خەلیل عەبدولڵا بەشیر موشیر ناوێكی دیارو ئەستێرەیەكی پرشنگدارو درەوشاوەی لاپەڕەكانی مێژووی گەلی كوردستانە.موشیر كەسایەتییەكی هێندە دەگمەنو سەرنجڕاكێش بووە، بەهەشتی د.عەبدولڕەحمانی قاسملۆ لەیاداشتەكانیدابەكەسایەتییەكی دەگمەن وەسفی دەكاتو لەوبڕوایەدا بووە كە هاوشێوەی لەناو هیچ گەلێكی دیکەدا نییە!. ئەم پیاوە لەسەرانسەری كوردستانو عیراقدا هەواداری هەبووە لەوانە( مام جەلال، د.قاسملۆ، د.كەمال فوئاد، ئەمین زەكی، ئەمین رواندزی، مەعرووف چیاووك، رەفیق حیلمی،عەلادین سەجادی،د.عزەدین مستەفا رەسول، د.جەمال نەبەز، پیرەمێرد، گۆران، هەردی، ئەسیریو چەندانی تر). كەمترین زانیاری لەسەر بنەچەو ژیانی تایبەتی بەشیر موشیر هەیە. هەوادارانی لە سلێمانی بەخەڵكی شارەكەی خۆیان قەڵەمیان داوەو خۆشی وەسێتی كردبوو لە گردی مامە یارە لەتەنیشت پیرەمێردی نەمر لەسلێمانی بینێژن،بەڵام هەندێ سەرچاوەی دیكە ئاماژە بەوە دەكەن كە زمانو لەهجەی قسەكردنی هی دەڤەری نێوان هەولێرو كەركووك بووە. بەپێی رای بەشێك لە شارەزایان بەشیر موشیر لە نێوان ساڵانی(1880-1888) لەدایك بووە.دوكانی بەرگدرووی لەشەقامی رەشیدی ناوچەی حەیدەرخانەی بەغدا هەبووەو هەرچەند لەرۆژنامەكان زۆر ریكلام بۆ دوكانەكەی كراوەو بەمقەستی زێڕین ناوی براوە، بەڵام لەكاری بەرگدروو بەردەوام نەبووەو دوكانەكەی كردووە بەكتێبخانەو كتێبو گۆڤارو رۆژنامەكانی ئەو سەردەمەی تێدا فرۆشتووە. ئەم كەسایەتییە نازناوەكانی (فەیلەسوف، شاعیر ، زەعیم ، موشیر)ی خراوەتە پاڵ.بەڵام مامۆستا بەشیر خۆی بە فەیلەسوفو شاعیر لەكاتی پێویست ناساندووە. خاوەنی چەندین پارچە شیعری جوانە كە لەرۆژنامەو گۆڤارەكانی ئەوسەردەمە بڵاوبونەتەوە. نەك هەر رۆژنامەنووسەكانی ناوخۆ باسی ئەم كەسایەتییەیان كردووە، بەڵكو رۆژنامەنووسە بیانیەكانیش پێی سەرسام بوون لەسەریان نوسیوە. ساڵی 1931 کتێبێکی بەناوی ( سپارەی حەقپەرستی) لەبەغدا چاپ کردووە. دەبوو لەكوردستان بایەخ بەم كەسایەتییە بدرێو پەیكەری بۆ دروست بكرێو شەقامو دەزگاو سەنتەری روناكبیری بەناوەوە بنرێتو یادی بكرێتەوەو بەرهەمەكانی لەچاپ بدرێنەوە، بەڵام بەداخەوە فەرامۆش كراوە. بەداخەوە ئەم كەسایەتییە ناودارەی كوردستان لە 30ی تەمووزی 1963 لەشاری بەغدا كۆچی دوایی كرد، هەرچەند وەسێتی كردبوو لە گردی مامە یارەو لەتەنیشت پیرەمێردی نەمر بنێژرێ، بەڵام كەسوكارەكەی وەسێتەكەیان بەجێنەهێناو لەگۆڕستانی شێخ مەعرووف لەشاری بەغدا بەخاكیان سپارد.دروودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی مامۆستا بەشیر موشیری روناكبیرو خۆشەویستی هەموان.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure