ئا: سۆزان عومەر زەبیحی (١٨٨١-١٩٤١) ، خەڵكی ناوچەی موكریانە. شێخ باباسمایلی بەرزەنجی ناسراو بە (زەبیحی)، كوڕی شێخ ئەحمەد، كوڕی شێخ سمایلی جاشێران بەناوبانگ بە شێخ سمایلی كڵاوقووچ، كوڕی شێخ محەمەدی ئۆتەمیش، كوڕی شێخ بابای لەگز، ساڵی ١٨٨١ لە گوندی غەوسابادیی مەهاباد لە دایك بووە. شێخ ئەحمەدی باوكی زەبیحی برای شێخ باباسەعیدی بەرزەنجی (١٨٥٩- ١٩١٥) یە، شێخ باباسەعیدی بەرزەنجی بە هۆی فتوای دژ بە توركانی عوسمانی، بە فەرمانی بابی عالی و بە دەستی ئەفسەری سوپای عوسمانی (عومەر ناجی بەگ) لە زستانی ساڵی ١٩١٥ لە گوندی كەرێزەی گڵی لە دار درا. زەبیحی خاوەنی دوو كوڕ و شەش كچ بوو، لە ساڵی ١٩٤١ لە تەمەنی شەست ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە لە گوندی جاشێرانی نزیك شنۆ نێژراوە. زەبیحی و كۆمەڵەی "ژێ- كاف" بەهاتنی هێزەكانی سۆڤییەت و بریتانیا بۆ ئێران دەوڵەتی ناوەندیی لاواز بوو و دوای هاتنەسەركاری محەممەد رەزای كوڕی رەزا شا، بەستێنیكی لەبارپێكهات بۆ بووژانەوەی حیزب و رێكخراوەكان. لەم هەلومەرجەدا ئەفسەرێكی باشووری كوردستان بەناوی "میرحاج ئەحمەد" بە نوێنەرایەتی لە لایەن حیزبی "هیوا" دەچێتە مەهاباد و پێوەندی دەگرێت بە "عەبدولرەحمان زەبیحی" و بەمشێوازە بە بەشداری نوێنەری حیزبی هیوا و بەدەستی كۆمەڵێك بژاردەی شاری مەهاباد بەنەهێنی "كۆمەڵەی ژێ كاف" وەك یەكەمین حیزبی سیاسی كوردی بە هەڵگرتنی دروشمی كوردستانی گەورە و بە ئامانجی رزگاری نەتەوەیی لە رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٩٤٢ لە رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزرا. بە بەستنی پەیمانی هاوكاری لەگەڵ كوردانی باشووری كوردستان لە داڵانپەڕ (سێ سنوور) و بەستنی یەكەمین كۆبوونەوەی گەورەی خۆی، كۆمەڵەی ژێ كاف دەست بە چالاكییەكانی دەكات. هۆنراوەكانی زەبیحی بە هەردوو زمانی كوردی و زمانی فارسی شیعری بەرزی لەدوا بەجێماوە كە تا ئێستا چاپ و بڵاو نەكراونەتەوە.شیعرەكانی زەبیحی بە هۆی پەیوەندی بنەماڵەیی بە تەریقەتەوە و پلەی شێخایەتی لە كوردستاندا، باری ئایینیان هەیە و دەكەونە خانەی غەزەلەكانی بەرزی عیرفانی. ئەوەی تا ئێستا لە شیعرەكانی زەبیحی بەدەست كەوتبێ هەر ئەوانەن كە لە تەكیە و خانەقاكاندا بە دەف لەلایەن دەنگخۆشانەوە گوتراون و بەهۆی وەرگرتنەوە لە زمانی ئەم و ئەو زۆر و كەم هەڵەیان تێكەوتووە. دەستنووسێكی دیوانی زبیحی تا ئێستا بەدی نەهاتووە. نموونەیەك لە هۆنراوەكانی ڕووی تۆ خورشیدە قوربان، یا نە ماهی ئەنوەرە عاشقی بێچارە بۆ وەسڵی تۆ هەر سەوداسەرە چاو لە ڕێگای دیتنی باڵای وەكو شمشادی تۆم گەر دەبینم قامەتت بۆ من هەمیشە مەحشەرە لەشكری زوڵفت لە بۆ قەتڵم هەمیشە حازرە وەرنە سەیری تیری موژگانی لە دڵدا نەشتەرە ڕووت گوڵ و نارنج و لیمۆ یا هەناری گوڵ بەدەم دانەیی یاقووتە خاڵت غەبغەبت وەك كەوسەرە پێم دەڵێن مەستە (زەبیحی) سەرخۆشە، نابێ خومار چۆن نەنۆشم جامی مەی؟ خۆی ساقی و هەم دڵبەرە
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure