وەرگێڕان و ئامادەكردنی : شەھلا ئەنوەر سەرچاوە : گۆڤاری ئەلئەدیب و ڕۆژنامەی سەباحی چاپی بەغدا هێمای شیعری نوێی عێراقی كورتە باسێك لەسەر ژیانی : محەمەد مەھدی جەواھری لە ٢٦ ی تەموزی ساڵی ١٨٩٩ لە نەجەف-عێراق لە دایك بووە، باوكی زانایەكی دینی بوو لە نێوان زانایانی ئاینی لە نەجەف و ئەیویست كوڕەكەشی ببێتە پیاوێكی دینی و بۆ ئەو مەبەستە ھەر لە تەمەنی ١٠ ساڵیەوە مێزەر و جلوبەرگی زانای دینی پێ پۆشیوە . جەواھیری لە تەمەنێكی زووەوە دەستی بە خوێندنەوەی قورئان كرد بەڵام لەبەری نەكرد، بۆیە باوكی ناردی بۆ لاێ گەورە مامۆستایان بۆ ئەوەی فێری خوێندن و خوێندنەوە و نوسین و ڕێزمان و ڕەوانبێژی و فقهی بكەن، باوكی ئەیویست فێرێ وتار ببێت لە ڕەوانبێژی دا و فێری شیعر ببێت لە ھۆنراوەكانی شاعیر (المتنبی) . جەواھیری ھەر لە مندالیەوە خولیای بۆ ئەدەب ھەبووە و دەستی بە خوێندنەوەی بابەتە شیعریەكان كردووە، لە ساڵی ١٩٢٨ یەكەم كۆمەڵە شیعری بڵاوكردەوە كە لە ساڵی ١٩٢٤ وە ئامادەی كردبوو بە ناوی ( بین المشاعر و العواتف) بڵاوی كردەوە. سەرەتاكانی محەمەد مەھدی جەواھیری : جەواھیری لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستی بە نوسین كردووە و دێڕە شیعری نوسیوە، لە ساڵی ١٩٢٠ ھۆنراوەی بۆ شۆڕشی عێراق نووسی و لە یەكێك لە ڕۆژنامە بەناوبانگەكاندا بڵاوكرایەوە. جەواھیری لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارە عێراقیەكاندا ھۆنراوەی بڵاوكردووەتەوە لەوانە گۆڤاری ( لسان العرب )، ھەروەھا ڕۆژنامەی عێراق و ڕۆژنامەی ئیستیقلال و رۆژنامەی ڕافیدەین، لە دەرەوەی بەغدادیش زۆر ھۆنراوەی بڵاوكردووەتەوە. لە سالی ١٩٢٠ سەفەری كرد بۆ ئێران و تا ساڵی ١٩٢٤ لەوێ مایەوە و لەو ماوەیەدا زۆر كاریگەر بوو بە سروشتی ئێران و ھۆنراوەی بۆ سروشت ئەنوسی . كار و دەسكەوتەكانی محەمەد مەھدی جەواھیری : جەواھیری ھاندەری شۆڕشی سەربازی بوو كە لە ساڵی ١٩٣٦ ڕویدا بەڕابەرایەتی بەكر سدقی . جەواھیری ھۆنراوەیەكی پیاھەڵدانی بۆ پاشای عێراق فەیسەڵی یەكەم نووسی كاتێك لە لەندەن گەڕایەوە لە ساڵی ١٩٢٧ و دواتر ھۆنراوەیەكی بۆ سەعود نوسی لە كاتی سەردانی ئەمیر فەیسەڵ بۆ لای سەعود و ئەمەش توڕە بوونی پاشای عێراقی لێكەوتەوە . جەواھیری ھۆنراوەیەكی پێشكەش بە بەڕێوەبەری دادگا كرد لە عێراق كە حوكمی بەسەر پیاوانی سەردەمی پاشایەتیدا دا لە ساڵی ١٩٥٨ و ئەم ھۆنراوەیە كاریگەری لە ھەموو دادگا و ئامادەبووان كرد. جەواھیری لە ساڵی ١٩٤٧ بە نوێنەری پارێزگای كەربەلا ھەلبژێردرا بەڵام زۆر لەم پۆستەدا نەمایەوە و دەستی لە كار كێشایەوە سەرەڕای ئەوەی خەونی ئەوە بوو بگا بە نوێنەرایەتی وەزارەت . لە لوبنانەوە بانگھێشت كرا بۆ ئاھەنگی عەبدول حەمید كەرامی و لەوێ ھۆنراوەیەكی پێشكەش كرد كە بووە ھۆی دڵەڕاوكێ و توڕە بوونی لوبنانیەكان لەو كاتەدا. دواتر جەواھیری بەوە تۆمەتبار كرا كە ھێرشی كردووەتە سەر حكومەتی لوبنان و ڕیاز و لە لوبنان دەریان كرد و گەڕایەوە بۆ عێراق و ھەر لەگەڵ گەشتنیدا دەستگیر كرا چونكە حكومەتی عێراقییش بەدوایەوە بوو . جەواھیری لە كاتی جەنگی جیهانیی دووەم و سەركەوتنی ڕوسیا و سوپای ڕوسیا دا ستایشی دەكردن و ھۆنراوەی بۆ نووسین كە تیایدا پشتگیری دەكردن و بەرز دەینرخاندن وەك ھۆنراوەكانی (ستالینغراد) . جەواھیری لە چەندین بۆنەدا بە سەرۆكی نوسەرانی یەكگرتوو ھەڵبژێردراوە و لە نەجەفەوە سەفەری كردووە بۆ زانكۆی بەغداد بۆ خوێندنی بەشی ڕۆژنامەوانی. لەو ماوەیەدا چەندین بەرھەمی ھەبووە وەك ( فوڕات و ئینقیلاب ) . جەواھیری ڕۆژنامەی فوڕاتی دامەزراند بەڵام حكومەت دانی پێدا نەنا، بۆیە بێ كار مایەوە تا ئەو كاتەی وەك مامۆستا دامەزرا لە قوتابخانەی مەئمونیە لە بەغداد لە كۆتاییەكانی ساڵی ١٩٣١ . لە شاری سلێمانی لە عێراق پەیكەرێك بۆ جەواھیری دروست كرا كە تایبەتمەند بوو بەوەی كە كەلەی پەیكەرەكە بەناوی كوردستان نەخشێنرا بوو ئەمەش دیاریەك بوو لە كوردستانی عێراقەوە بۆ جەواھیری . لە ساڵی ١٩٤٨ لە ڕاپەڕینی وەسەبە براكەی دەكوژرێت ئەمەش وای كرد جەواھیری یەكێك لە بەناوبانگترین ھۆنراوەكانی بنوسێت بە ناوی ( براكەم جەعفەر ). جەواھیری لە بەرواری ٢٧ ی تەموزی ١٩٩٧ لە سوریا كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لەسەر سنوری عێراق _ سوریا مایەوە چونكە حكومەتی پێشووی عێراق ڕێگەی نەدا لە عێراق بنێژرێت، ھەر بۆیە لە گۆڕستانی بێگانەكان لە خانم زەینەب لە دیمەشق بە خاكیان سپارد .
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure