خە لیل عەبدولڵا بنەماڵەی قەفتان یەكێك لەبنەماڵە دیارو ناسراوەكانی شاری سلێمانین،لەم بنەماڵەیەدا چەندین كەسایەتیی سیاسیو رۆشنبیریو كۆمەڵایەتیو زانستی هەڵكەوتوون، كە هەریەكەیان لەبواری خۆیدا خزمەتی بەگەلو نیشتمان كردووە. محەمەد عەزیز قەفتان بەسەرقافڵەو پێشەنگی ئەو بنەماڵە هێژایە دادەنرێ، ئەو لەبواری چاپو چاپەمەنی خزمەتێكی زۆری كردووە، ساڵی 1957 چاپخانەی (كامەران)ی لەشاری سلێمانی دامەزراند(كەساڵی 1970 ناوەكەی بۆ چاپخانەی كامەرانی گۆڕا). لەرێی ئەو چاپخانەیەوە زیاتر لەنیو سەدە خزمەت بەپیتو وشەی پیرۆزی كوردی كرا، لەدڵی ئەو چاپخانەیەوە چەندین كتێبو نامیلكەو گۆڤارو رۆژنامەو رۆژژمێر چاویان هەڵهێناو خەرمانی ئەدەبیو روناكبیری كوردییان دەوڵەمەند كرد. محەمەد عەزیز قەفتان خۆشەویستی پیتو وشەو چاپخانەو چاپەمەنی لەدڵو دەروونی جگەرگۆشەكانیدا رواند، هەر بۆیەش كوڕەكانی ئەو مەشخەڵە پیرۆزەیان بەبەرزی راگرتو درێژەیان بەكاری چاپو چاپەمەنی داو خەرمانەكەیان پڕ بەرەكەتتر كرد.د. محەمەد فازیڵ محەمەد عەزیز قەفتان، یەكێك لەئەستێرە درەوشاوەكانی ئەو خانەوادەیەیە، لەچەند رشتەو بواری جیاوازدا خزمەتی بەكوردستانەكەی كردووە. ساڵی 1943 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە.قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتاییو ناوەندیو ئامادەیی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە.بەكالۆریۆسی لەبواری كارگێڕیو دارایی لەزانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە. ساڵی 1975 بڕوانامەی دكتۆرای لەبواری ئابووری پیشەسازی لەشاری بوخارستی پایتەختی رۆمانیا وەرگرتووە.ساڵی 1976 لەزانكۆی سلێمانی بەمامۆستا دامەزراوە، جگە لەكاری مامۆستایی وەك ئەمینداری كتێبخانەی زانكۆو بەڕێوەبەری چاپخانەی زانكۆ خزمەتی كردووەو سەرپەرشتی دەرچوونی چەند گۆڤارو بڵاوكراوەیەكی كردووە. پاش گواستنەوەی زانكۆی سلێمانی بۆ شاری هەولێر، بەهۆی پشتیوانی لە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ، وەك سزای سیاسی لەزانكۆ دوور خرایەوە.وەك فەرمانبەر لەكارگەی شەكرو فەرمانگەی ئاماری سلێمانی خزمەتی كرد، دواتر لەبەر پێویستی زانكۆ بەراژەكەی گەڕێنرایەوە بۆ سەر كارەكەی لەزانكۆی سەلاحەدین. وەک مامۆستای کۆڵێژی کارگێری و ئابووری خزمەتی کرد.دواتر ساڵی ١٩٩٣ بوو بە بەرێوەبەری چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین.ھەر لەو ساڵەدا ١٢ ژمارەی ڕۆژنامەی ئابووری دەرکرد. بێ لەكاری ئەكادیمیو خزمەتكردنی خوێندكارانو زانكۆ، لەبواری ئەدەبیو روناكبیریشدا قەڵەمێكی دیار بووەو خاوەنی چەندین كتێبو نامیلكەی نووسراوو وەرگێڕدراوە. بەرهەمە چاپكراوەكانی ئەمانەن:(نامیلكەی چالاك-چیرۆك بۆ مناڵان،نامیلكەی من كێم- زانیاری بۆ مناڵان،گەشتێك بەسروشتو زانستدا،كوخەكەی مام تۆم- وەرگێڕان، رژێمە ئابوورییەكان،پڕۆژەی بەكوردیكردنی زانستو خوێندنی باڵا). دوو كتێبیشی بەزمانی عەرەبی هەیە کە ئەمانەن:« الژهب ، التنمیە الاقتصادیە».بەهۆی توانای زانستیو شارەزایی لەبوارەكانی ئابووریو رووناكبیری، لەساڵی 1992 لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان پاڵێوراو بووە ئەندامی پەرلەمانو شوێن پەنجەی بەدارشتنی یاساكانەوە دیار بوو. بەهۆی هەڵوێستەكانییەوە، دووجار هەوڵی تیرۆر كردنی دراو بۆیەساڵی 1994 بەناچاری كوردستانی بەجێهێشتو وەك پەناهەندە لەوڵاتی ئەڵمانیا گیرسایەوە، هەر لەغەریبیو لەدووری نیشتمان لەرۆژی 15ی مایسی 1996 بۆ دوا جار ماڵئاوایی كردو هەر لەوێش بەخاك سپێردرا.بەڵام ناوو ناوبانگو بەرهەمەكانی هەمیشە بەنەمری دەیهێڵنەوە.دروودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی د.فازیڵ قەفتانی ئەكادیمیو رووناكبیر.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure