خەلیل عەبدولڵا مامۆستا مەحموودی مەلا عیززەت كەسایەتییەكی گەورەی روناكبیریی كوردستانەو وەك نوسەرو رۆژنامەنووسو مێژوونووس خزمەتێكی زۆری پێشكەش بەكاروانی كەلتووری كوردستان كردووە. مامۆستا مەحموود ساڵی 1939 لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایك بووە.قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیو ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە. ساڵی 1962 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بەشی مێژووی كۆلیجی پەروەردەی زانكۆی بەغدا بەدەستیهێناوە.لەدوای تەواوكرنی زانكۆ وەك مامۆستای مێژوو خزمەتی كردو لەوبوارەدا شوێن پەنجەی دیارە. مامۆستا مەحموود هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە تێكەڵاوی ژیانی سیاسی بوو، سەرەتا لەرێی رێكخراوە پیشەییەكانی قوتابیانو مامۆستایانەوە دەستی بەخەباتی رێكخراوەیی كردو گەیشتە ئاستە باڵاكانی ئەو دوو رێكخراوە.دواتر لەناوپارتی دیموكراتی كوردستاندا وەك كادرێكی چالاك كاری حزبی كرد. مامۆستا مەحموود كەسێكی دڵسۆزو نیشتماپەروەر بوو، هەمیشە لەریزی گەلەكەیدا بووەو ساڵی 1980 بەتۆمەتی هاوكاریكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی بەعشەوە دەستگیر كراو لەزیندانەكانی كەركوكو بەغدا ئازارو ئەشكەنجەیەكی زۆر دراوە، بەڵام هیچی نەدركاندو ساڵی 1981 ئازاد كراو هەمان ساڵی پەیوەندی بەشۆڕشەوە كرد. سەرباری كاری سیاسیو رێكخراوەیی، مامۆستا مەحموود خولیای كاری نوسینو رۆژنامەگەری بوو،وەك ئەندامی دەستەی نوسەران لە گۆڤارەكانی دەنگی مامۆستاو رزگاری خزمەتی كردووە. ساڵانی 2000-2002 سەرنوسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ بوو.مامۆستا مەحموود بەحوكمی ئەوەی لە بواری ئەرشیف لە وڵاتی سوید خزمەتی كردبوو و شارەزای ئەوبوارە بوو، لەوسونگەیەوە ساڵی 1997 رەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرت بۆ دامەزراندنی دەزگای ئەرشیفی نەتەوەیی كوردستانو كاری جدی بۆ ئەو مەسەلەیە كرد. مامۆستا مەحموود بێ لەكاری رۆژنامەنووسی ، وەك نوسەرێكی دیارو خاوەن قەڵەمێكی بەبڕشت خزمەتی كردو لەوبوارەدا خزمەتێكی زۆری بەكتێبخانەی كوردی كردووەو خاوەنی چەندین كتێبی بەنرخی سیاسیو فیكریو مێژووییە، لەدیاترینیان ئەمانەن(كاروانی بێ كۆتایی، جەمهوریەتی كوردستان، كورتەی ململانێی ستراتیجی ئاشایشی نەتەوە، كورتەی مێژووی فەلسەفە، دیپلۆماسێتی بزووتنەوەی كوردایەتی)و چەندانی تر. پاش خزمەتێكی زۆر بەكاروانی كەلتووری كوردستان، مامۆستا مەحموودی مەلا عیززەتی نوسەرو روناكبیرو سیاسەتمەداری دڵسۆزی كوردو كوردستان لە رۆژی 4ی مایسی 2005 كۆچی دوایی كردو چووە ریزی سەروەرانی نیشتمانەوە.درودی رێزو ئەمەكو وەفاداری بۆ گیانی پاك و پیرۆزی.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure