25/6/2019 03:55 PM

قەناتی كوردۆ

 

قەناتی كوردۆ، یەكێكە لە زانا گەورەكانی كوردی سۆڤیەت و لە ساڵی 1909  لە گوندی سوسزی ناوچەی قانزمانی هەرێمی قارس لەكوردستانی باكورری سەر بەدەوڵەتی عوسمانی لەدایكبووە، ناوی تەواوی قەنات كوڕی كوردۆ كوڕی كەلەش كوڕی خدرەو لەسەر ئایینی ئێزیدی بووە. 
لە كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانی لەساڵی 1918دا كە توركەكان جینۆسایدی ئەرمەنی كرد، بنەماڵەی قەنات و خەڵكی ئاواییەكەیان خۆیان لەچنگی توركەكان رزگار كردو بەرەو ناوچەی ئاپارانی ئەرمەنستانی ژێر دەستی رووسیا كەوتنەڕێ و لەو ناوە لە گوندی كۆربلاخ نیشتەجێ بوون، كەخەڵكی گوندەكە هەموویان كورد بوون، هەر لەو ساڵەدا توركەكان ناوچەی ئاپارانیان داگیر كرد، بەتایبەتی گوندەكانی كورد، بۆیەماڵی قەنات ماوەیەك دەربەدەربوون و لەدواییدا گەڕانەوە ئاپاران و باوكی بە حەماڵی گوزەرانی دەكردو لەساڵی 1920دا روویان كردە گورجستان و لەشاری تفلیس نیشتەجێ بوون و ملیان دایە ڕەنجبەری و باوكی لە1921دا كۆچی دوای كرد و پەروەردەكردنی ئەو كوڕە 12 ساڵییە كەوتە ئەستۆری دایكی و هەر لەو ساڵەدا لەقوتابخانەی هاگۆب گازاریانیی ئەرمەنی ناسراو بە لازۆ دەستی بەخوێندن كرد و ئەو زانایە بە پیتی لاتینی ئەرمەنی فێری كورد و ژنەكەشی زمانی ئەرمەنی فێركرد. 
قەناتی كوردۆ لەساڵی 1928دا خوێندنی سەرەتایی لەو قوتابخانە تایبەتیە تەواوكرد و لەكۆلیژی كارگەران لەشاری لینینگراد وەرگیراو لەساڵی 1931دا ئەو كۆلیژەی تەواو كرد، كەبەرامبەر قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی بووەو لەكۆتایی ئەو ساڵەدا قەنات و دوو هاوڕێی كوردی كۆلیژی زمانەوانەی زانكۆی لینینگراد وەرگیران و لەساڵی 1936دا خوێندنی تەواو كرد و بڕوانامەی دیبلۆمی وەرگرت و هەر ئەو ساڵەلەبەشی دكتۆرا وەرگیراو لە ساڵی 1941دا خوێندنی باڵای تەواو كرد و بڕوانامەی دكتۆرای وەرگرت و لەپەیمانگای ئەسنۆگرافیای ئەكادیمیای زانستی سۆڤیەت دامەزراوه، دوای ماوەیەكی كەم نێردایە فابریكەی شەفەقی سوو تا مانگی شوباتی 1942. 
دكتۆر قەناتی كوردۆ لەساڵی 1945دا بووە ئەندامی پارتی كۆمۆنیستی رووسیا و لەپاش جەنگ بوو بەمامۆستای زمانی كوردی بەخوێندكارانی بەشی ئێرانی دەگوتەوه. 
لە ساڵی 1947ەوە تاكو 1960 سكرتێری لیژنەی ناوچەی پارتی كۆمۆنیستی پەیمانگەی رۆژهەڵاتناس بووە لەو شارەی لینینگراد دا تاكو ساڵی 1958 قەناتی كوردۆ و ئیسحاق تسوكەرمان و مارگریت رودینكۆ خەریكی كوردناسی بوون لەبەشی ئێرانی پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی و لەساڵی 1958دا بەشی كوردی بەیارمەتی یوسف ئۆربێلی سەرۆكی پەیمانگای رۆژهەڵاتناس جیاكرایەوە و بووەبەشێكی سەربەخۆ. 
لەسەرەتادا ئۆربێلی خۆی بووەسەرۆكی، بەڵام لەدواییدا دكتۆر قەناتی كوردۆ بەسەرۆكی بەشەكە هەڵبژێردرا. ئەوەی شایانی گوتنیشە دكتۆر قەنات لەساڵی 1968دا بڕوانامەی دكتۆرای ناووك واتە دكتۆرای زانستەكانی وەرگرت و پلەی زانستی بووەتە پڕۆفیسۆر. 
تاكو رۆژی كۆچی دوایی لە 1985-10-31دا وەك سەرۆكی بەشی كوردی و زانایەكی مەزنی كورد و كوردناسێكی دڵسۆز و لێهاتووی نەتەوەكەی خزمەتی زمان و وێژەی و مێژووی كوردی كرد.  خاوەنی چەندین بەرهەمی زانستییە لە بوارەكانی زمان و مێژوو بە گشتیی.
ئا/ بەیاد مەریوانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved