شوكروڵڵای بابان لەدایكبووی ساڵی 1923 لە شاری سنە، چەندین ساڵ لە رادیۆكانی كرماشان، سنەو تاران وەكو بێژەر، توێژەری ئەدەبی، شاعیر، وەرگێڕ و نوسەر چالاكی نواند و لە ئێران و لەنێو ئەدیبانی كورددا ناوێكی دیاروبەرچاوە. بەشێك لە ژیانو چالاكییەكانی شوكروڵڵای بابان: شوكروڵڵای بابان لە ساڵی 1923 لە شاری سنە لەدایك بووە، دوای وەرگرتنی بڕوانامەی كۆتایی دواناوەندی لە شاری سنە، چووە تاران و توانی لە زانكۆی تاراندا و لە سێ بەشی ئیلاهیات، دەرونناسی و یاسادا بڕوانامەی بەكالۆریۆس وەربگرێت. بابان چالاكیی خۆی لە ساڵی 1958 لە رادیۆ تاران دەست پێكرد، كە ئەوكاتە رۆژانی 15 خولەك بەرنامەی بە زمانی كوردی بڵاودەكردەوە، دواتر ماوەی ئەم بەرنامە بۆ یەك كاتژمێر درێژكرایەوە كە هەردوو زاراوەی سۆرانی و كرمانجی لەخۆ دەگرت. لەم ماوەی كاركردنی رادیۆ كوردی تاراندا، بابان وەكو بەرپرس و بێژەری بەشی كوردی چالاك بوو. دوای چەندین مانگ رادیۆ كوردی كرماشان كرایەوە كە بەرنامەكانی خۆی بە دوو زاراوەی سۆرانی و كەڵهوڕی پێشكەش دەكرد، بە كردنەوەی رادیۆ كوردی كرماشان، رادیۆ كوردی تاران داخراو هەموو كارمەندانی گوازرانەوە بۆ كرماشان، بابان لە رادیۆ كوردی كرماشان تاوەكو ساڵی 1969 وەكو بەرپرس، بێژەر و وەرگێڕ چالاكی نواند. شوكروڵڵای بابان هەروەها بە هاوكاری مامۆستایانی ناوداری كورد بەدیعالزەمانی، عەبدولرەحمان سەراجەدینی، سدیق موفتیزادەو شێخ عابد لە ساڵی 1959 تاوەكو 1963 رۆژنامەی كوردستانیان بە زمانی كوردی لە تاران بڵاوكردەوە. خوێندنەوەی شیعری كوردی لە رادیۆ كرماشان لە لایەن شوكروڵڵای بابانەو، ناوبانگێكی زۆری بۆ دەركردو لە هەموو ماڵ و شوێنەكانی كوردستاندا بە تامەزرۆیی گوێی لێدەگیرا. بابان لە تەمەنی كاریدا وەكو بەرپرسی رادیۆ لە سنەو كرماشان و ورمێ ئیشی كردو هەروەها سێ كتێبی بە ناوەكانی "سەلاحەدین ئەیوبی؛ پاڵەوانی كورد"، "گوڵزاری كوردستان" و "فەرهەنگی زمانەوانی فارسی بە كوردی" نوسیوە. ئەگەرچی شوكروڵڵای بابان لەرێی خوێندنەوەی شیعری شاعیرانی كورد بەدەنگە بەسۆزو ئەفسوناوییەكەی لەبەرنامەی هەوارگەی دڵانی رادیۆی كوردیی كرماشان دا، وەك بێژەرێك لەسەرانسەری كوردستانی گەورەدا ناسرا. بەڵام ئەو بەتەنها بێژەر نەبوو، بەڵكو شاعیرو وەرگێڕو نوسەرێكی شارەزاو بەئەزموونیش بوو. لەرێی بەرهەمەكانییەوە خزمەتێكی گەورەی بە رەوتی رۆشنبیری كوردستان بەگشتیوخۆرهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی كرد. لەساڵانی 1959 تا 1963 هاوكاری دەركردنی رۆژنامەی كوردستانی لە تاران كردووە. شوكروڵڵای بابان وەك نوسەرو زمانناس خزمەتی ئەدەبو رێزمانو مێژووی كوردی كردووەو سێ كتێبی بەنرخی لەو بوارانەدا بەچاپ گەیاندووە كەئەمانەن(سەلاحەدینی ئەیوبی پاڵەوانی كورد، گوڵزاری كوردستان، فەرهەنگی زمانەوانی فارسی- كوردی). ئەم كەسایەتییە روناكبیرەی كورد پاش نزیكەی نیو سەدە لە خزمەتكردنی كایەكانی ئەدەبیو رۆشنبیری لە16-11-2012 لەتەمەنی 89 ساڵیدا لەشاری تاران كۆچی دوایی كردو لەبەشی هونەرمەندانی گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا بەخاك سپێردرا.درود بۆ گیانی پاكو پیرۆزی.
ویکیپیدیاوە
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure