نووسەرو توێژەرو بیرمەندی گەورەی كورد مەسعود محەمەد، ساڵی ١٩١٩ لە شاری كۆیە لە بنەماڵەیەكی ئایینی لەدایكبووە، قۆناغی ناوەندیو ئامادەیی لە هەولێر ساڵی ١٩٤٠ تەواوكردووەو ساڵی ١٩٤٥یش خوێندنی كۆلیژی مافی لە بەغدا وەرگرتووەو بووەتە پارێزەرێكی یاساناس. لە خوێندنی كۆلیژی ماف دا هاوپۆلو دۆستی دڵسۆزی دڵداری شاعیرو دۆستی نزیكی مام جەلال تاڵەبانی بووە. مامۆستا مەسعود لە ژیانی كۆمەڵایەتیو ڕامیاری دا گەلێك فەرمانی گرتەئەستۆ وەك: نوێنەری خەڵكی ناوچەی كۆیە لە پەرلەمانی عێراق لە ھەردوو دەورەی ساڵانی ١٩٥٣ و ١٩٥٤ و لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨یش كرا بە ئەندامی لیژنەی چاكسازیی كشتوكاڵ لە عێراق دا و لەگەڵ چەند یاساناسێكی دیكەدا یاسای چاككردنی كشتوكاڵو ئاودێریی داناو ئەو یاسایە لە ٣٠ی ئەیلولی ١٩٥٨دا بەناوی (یاسای چاككردنی كشتوكاڵ لە كۆماری عێراق) دا بڵاوكرایەوە. مامۆستا مەسعوود محەمەد لە ساڵی ١٩٦٤دا بەناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان كرایە وەزیری دەوڵەت لە كابینەی (تاھیر یەحیا) دا، تاكو ساڵی ١٩٦٥ و لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا كرا بە ئەندام لە (ئەنجومەنی گشتی خدمە) و لەپاش دامەزراندنی (كۆڕی زانیاری كورد) لە ٢٩\٨\١٩٧٠ دا لە شاری بەغدا كرا بە ئەندامی كارای ئەو كۆڕەو بەجێگری سەرۆكی دەستەی كۆڕو كاتێكیس لەدوای هەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا (كۆڕی زانیاری عێراق - دەستەی كورد) مامۆستا مەسعوود وەك سەرۆكێكی كارا لە كۆڕ مایەوە. لەدوای ڕاپەڕینی خەڵكی باشووری كوردستان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١و مامۆستا گەڕایەوە كوردستان تاكو لە ڕۆژی ١\٤\٢٠٠٢ لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر كۆچی دوایی كردو هەواڵی مەرگی ئەو ناودارە بەھەموو لایەكی كوردستاندا بڵاوبووەو بۆ ڕۆژی ٢\٤\٢٠٠٢ لە گۆڕستانی دەروێش خدر لە كۆیە لە تەنیشت گۆڕی مەلای گەورەی باوكی بەخاكی سپێردرا. مامۆستا مەسعوود محەمەد جگە لەوەی بیرمەندێكی گەورەی كورد بوو؛ ڕووناكبیرێكی مەزنی كوردستان یش بوو، سەرچاوەكانی فەلسەفەی هێگڵو ماركس-ی بەوردی خوێندبوەو لەگەڵ باری ئابوورییو كۆمەڵایەتی كوردستان بەراورد دەكردو لەگەڵ هەندێ لایەنی پۆزەتیڤو لەدژی هەندێ لایەنی نێگەتیڤی بوو. مەسعوود محەمەد بەنووسین دەهاتە گۆڕەپانی دەمەتەقێو وتوێژو ڕاستی باوەڕی خۆی بوێرانەدەردەبڕی. شێوازێكی تایبەتی هەبوو لە نووسینەكانی دا، كە لەگەڵ بەرنامەی لێكۆڵینەوەی زانستیدا نەدەگونجا وەك ئەوەی ئەوەندە گوێی بە پۆلینكردنی بابەتی نووسینەكانی نەدەدا، ناونیشانی سەرەكی و سەردێڕی لاوەكی بەسەر یەكەوە پێشكەشدەكردو باكی نەبوو گەر پتر لە سەد لاپەڕە لە نووسینەكانی لەژێر یەك ناونیشانی یاخود بێ ناونیشان بخاتە بەردەم خوێنەری بابەتەكانی. مەسعوود محەمەد لە ژیانی بیرمەندیندا زنجیرەیەك لێكۆڵینەوەی بەپێزی لە دووتوێی پەرتوكی قەبارە گەورەدا بەچاپ گەیاندووە. خاك- بەیاد مەریوانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure