خەلیل عەبدولڵا ماجید مستەفا كەسایەتییەكی دیاری نیشتمانی و سیاسیو سەربازیو كارگێڕی بوو، لەچەند وێستگەیەكی مێژووییدا رۆڵی دیارو بەرچاوی هەبووە.ماجید مستەفا مەحمود ساڵی 1896 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە، لەئامێزی خێزانێكی ناوداری ئەو شارەدا پەروەردە بووە، كە لەنەوەی بنەماڵە دیارەكانی بابان بوون.خاڵی كەسایەتیی ناسراو (فوئاد عارف)ە. ماجید مستەفا لەشاری سلێمانی خراوەتە بەرخوێندنو قوتابخانەی روشدیەی سەربازیی خوێندووە. دواتر چۆتە شاری ئەستەنبوڵو لەوێ قوتابخانەی جەنگی خوێندووەو بووە بەئەفسەر لە سوپای عوسمانیو بەشداری شەڕەكانی جەنگی یەكەمی جیهانی كردووەو بریندار بووە. بەهۆی ئازایەتییەوە چەند مەدالیایەكی رێزلێنانی پێبەخشراوە. دوای بڕانەوەی شەڕ، كۆتایی ساڵی 1919گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی، لێرەوە قۆناغێكی نوێی ژیانی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان دەست پێكردووە،بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا،(كۆمەڵەی سەربەخۆیی كوردستان) یان دامەزراندووەو لەساڵانی (1920-1922)لەو كۆمەڵەیەدا كاری كردووە. دوای گەڕانەوەی مەلیك مەحموود لەدوورخراوەیی بۆ شاری سلێمانی، ماجید مستەفا پەیوەندی پێوە كردووەو وەك فەرماندەیەكی بەئەزموونی سەربازی بۆ پاراستنی شێخو بارەگاكانی لەگەڵیدا بووە. ماجید مستەفا وەك ئەفسەرێكی دڵسۆز لەشارو لەشاخ لەگەڵ شێخی نەمر بووەو تاكۆتایی دەسەڵاتەكەی لەگەڵی ماوەتەوە.ساڵی 1927 لەگەڵ شێخ مەحموود بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ مەلیك فەیسەڵی یەكەم چوونەتە بەغدا. لەسەر راسپاردەی شێخی نەمر، مەلیك فەیسەڵی یەكەم پۆستی كارگێڕی بە ماجید مستەفا داوەو كردوویەتی بە بەڕێوەبەری ناحیەی عەزیزیەی پارێزگای كوت.دواتر بەهۆی لێوەشاوەییو توانای كارگێرییەوە پۆستی قائیمقامو پارێزگاری وەرگرتووە. وەك قائیمقامی ئامێدیو پارێزگاری پارێزگاكانی ناسریەو دیوانیەو عەمارە خزمەتی كردووە. هێندە خۆشەویستی خەڵك بووە لە عەمارە گەڕەكێك بەناوی (ماجدی) بەناوی ئەوەوە ناونراوە. دواتر بووە بەوەزیر لەكابینەی نووری سەعیدو چەند كابینەیەكی تر، سەرەتا بووە بەوەزیری دەوڵەتو دواتر بەوەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی.ماجید مستەفا كاری پەرلەمانیشی كردووە،پێگەیەكی بەهێزی كۆمەڵایەتی لەشاری سلێمانی هەبووەو لەدوو خولی پەرلەمانیدا بەئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانو نوێنەری پارێزگای سلێمانی هەڵبژێردراوە. لەخولی 9 لە(1939-19439)و لەخولی 14 لە 9ی حوزەیرانی -3ی ئابی1945 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بووەو ئەندامێكی بەتواناو چالاك بووە. ماجید مستەفا هەرچەند ئەو پۆستە باڵایانەشی لەحكومەتی عیراق هەبووە، بەڵام هەمیشە هەر دڵی لای میللەتەكەی بووەو بەنهێنی لەحزبو رێكخراوەكانی ئەو سەردەمە ئیشی كردووە. ئەندامی كۆمەڵەی برایەتی بووە كەساڵی 1938 دامەزراوەو كۆمەڵەیەكی نەتەوەیی بووەو شێخ لەتیفی حەفید سەرۆكایەتی كردووە.هەروەها ئەندامی حزبی هیوا بووە كە مامۆستا رەفیق حیلمی سەرۆكی بووە، لەساڵانی 1939-1942لەو حزبەدا خەباتی كردووە. لەچلەكانیشدا ئەندامی یانەی سەركەوتن بوو لەبەغدا.كەیانەیەكی رۆشنبیریی سیاسی بووەو لەسەردەمی خۆی رۆڵی دیاری لەهۆشیاركردنەوەی نەتەوەییو كایەی رۆشنبیری هەبووە. لەبەرئەوەی لەساڵی 1941 هاوسۆزی جولانەوەی رەشید عالی گەیلانی بووە لەوەزیفە دوور خراوەتەوە.لەچلەكاندا نێوەندگیری لەنێوان حكومەتی نوری سەعیدو مستەفا بارزانی كردووە.دوای خزمەتێكی زۆر لەكایەكانی سەربازیو سیاسیو كارگێڕی، رۆژی 2ی ئابی 1974 ماجید مستەفای كەسایەتیی دیاری نیشتمانی كۆچی دوایی كردو لەگۆڕستانی غەزالی لەبەغدا بەخاك سپێردرا.درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی ماجید مستەفای كەسایەتیی وڵاتپەوەری کوردستانی.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure