ئەمەش كورتەیەك لە ژیاننامەی عیلمی مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی) كە بە پێنووسی خۆی و بەندە نووسراوە: یەكەم: ناو و بنەماڵەی مامۆستا پەرخی: مامۆستا ناوی (مەلا عەبدوڵڵا)ی كوڕی (كەریم میرزا)ی پەرخی، لە ساڵی (1353)ی كۆچی بەرامبەر (1934)ی زایینی لە گوندی (ڕەزلە) لەدایكبووە، كە سەر بە ناحیەی (سرۆچك)ـە، كە بەناوبانگە بە (بەرزنجە)، ئەویش لەڕووی ئیدارەوە سەر بە قەزای چوارتایە. دووەم: چوونە حوجرەو بڕینی قۆناغەكانی مەلایەتی: مامۆستا كاتێك تەمەنی دەگاتە (6-7) ساڵی لە خوێندنگای گوندی (پەرخ) كە گوندی (ڕەزلە)ش هەر بەشێكە لە گوندی (پەرخ) دەستدەكات بە خوێندنی بەشێك لە (قورئانی پیرۆز) لەلای (مەلا عەلی) مامی تا گرانییەكەی ساڵی (1942)، بەڵام خەتمی ناكات، ئیتر لەوەودوا بەهۆی گرانی و یارمەتیدانی ماڵی باوكی بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ماڵی باوكی، لە خوێندنی حوجرە دادەبڕێت، هەتا ساڵی (1948). ساڵی (1948) بە فەرمانی باوكی دێت بۆ شاری سلێمانی بۆ خوێندنی مەلایەتی، دێتە مزگەوتی (شێخ سەلام) بۆ لای مامی، جا لە ماڵی مامیدا بۆ ماوەی (9) مانگ لە ماڵی (مامە عەبدولڕەحیم)ی دەمێنێتەوەو لەلای ئەم بەڕێزانە دەستدەكات بە خوێندنی (قورئانی پیرۆز) و هەمووی خەتم دەكات، ئەوانیش: مامۆستایان (مەلا سدیقی كوڕی مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) و (مەلا عەلی تاوەگۆزی) و (شێخ بابا عەلی). مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی) دەڵێت: لەلای مامۆستا (مەلا عەلی تاوەگۆزی) كتێبی (ئەحمەدی) و (ئیقبال نامە)ی مامۆستا (مەلا عەبدولكەریم مودەڕیس)م خوێند. لە ساڵی (1949) دا چوومە خزمەتی مامۆستا (مەلا محەمەدسەعید زۆراب)ی كۆلیتانی كە ئەو دەمە (موستەعید) بوو، بەشێك لە (عەوامیلی بوركەوی)م خوێند. لە ساڵی (1950)دا چوومە خزمەت مامۆستا (مەلا خالیدی كوڕی شێخ مستەفای موفتی) كە ئەو دەمە (موستەعید) بوو، كتێبی (عەوامیلی جورجانی)م بە تێروتەسەلی لە خزمەتیا خوێند. لە ساڵی (1951) چوومە خزمەت مامۆستا (مەلا عەبدولمەجی كوڕی ساڵح عەبدولڕەحمان كانی سپیكەیی) بەشێك لە كتێبی (انموژج)م لەلا خوێند. لە ساڵی (1951) دا چوومە خزمەت مامۆستا (مەلا عەبدولفەتاح نەسروڵڵا بناویانی ئاروزەری) ئەم كتێبانەم هەتا ساڵی (1953) لەلا خوێند: بەشەكەی تری (انموژج) و (اڤهار بوركه وی) و (تەصریفی مەلا عەلی) و (وچع استعارە). لە ساڵی 1953 بەدواوە چوومە گوندی (مۆرتكە) لەلای (بازیان)، چوومە خزمەت مامۆستا (مەلا حەمەومینی هۆمەرمەنانی) ویستم كتێبی (جامی) لە خزمەتیا بخوێنم، بەڵام فەرمووی: (مەلا عەبدوڵڵا)! تۆ كەسێكی زیرەكی پێویستت بە خوێندنی (جامی) نییە، بەڵكو خۆت بیخوێنەرەوە، جا ئەگەر ئیشكالێكت بۆ دروستبوو، یا لە شوێنێكا تێی نەدەگەیشتی، ئەوا ئاماژەیەكی لێ بدەو پاشان كە هاتیتە لام من بۆت شەرح دەكەم، لەبەرئەوە من پێم باشە تۆ كتێبی (كافیە) بخوێنیت. مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی) دەڵێت: شەوانە چەندجار هەتا كاتی خۆركەوتن، كە لەسەرچۆك دانیشتبووم، لە سەربانی مزگەوتەكەی (مۆرتكە)، لەبەر خوێندنەوەو موتاڵەعەی كتێبی (جامی) و سەعی كردن تیایدا ئاگام لە كاتەكە نەدەماو تەنانەت ئاگام لە ئەژنۆكانیشم نەدەما، هەتا ئەوكاتەی خەریكبوو خۆر هەڵدەهات، بەڵام بەرلەوەی هەڵبێ بەپەلە نوێژەكەی بەیانیم دەكردو ئەوجا دەچوومەوە بە لای نان و خواردن و دەرس و دەورەكەمانەوە. جا ئەوە بوو مامۆستا (مەلا حەمەومین) كتێبی (كافیە)ی پێ وتم هەتا ساڵی (1954). لە ساڵی (1954) دا هاتمەوە بۆ سلێمانی، تا سێ مانگ لەبەر بێ شوێنی و مامۆستا هیچ دەرسێكم نەخوێند، ئیتر زۆر خەمبار بووم، جا لەبەرئەوە چوومە لای مامە (عەلی چایچی)م و سكاڵای حاڵ و وەزعی خۆم لەلا كردو پێموت: ئەگەر ئاوا بڕوا، ناچارم واز لە خوێندنی مەلایەتی بهێنم و بچمەوە بۆ لای باوكم و خزمەتی ئەو بكەم. مامە عەلیشم وتی: نا، پێویست بەوە ناكا، من هەر ئیمشەو دەتبەم بۆ لای مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحمان كۆڵ) كە لە سلێمانییە، جا لەگەڵ ماممدا چووین بۆ مزگەوتی (شێخ حسێنی قازی) كە ئەو دەمە مامۆستا ماوەی چەند ساڵێك لەوێ ئیمام و مودەریس بوو، جا كاتێك چووینە خزمەتی، كاتی دوای نوێژی ئێوارە بوو، وتی: كاكە مەلا! تۆزێ چاوەڕێم بكەن هەتا لە زیكرو ویردە كانم دەبمەوە، ئەوسا دێمە خزمەتتان. جا مامۆستا دوای تەواوبوونی ویردەكانی تەشریفی هێنایە لامان و مامیشم حاڵ و مەسەلەی منی تێگەیاند، مامۆستایش فەرمووی: با نەڕواتەوە، یەكسەر بچێتە ئەو حوجرەیەی مزگەوت و لێرە دامەزرێ بۆ خوێندن، ئیتر زۆر دڵم خۆشبوو، بەو ئیستیقبالە گەرم و گوڕەی مامۆستا، هەزاران ڕەحمەتت لێبێت ئەی مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحمان). ئیتر ساڵی (1955) بەدواوە هەتا ساڵی (1958) ئەم كتێبانەم لە خزمەتی مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحمان كۆڵ) دا خوێند، (فەنناری) و (عەبدوڵڵا یەزیدی) و (موختەصەر) و (لب ئسوول) و بەرگی یەكەمی (جمع الجوامع). ئینجا لە ساڵی 1958 چوومە خزمەت مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) كە ماممە لە مزگەوتی (شێخ سەلام) ئەم كتێبانەم لەلا خوێند: بەرگی دووەمی (جمع الجوامع) و (تهژیب الكلام). سێیەم: وەرگرتنی ئیجازە عیلمی و بوون بە ئیمام: لە ساڵی (1960) دا لە خزمەت مامم مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) دا ئیجازەی مەلایەتیم وەرگرت و لە بەرواری (21-6-1960) دا بەفەرمی لەلایەن حكومەتی ئەوكاتەی عێراقەوە كرام بە پێشنوێژی مزگەوتی (بن تەبەقی هەرمنی) و لەوێ بۆ ماوەی (15) ساڵ مامەوە، واتا هەتا ساڵی (1975) كە چوومە دەرەوەو بووم بە پێشمەرگە، من لەسەر ئەو وەزیفەیە بەردەوام بووم. چوارەم: وێنەی ئەو (مۆڵەتنامە زانستیەی) كە زنجیرەی مامۆستایانی (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) تێدایە هەتا سەرخۆی: ئەم ئیجازە نامەیەم لە مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی) وەرگرتووە، كە ئەویش لە مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) مامی وەریگرتووە، ئەمیش لە مامۆستا (مەلا شێخ عومەری قەرەداغی) وەریگرتووە كە ناسراوە بە (ئیبنولقەرەداغی). پێنجەم: مامۆستاكانی (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی): مامۆستا لە ژیانی خوێندنی حوجرەو مەلایەتیدا چەند مامۆستایەكی هەبووە، ئەمە ناویانە: 1- مەلا عەلی (مامی): مەلایەتی تەواو ناكاو دواتر دەبێتە چایچی. 2- مامۆستا (مەلا عەلی تاوەگۆزی): ئەو دەمە (موستەعید) بووە. 3- مامۆستا (مەلا محەمەد سەعید زۆراب): ئەو دەمە (موستەعید) بووە. 4- مامۆستا (مەلا خالید شێخ مستەفای موفتی): ئەو دەمە (موستەعید) بووە. 5- مامۆستا (مەلا عەبدولمەجید ساڵح عەبدولڕەحمان كانی سپیكەیی): ئەو دەمە (موستەعید) بووە. 6- مامۆستا (مەلا عەبدولفەتاح نەسروڵڵا بناویانی): ئەو دەمە (موستەعید) بووە. 7- مامۆستا (مەلا محەمەد ئەمین حەمە كەریم رەشانی): ئەو دەمە (ئیمام و مودەڕیس بووە لە مزگەوتی گوندی (هۆمەرمەندان). 8- مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحمان كۆڵ): ئەو دەمە لە مزگەوتی (شێخ حسێنی قازی) (ئیمام و مودەڕیس) بووە. 9- مامۆستا (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) مامی: ئەو دەمە لە مزگەوتی (شێخ سەلام) (ئیمام و مودەڕیس) بووە. شەشەم: خوێندكارەكانی مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی): مامۆستا دوای ئەوەی كە دەبێتە مەلایەكی باش و سەركەوتوو دەستدەكات بە وتنەوەی وانەی زمانی عەرەبی و وانەكانی شەرع، وەك خۆی ئاماژەی پێكرد هەتا مامۆستایان (مەلا عەبدوڵڵا چروستانی) و (مەلا عەبدولڕەحیم پەرخی) و (مەلا ئەسعەدی مەحوی) و مامۆستایانی تر لە ژیاندا بوون، ئەم ئیجازەی عیلمی بە كەس نەداوە، بەڵام دوای مردنی ئەو مامۆستایانە، ئیتر لەبەر ناچاری و نەبوونی مامۆستایانی موجیز ئەو هەستاوە بەو كارە، ئەو كەسانەیش كە مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی) ئیجازەی عیلمی پێداون بریتین لە: 1- مەلا تاهیری كوڕی محەمەد ئەمینی كوڕی عەزیز: خەڵكی لای چەمچەماڵ. 2- مەلا شێخ نەجمەدین: پێشنوێژی مزگەوتی (شەمساوا)، كە ئێستا سەرۆكی لقی سلێمانی (یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان)ـە. 3- مەلا عەباسی گاپیڵۆنی: كە ئێستا جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی (یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان)ـە. 4- دكتۆر صەڵاحەدین سایر فەرحان ئەلعوبەیدی: كە لە (زانكۆی سلێمانی) موحازەرەی دەدا. 5- مەلا عەبدولقادر ئەحمەد: پێشنوێژو وتارخوێن لە سلێمانی. 6- مەلا عومەری كوڕی فەقێ محەمەدی كوڕی ڕەسوڵ: ناسراو بە (مەلا عومەر چنگیانی). 7- مەلا جاسم محەمەد كەلاری: ئێستا پێشنوێژو وتارخوێنە لە شارۆچكەی كەلار. 8- مەلا محەمەد صدیق: ئێستا پێشنوێژو وتارخوێنە لە شاری سلێمانی. 9- مەلا محەمەد باریكەدەری: ئێستا كۆچی دوایی كردووە. هەروەها ئەو خوێندكارانەش كە لەلای مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا) خوێندوویانەو بەڵام ئیجازەنامەیان لەلا وەرنەگرتووە، بریتین لە: 1- دكتۆر صەڵاح عەبدوڵڵا كاك ئەوڵا: مامۆستای زانكۆی خانیشە. 2- عەبدولقادر محەمەد ڕەسوڵ چنگیانی: برای مەلا عومەر چنگیانی. 3- ئەحمەد عەبدوڵڵا سەنگاوی: كۆچی دوایی كردووە. 4- صدیق عەبدولواحید: كۆچی دوایی كردووە. 5- مەلا عومەری نیزامی: پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی (بێخود) لە سلێمانی. 6- عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا: خەڵكی گوندی (شاناخسێ) لای شارباژێڕ، ئێستا بەڕێوەبەری خوێندنگایەكی ناوەندییە لە سلێمانی. 7- شێخ بەهائەددین: پێشنوێژ لە مزگەوتی (نەقشبەندی) لە سلێمانی. 8- عومەر شەریف شاناخسێیی. 9- خوێندكارەكانی (پەیمانگای ئیسلامی) كە لە ساڵانی (1965) بۆ (1975) وانەی ئایینیم پێ وتوونەتەوە. 10- خوێندكارەكانی (خوێندنگای شافیعی) كە لە ساڵانی (1990) بۆ (1999) وانەی ئایینیم پێ وتوونەتەوە. حەوتەم: ئەو مزگەوتانەی كە مامۆستا تەنها پێشنوێژی تێدا كردوون: 1- مزگەوتی (بن تەبەقی هەرمنی): لە (21-6-1960) هەتا ساڵی (1973). 2- مزگەوتی (ئیسكان) یان (عومەری كوڕی خەتتاب): ساڵی (1973) هەتا (1975). 3- مزگەوتی (شێخ سەلام): ساڵی (1975) هەتا (1984). 4- مزگەوتی (حاجی ئەحمەدی كەریم ئاغا): ساڵی (1984) هەتا (2005) كە خانەنشین بووە، دواتر بە (گرێبەست) دەگەڕێتەوە بۆ سەر وەزیفەكەی خۆی لەهەمان مزگەوتی ناوبراودا. هەشتەم: ئەو مزگەوتانەی كە مامۆستا وتاری تێدا خوێندوەتەوە: 1- مزگەوتی (شێخ سەلام): لەكاتی نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی (گەورە)دا بۆ ماوەی سێ ساڵ وتاری جومعەی تێدا داوە. 2- مزگەوتی (ئیسكان) یان (عومەری كوڕی خەتتاب): ساڵی (1973) بۆ (1975)، كە پێشتر ناوی مزگەوتی (عەبدولڕەحمان عارف) بووە، نزیكەی ساڵ و نیوێك وتاری جومعەی تێدا داوە، بۆیە نەقڵ كراوە بۆ ئەم مزگەوتە، چونكە (مەلا عەلی كوڕی مەلا محەمەدی مامۆستا مەلا بەهائەددین) كە لە مزگەوتی (موسەییەب) خەتیب بوو، بەدیلی دەست نەدەكەوت بۆ جێگەكەی خۆی، بۆیە ئەوقاف بڕیاریدا هەتا ئەو خەتیبێكی دەستدەكەوێت بۆ مزگەوتەكەی خۆی، مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا) لە مزگەوتی (ئیسكان) وتاری رۆژانی جومعان بدات. 3- مزگەوتی (عومەری كوڕی خەتتاب): كاتێك (شێخ موحسینی شێخ خالید) بووە بە سەرباز، مامۆستا جارێكی تر نەقڵ كرایەوە بۆ ئەو مزگەوتە، ئیتر لەوێ وتاری رۆژانی جومعەی داوە هەتا مامۆستا (شێخ موحسین) لە سەربازی رزگاری بوو. 4- مزگەوتی (خانەقای مەولانا خالید) (1989): ئەو دەمەی مامۆستا (مەلا ئەحمەدی خانەقا) لەلایەن مودیرییەتی ئەمنی سلێمانیەوە لە ساڵی (1989) لەسەر هەڵوێستە جوامێرو ئیسلامیەكانی دەستگیر دەكرێت، مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا) وتاری رۆژانی جومعە دەدات هەتا مامۆستا (مەلا ئەحمەد) ئازادكرا. 5- مزگەوتی (عەبدوڵڵا لوتفی) (1984): كاتێك مامۆستا (مەلا فایەق) خانەنشین كرا. 6- مزگەوتی (بەختیاری) (1996-1997): بۆ ماوەی شەش مانگ لەم مزگەوتەدا وتاری رۆژانی جومعەی داوە، مامۆستا لە بەرواری (12-2-1997) نەقڵ دەكرێت بۆ مزگەوتی (حاجی ئەحمەد كەریم ئاغا). 7- مزگەوتی ئاشتی. نۆیەم: نووسین و دانراوەكانی مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا پەرخی): مامۆستا لە ژیانی خۆیدا توانیویەتی تەنها یەك كتێب بنووسێت، ئەویش لەبارەی چیرۆك و بەسەرهاتی پێغەمبەرو هاوەڵانەوەیە، كە لەسەر شێوەی شیعر دایڕشتووە بە ناوی (المنڤومە العبیرە فی القصص و السیرە) ساڵی (2003) لە چاپخانەی (شیڤان) لە سلێمانی بە چاپی گەیاندووە. دەیەم: چوونە ژیانی هاوسەرییەوە: مامۆستا (مەلا عەبدوڵڵا) لە ساڵی (1959) ژیانی هاوسەری پێكهێناوەو لەو هاوسەرەی خوای گەورە سێ كوڕو سێ كچی پێداوە، كە ئێستا هەموویان ژیانی هاوسەریان پێكهێناوەو خاوەن ماڵ و منداڵی خۆیانن، كوڕەكان خاوەن بڕوانامەی دكتۆران لە بوارە جیاجیاكاندا، كچەكانیش دووانیان دەرچووی ئامادەیین و ئەوەی تریشیان لە ژنی ماڵەوەیە. یانزەیەم: ئەو پۆستانەی كە مامۆستا لە ژیانیدا وەریگرتوون: مامۆستا (مە عەبدوڵڵا) لە ژیان و تەمەنی خۆیدا ئەم پۆستانەی وەرگرتووە: 1- ئەندامی لیژنەی (ئەنجومەنی زانستی) لە هەولێرو سلێمانی (1990-1999). 2- ئەندامی لیژنەی باڵای (فەتوای هەرێم) سەر بە (یەكێتی زانایانی ئیسلامی) ساڵی (1992-2015). 3- ئەندامی دامەزرێنەری (ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە كوردستان)دا، بۆ ماوەی دوو كۆنگرە ئامادەی ئەم رێكخراوە بووم و ئیشم لەگەڵدا كردوون. م.مەلا عەبدوڵڵا پەرخی ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure