31/5/2017 02:36 PM

حسێن حوزنی موكریانی


ئامادەكردنی : نەجات ڕوستی

حوزنی موكریانی ـ بەیەكەم مێژوونووسی كورد دادەنرێت لەسەدەی بیستەمدا، كە لەو پێناوەدا بۆماوەی (15) ساڵ‌ بەهەموو توانایەكیەوە هەوڵیداوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری مێژویی سەبارەت بەمێژوی گەلی كورد لەزمانەكانی عەرەبی‌و هیندی‌و توركی‌و فارسی‌و فەرەنسی‌و ڕووسیدا، لەبەرئەوەی خۆی شارەزاییەكی باشی لەم زمانانەدا هەبووە هەر لەم زمانانەشەوە گەلێك نووسراوی بەپێزی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.
ژیاننامە حسێن حوزنی موكریانی :ساڵی ١٨٩٠ كۆچی لەشاری مەهاباد (سابڵاغ) لەگەڕ‌ەكی حاجی حەسەنیان هاتووەتە دنیاوە. حوزنی موكریانی خوێندنی لەحوجرەی مزگەوتەكان‌و تەكیەكانەوە دەستپێكردووە. لەبەر لێهاتوویی بەوەوە نەوەستاوەو دەستیكردووە بەخوێندنەوەی‌ ئەو كتێبانەی كە بەزمانەكانی ترهەبوون لەو سەردەمەدا.
حسێن حوزنی سەرەتا لای باوكی‌و خاڵەكانی خوێندویەتی‌و لەتەمەنی (٢١) ساڵیدا ئاوارەبووەو چەندین وڵاتی دەرەوەی بینیوە وەك (ڕوسیا، ئەفغانستان، سوریا، لوبنان، میسر، حیجازو فەرەنسا). حسێن حوزنی هەموو كوردستان گەڕاوە. ساڵی ١٩١٥ لەشاری‌ حەلەبی‌ ڕۆژئاوای‌ كوردستان چاپخانەیەكی بچوكی‌ پێكەوە ناوە؛

 بۆ بڵاوكردنەوەی ئەدەب‌و مێژووی كوردی. شێخ عومەر وەجدی مامۆستای ڕەواقی ئەكراد لەئەزهەر بۆ مامۆستا گیو موكریانی نووسیوە، دەڵێت "لەمحەمەد عەلی عەونیم بیستووە كە وتوویەتی‌، چاپخانەی حوزنیم لەحەلەب دیوە كە ئەدەب‌و مێژووی كوردی پێ‌ چاپدەكرد، خەیاڵم بووە بچمە سوێرەك‌و سەر لەخزمان بدەم؛ بەڵام حوزنی ئەوەندەی كار تێكردم وازم لەسەفەر هێناو گەڕامەوە میسرو بڕیارمدا منیش چاو لەو پیاوە بكەم‌و خۆم بۆ خزمەتی مێژووی كورد تەرخانبكەم".

حسێن حوزنی موكریانی‌ ساڵی ١٩٢٥ هاتووەتە ڕواندزو چاپخانەی زاری كورمانجی دامەزراندووە. ساڵی ١٩٤٣ لەڕواندز دوورخراوەتەوەو تا كۆچی دوایی كردووە هەر لەبەغدا ژیاوە. نووسراوەكان حسێن حوزنی لەئیستانبوڵ‌‌و حەلەب بەنهێنی چەندین گۆڤاری دەركردووە، وەك (كوردستان، ئارارات، بۆتان، چیاكرمانج، دیاربەكر، سۆران) لەباشووری كوردستانیشدا ساڵی (١٩٢٦) گۆڤاری (زاری كورمانجی) لەڕواندز دەركردووە، لەساڵی (١٩٣٥)یش لەشاری‌ هەولێر گۆڤاری (ڕووناكی) دەركردووە. هەروەها لەساڵی (١٩٤٣) لەبەغداش سەرپەرشتی گۆڤاری (دەنگی گێتی تازە)ی كردووە. جگە لەمانە (٤٠ تا ٥٠) كتێب‌و یادگاری بەنرخی لەپاش بەجێماوە، حسێن حوزنی موكریانی‌ لەساڵی (١٩٢٦) چیرۆكی (خۆشی‌و ترشی)‌و (مەڕۆكەو بزنۆكە)ی چاپكردووە.

ئەم مێژوونووسە لەماوەی ٣٠ ساڵدا كە بۆ پێناوی‌ خزمەتی گەلی كوردی‌ تەرخانكردبوو، خاوەنی ١٧ كتێبی گەورەیە كە یانزە كتێبیان لەسەر مێژووی كوردە. كتێبەكانی لەسەر مێژووی كوردستان ـ مێرگەی دڵان ـ خونچەی بەهارستان ـ پێشكەوتن ـ ئاوڕێكی پاشەوە ـ میرانی سۆران ـ كوردستانی موكریان ـ ناودارانی كورد ـ بەكورتی هەڵكەوتی دێریكی ـ لاپەڕەیەك لەدێریكی كوردستانی موكری حسێن حوزنی زۆر كتێبی تریشی نووسیوە، بەڵام بڵاونەكراونەتەوە. هەروەها لەسەر گەلێك گۆڤارو ڕۆژنامە سەبارەت بەئەدەب‌و مێژووی كورد شتی نووسیوە.

گیو موكریانی زۆر حەزی لەبەخێوكردنی كرمی ئاوریشم‌و جواننوسیی كردووەو دەستێكی باشیشی لەهونەری هەڵكۆڵینی سەر بەردو تەختەو وێنەگرتن‌و مۆرهەڵكەندنیشدا هەبووە، لەساڵی ١٩٢٨یشدا كتێبێكی دەربارەی بەخێوكردنی كرمی ئاوریشم نووسیوە. كۆچكردن حسێن حوزنی موكریانی لەڕۆژی‌ ٢٠ی ئەیلولی ساڵی ١٩٤٧دا لەشاری بەغدا كۆچی‌ دوایی كردووەو تەرمەكەی گەڕێنراوەتەوە شاری‌ هەولێرو ئێستا گۆڕەكەی لەشاری هەولێری‌ پایتەختی‌ هەرێمی‌ كوردستانە، هاوكات ئەو ماڵەشی‌ كە كاتی‌ خۆی‌ چاپخانەكەی‌ تێدا دانابوو لەقەزای‌ ڕواندز، بڕیارە لەلایەن سەندیكای‌ ڕۆژنامەنووسانی‌ كوردستانەوە بكرێتە مۆزەخانەیەكی‌ بەنرخ.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved