جەمال عیرفان (1881-1922) كوڕی عیرفان ئەفەندی كوڕی مەلا عەبدوڵای كوڕی مەلا رەسوڵی كاژاوییە. ساڵی 1881 لەگەڕەكی (كانی ئاسكان) لەخێزانێكی خانەدانو ناسراوی سلێمانی لەدایك بووە. سەرەتا لای باوكیو دواتر لای خواجە ئەفەندی خوێندوێتیو پاشان لەقوتابخانەی روشدییەی موڵكیو روشدییەی عەسكەری درێژەی بەخوێندن داوە. بۆ تەواوكردنی خوێندن چۆتە بەغداو لەوێشەوە بەرەو ئەستەمبوڵ رۆیشتووەو لەوێ (ئەركانی حەربییە)ی تەواوكردووەو لەفەیلەقی شەشی سوپای عوسمانیدا كراوە بەئەفسەر، كە جەنگی یەكەمی جیهانی كۆتایی هاتو ئینگلیز لەخەڵكی ناوچەكە سوپایەكی لەسلێمانی پێك هێنا كەبە(سوپای لیڤی) ناسرا بوو، جەمال عیرفان كرا بەفەرماندەی هێزی پیادەی ئەو سوپایەو پاشان پۆستی بەرێوەبەری ناحیەی مەرگەی پێ بەخشرا، بەڵام زۆر لەسەر ئەو كارە نەمایەوەو ساڵی 1920 گەڕایەوە سلێمانیو بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی ئیداری شار. لەو ماوەیەدا رۆڵێكی گرنگی گێڕا لەجۆشدانی خەباتی سیاسیو یەكێ بوو لەروناكبیرە هەرە چالاكەكانی سەردەمی خۆی. لە رۆژنامەی پێشكەوتندا گەلێ وتارو لێكۆڵینەوەی بەپێزی بڵاوكردەوە. لە ژێر كاریگەری ئەو رێكخراوە سیاسییانەی كەكوردەكانی ئەستەمبوڵ دایانمەزراند بوو، جەمال عیرفان كەگەڕایەوە سلێمانی ساڵی 1920 كۆمەڵێك رێكخراوی سیاسی دامەزراند كەهەموویان یەك بەرنامە و ئامانجو پەیڕەوی ناوخۆیان هەبوو. لەوانە تەعالی كوردستان، كوردستان، وەتەنییەكان، فیدائییانی كوردستان، خۆرهەڵاتن (شروق). ئەم كەسێتییە نیشتمانپەروەرە لەنووسینو هەڵوێستی دا هەمیشە پشتگیری لەهەژارانو لەبیروباوەڕی پێشكەوتنخوازی كردووەو بەقووڵی لەمەسەلە ئابووریو فەلسەفییەكان گەیشتووە، بۆیە كۆنەپەرستان بەئاشكرا كەوتونەتە دژایەتی كردنی، بەڵام جەمال عیرفان كۆڵی نەداو درێژەی بەرێبازەكەی دا، جەمال عیرفان لەمانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1922 تیرۆركرا. سەرچاوە تێكستی خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure