیەك بۆ مەحوی دەبڕێتەوە بۆ ئەوەی لە شاری سلێمانی خزمەتی زیاتری هەژاران و خانەقاكەی بكات، مەحوی تا كۆتایی ژیانی لەو خانەقایەدا خزمەتی بە هەژاران كردووە.
مێژوو نوسانی سەدەی پێشوو، باس لە كەسایەتی مەحوی شاعیر دەكەن و لە وەسفی قامەت و رووخسارییدا دەڵێن:
باڵابەرزێكی چاو گەورە بووە، رەنگی سور و سپی بووە، هەردەم رێژێكی درێژی هەبووە، شێوازی ئاخاوتنی لەسەرخۆ و نەرم و نیان بووە، بەبەردەوام كەوا و سەڵتەی پۆشیووە،سەرەتای ژیانی بەهرەی شیعری تەسەوفی تێدا بەدیكراوە، هاوكات ژینگەی پەروەردە و پێگەیاندنی هۆكارێك بووە بۆ چوونە ناو عیرفانیەت و تەسەوفەوە.

ساڵی 1906 كۆتا ساڵی ژیانی مەحوی شاعیر دەبێت و لە سەرەتای سەدەی پێشوو، كۆچی دوایی دەكات و هەر لەخانەقاكەی خۆیدا و لە ژوورێكدا دەنێژرێت.
شیعرەكانی مەحوی لوتكە، لە هەموو  سەردەمێكدا ماهیەت و هەیمەنەی خۆیان بەسەر شیعری تەسەوفەوە هەیە، هەروەها هونەرمەندانی كورد بۆ ئاوازەكانیان باشترین هۆنراوە، هۆنراوەكانی مەحوی دەكەنە هەوێنی گۆرانییەكانیان

ئامادەكردنی: بنار هیدایەت




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved