18/6/2019 04:09 PM

شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری

 

شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە ساڵی١٨٣٠ لە شەمزینان-ی باكوری كوردستان لە دایكبووە و   لە سالچی ١٨٨٣ لە حیجاز كۆچی دوایی كردووەو  شۆڕشگێڕێكی كورد بوو كە لە ساڵی ١٨٨٠دا لە ناوچەكانی شەمزینان و هەكاری و مەهاباددا شۆڕشێكی ڕێكخست و دوای چەندین نەبەردی و رووبەڕووبوونەوە، دواجار  بە دەستی سوپای عوسمانی و قاجاڕەكان سەركوتكرا.
شێخ عوبەیدوڵڵا كوڕی سەید تەهای نەهری كوڕی شێخ ئەحمەد شیهابەددینە و لە گوندی نەهری لە ناوچەی شەمزینان لە ساڵی ١٨٣٠ لەدایكبووە. سەید تەهای نەهری توانی شێخنشینییەك لە نەهری دابمەزرێنێت، پاش مردنی ئەو، شێخ عوبەیدوڵڵا جێگەی باوكی گرتەوە و بووە ڕێبەری تەریقەتی نەقشبەندی و سەروەت و سامانێكی زۆری بە میرات بۆ ماوەتەوە.
لە شەڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ لە نێوان ڕووسیا و عوسمانیدا یارمەتی سوپای عوسمانی داوە و چونكە چاوەڕوانی ئەوەی كردووە كە سود لە ئەنجامەكانی شەڕ وەربگرێت و هەوڵ بدات لەو شەڕەدا ببێ بە سەركردەی ئەو كوردانەی كە بە ناوی «غەزا»وە كۆبوونەتەوە، هەتا بتوانێت لە كاتی پێویستدا ئەو هێزە بۆ بەرژەوەندیی كورد بەكار بهێنێت. بەشداریكردنی شێخ عوبەیدوڵڵا لەو شەڕەدا هۆشیاریی سیاسیی قوڵتر كرد و لە راستی و سروشتی دینی دەوڵەت و رواڵەتەكەی و مەبەست و مەغزا جیهادییەكەی عوسمانییەكان گەیشتووە، زۆرتر لەگەڵ كوردانی تردا ئاشنایەتی پەیدا كرد و هەر لەو شەڕەدا هەندێ چەكیشی دەست كەوت.
لەو ساتەدا خەڵك لەژێر باری نەبوونی و ناهەمواریی ژیاندا بوون، بۆیە پەنایان بۆ شێخ عوبەیدوڵڵا برد، چونكە وەك رابەرێكی ئاینی و رزگاركار تەماشایان كردووە، ئەویش لەسەر داوای خەڵك نوێنەری خۆی نارد بۆ ئەستەمبوڵ، تا سنورێك بۆ ئەو ناڕەواییانە دابنێنن، بەڵام ئەم هەوڵانە بێ ئاكام بوون.
جگە لەوەش شێخ گومان و ترسی هەبوو لە پەیمانی بەرلین، كە دەرەئەنجامی شكستی عوسمانییەكان بوو لە شەڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ لەگەڵ ڕووسدا، بەپێی مادەی ٦ی ئەو پەیمانە هەموو دەوڵەتانی ئەوروپی بەیەكەوە داوای پاراستنی مافی كۆمەڵی ئەرمەنییان كردبوو. شێخ بەسەرسوڕمانەوە لە كاربەدەستێكی توركی پرسیبوو: «چیم گوێ لێ دەبێ؟ ئەرمەنییەكان وڵاتێكی سەربەخۆ لە وان دروست دەكەن و نەستورییەكان ئاڵای بەریتانیا لەسەر ماڵەكانیان هەڵدەكەن.»
بۆیە شێخ عوبەیدوڵڵا كەوتە یەكخستنی خێڵەكان بۆ ئەنجام گەیاندنی ئامانجەكانی و نوێنەری نارد بۆ لای شەریفی مەككە و خدیۆی میسر، هەروەها بۆ لای كونسوڵەكانی ڕووس لە وان و ئەرزڕووم تا بزانێت دەوڵەتی ڕووس هەستی بەرامبەر بە كورد چییە. هەوڵیشی دا خۆی لە ئینگلیزەكان نزیك بكاتەوە و نامەیەكی ناردووە بۆ دكتۆر كوهران.
شێخ پێیوابوو تاقە دەرمانی چارەسەركردنی كێشەی كورد دامەزراندنی كوردستانێكی گەورەیە، ئەویش بە یەكخستنی كوردەكانی ئێران و كوردەكانی سنووری عوسمانییە و، لە یەكەمین بەیاننامەی نووسراوی شێخدا و بە یەكێك لە نوێنەرانی هێزە رۆژئاواییەكان دەڵێت: «میران و سەرانی كوردستانیی چ لە توركیا لە كوردستان چ لە ئێران، هەر هەموویان رایان وایە ناكرێ بەم جۆرە لەگەڵ دوو حكومەتدا هەڵبكرێ، دەبێ كارێك بكرێت كە دەوڵەتانی ئەوروپا لە دۆزەكە ئاگادار بن و لەم بارەیەوە لێكۆڵینەوە ئەنجام بدەن كە خەڵكی كورد نەتەوەیەكی جیایە، ئێمە دەخوازین كاروباری خۆمان لە دەستی خۆماندا بێت».
بەم جۆرەو دوای ئەوەی بۆی روونبۆوە كە پێویستە، بۆیە شۆڕشی چەكدارانەی شێخ عوبەیدوڵڵا لە تشرینی یەكەمی ١٨٨٠ دەست پێ دەكات و هێزەكانی خۆی دابەشكرد بەسەر چەند بەرەیەكدا.
دوای چەندین شەڕو سەركەوتن، دواجار سوپای عوسمان و ئێرانیی و بەشێك لە خێڵە كوردە خۆفرۆشەكان، توانیان شۆڕشەكە دامركێننەوەو نەیهڵێن و شێخ عوبەیدوڵڵاش بۆ ئەوەی خوێنی تر نەڕژێت، ناچار خۆی بەدەستەوە دا. ئەوە بوو گرتیان و نەفیان كرد بۆ شاری مەككە. لە تشرینی یەكەمی ١٨٨٣دا بەنەفیكراوی لەوێ كۆچی دوایی كرد.
ئا/ بەیاد مەریوان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved