1/7/2017 02:16 PM

حەسەن زیرەك


حەسەن زیرەك ناوی حەسەنی كوری عەبدوڵایە، لە ساڵی 1921 لە شاری بۆكان لەگەرەكی قەڵا بەرامبەر مزگەوتی جامیعە لەدایك بووە، سەرەتای ژیانی بە ناڕەحەتی دەستیپێكردووە، كەلە تەمەنێكی زۆر كەمی منداڵیدا دایكی دەمرێت، لەو ساتەوە ژیانی حەسەن زیرەك دەبێتە بەشێك لە تراژیدیا و ئاوارەیی شارەكانی دیكەی كوردستان.

حەسەن زیرەك لە تەمەنێكی كەمدا بەهرەی دەنگخۆشی لێ بەدیار دەكەوێت، دوا بەدوای تەمەنی هەرزەكاریشی ئەو دەنگەی لەزۆر شوێنی كوردستان بڵاودەبێتەوە بەجۆرێك كەسانێك كە رووخساری زیرەكیان نەبینوە عاشقی دەنگی دەبن.


حەسەن زیرەك لەتەمەنی (27) ساڵی لە شارۆچكەی پێنجوینەوە بەرەو شاری سلێمانی بەرێدەكەوێت، چەندین ئیش دەكات بۆ بژێوی ژیانی، بەڵام ئەو كارانە هیچ لە ژیانی حەسەن زیرەك ناگۆرێت، بۆیە بەرەو شاری كەركوك بەرێدەكەوێت و دواتر دەچێتە شاری بەغدا.

لەشاری بەغدا لە ئۆتێلی ( الشمال الكبیر) دەبێتە شاگرد، لەو ئوتێلە زۆرجار گۆرانی دەڵێت،بازی بەختی زیرەك لەو ئوتێلە بەرز هەڵدەفرێت كاتێك مام جەلال كە خوێندكاری زانكۆ دەبێت و لەهەمان ئوتێل دەبێت، سەرسام دەبێت بەدەنگی حەسەن زیرەك، بۆیە لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ رادیۆی بەغدا بەشی كوردی و لەوێ مانگی بە شەش دینار دایدەمەزرێنێت، جگە لەوەی زۆر هاوكاری دەبێت لەوەی كە بەردەوام بێت لەسەر هونەرەكەی.



حەسەن زیرەك بۆ ماوەیەكی زۆر لە شاری بەغدا دەمێنێتەوە و چەندین گۆرانی تۆمار دەكات و ئەوەش وا دەكات ناوبانگێكی زۆر پەیدا بكات، زۆرجاریش ئاهەنگی شەوانەی ئەو سەردەمەی ساز كردوە و چەندین گۆرانی و بەیتی نوێی چڕیوە.

حەسەن زیرەك لە ساڵی (1958) لە شاری بەغداوە دەگەرێتەوە بۆ كوردستانی ئێران، دەچێتە رادیۆی كوردی تاران و لەوێ دادەمەزرێت.

ئەو كاتژمێرە ی كە بەزمانی كوردی كە لە رادیۆی تاران پەخش دەكرا، هۆكار گەڵێك بوو بۆ حەسەن زیرەك چ لە رووی تۆماركردنی گۆرانییەكانی چ لە رووی پێشكەشكردنی بەرنامەی هونەری.

حەسەن زیرەك هەر لەساڵی (1958) لەگەڵ میدیای زەندی هاوسەرگیری دەكات، دوو كچیان دەبێت بەناوەكانی ساكار و ئارەزوو.


لەساڵی (1962) حەسەن زیرەك دەچێتە رادیۆی كرمانشان و بۆ ماوەیەكی زۆر لەوێ دەمێنێتەوە و هەر لەوێش بەدەیان گۆرانی تۆمار دەكات.
حەسەن زیرەك لە ژیانییدا زۆرجار گیراوە و ئەشكەنجە دراوە، هۆكاری ئەو گرتنانە تا ئێستاش بە ناروونی ماونەتەوە، بەڵام دوا گرتنی لە ساڵەكانی شەست دەبێت لەلایەن ساواكی سەربە شای ئەوكاتی ئێران كە دووجار و بە بێ هۆ دەستگیری دەكەن و ئەشكەنجەیەكی زۆری دەدەن.
پاش ئازادكردنی، حەسەن زیرەك دەچێتە گوندی مەلا ئەحمەدی سەر بەشاری بانە و لەوێ چایخانەیەك دادەنێ و خەریكی بژێوی ژیانی خۆی  و خانەوادەكەی دەبێت، پاش ماوەیەك دەچێتە شاری شنۆ و سەرقاڵ دەبێت بە تۆماركردنی گۆرانی تا ئەو كاتەی نەخۆش دەكەوێت و دەگەرێتەوە شاری بۆكان.


نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر، تەندروستی حەسەن زیرەك ناجێگیردەكات، بەجۆرێك لەنەخۆشخانەی بۆكان دكتۆرەكان نەشتەرگەرییەكی گەورەی بۆدەكەن، بەڵام نەشتەرگەرییەكە سەركەتوو نابێت و دواجار لە ساڵی (1972) بۆ هەتا هەتا دەنگ و دڵی زیرەك لە وتن و كەوتن دەكەوێت.
لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆرستانی ناڵە شكێنە و لەتەنیشت گۆری (چاكە چكۆلە) بەخاك دەسپێردرێت.


حەسەن زیرەك جگە لەوەی گۆرانی بێژێكی بێ هاتوو بوو، زۆرجار هۆنراوەشی نووسیوە، هەرچەندە هیچ خوێنەوارییەكی نەبووە، شارەزایانی بواری مۆزیك جەختیان لەوە كردۆتەوە كە ئەم بلیمەتییەی حەسەن زیرەك كە خوێنەواری نەبووە و ئاواز دانەر و شاعیر بووە لەهەمان كاتدا، جێگەی سەرسورٍمانێكی زۆرە، چونكە ناكرێت نەخوێنەوار بیت و ئەوەندە بلیمەت بیت لەبواری هونەردا.


حەسەن زیرەك زیاتر لە (1000) گۆرانی هەیە، كە تا ئێستاش و بگرە سەدەكانی داهاتوو گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك بوونەتە سەرقافڵەی گۆرانی كۆن و دەماو دەم باس دەكرێت و دەوترێنەوە......

ئامادەكردنی :بنارهیدایەت




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved