30/9/2019 05:00 PM

عەلی لەتیف


    پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

گەر بەویژدانی سیاقە هونەری ومێژووییەكان بڕوانینە هونەری شێوەكاری كوردی ئەوا زۆر ڕاشكاوانە پێویستە بوترێت هونەرمەند عەلی لەتیف كۆڵەكەیەكە لەكۆڵەكەكانی ئەم هونەرە . ئەم هونەرمەندە گەرچی لەسەرەتا وەك كەسێكی ئەكادیمی مامەڵەی لەگەڵ هونەرەكەیدا نەكردووە بەڵام ئەكادیمیانەبوون هیچ كات بەربەست وڕێگر نەبووە لەبەردەم هونەرەكەیدا بەو پێیەی داهێنان ،بەشێوە گشتییەكەی ،هەڵقوڵاوی توانا مەعریفی وڕۆشنبیری خودەكانە وئەكادیما وزانستە میكانیزمەكان یارمەتدەری ئەم توانایانەیە .ئەوانە زۆرن كە لەبواری شیعر ونووسین وڕۆمان وهونەردا، بەهەچ هۆیەك بووبێت ،فرسەتی ئەكادیمیایان بۆ نەڕەخساوە بەڵام خاوەن توانایەكی داهێنەرانەی مەعریفی وڕۆشنبیری وهونەرین .بەپێچەوانەوە زۆرێكیش لەهەڵگرانی ئەكادیمیا توانا مەعریفی وپسیۆڕییەكانی خۆیان لەدەست داوە .لەگەڵ ئەمەشدا عەلی لەتیف،وەك خولیا وئارەزوو ،دوای جێگیربوونی لەهەندەران دەچێتە نێو جیهانی ئەكادیمیا ولەساڵی 1995 وەك خوێندكارێك لەزانكۆی دارمشتاتی تەكنیكی ئەڵمانیا خوێندنی زانستی هونەر تەواو دەكات . وەك خۆی لەبەشێك نووسین وچاوپێكەوتنەكاندا ئاماژەی پێداوە لەم مەڵبەندە زانستی وئەكادیمیایە زۆر شتی نوێی فێر بووە ( بڕوانە عەلی لەتیف ،ئامادەكردن وكۆكردنەوەی بەختیار سەعید ،لاپەڕە 83 ) .لەهەردوو حاڵەتەكەدا ،بەهرە وئەكادیمیا ،داهێنانەكان جوانتر وباشتر بەرجەستە دەبن .گەورە شاعیری ئینگلیز وجیهانی ت. س .ئلیۆت دەلێت " بەهرەكان بەس نین بۆ بەدەستهێنانی شاعیرێكی ڕەسەن وداهێنەر چونكە بەهرەكان پێویستیان بە ڕۆشنگەری هەیە " .شوبنهاوەری ئەڵمانیش دەڵێت "چێژە هونەرییەكان دەرئەنجامی گواستنەوەی بەهرەیەكی خودییە بۆ بەهرەیەكی مەعریفی " . هەر لەبەر ئەمەشە هێنری برگسون دەڵێت "لەنێوان بەهرەی هونەرمەند ومەسەلەكان پەیوەندییەكی توند وتۆڵ هەیە بەوپێیەی هونەر پڕۆسەیەكی عەفەوییە لەدید وبیركردنەوە ".دواتر ئەم پڕۆسەیە پێدەنێتە قۆناغی یاسا وڕێنماییەكان چونكە هونەر پێویستی بەپەیوەندییەكانە وەك مرۆڤ وسروشت وئایدیا . بەمەش كارە هونەرییەكان گۆڕانكارییان بەسەر دێت وقوناغی عەفەوییەت دەچێتە نێو قۆناغی سستم وپڕۆگرام وڕێبازەكان .لەم ڕوانگەیەوە هونەرمەند عەلی لەتیف ،بەشێوەیەكی گشتی ،جەخت لەسەر سێ چەمكی سەرەكی داهێنان دەكات :
یەكەم _كاری داهێنان وەك كەرەستەیەكی خودی .گەر جۆری خود بزێو وئەكتیڤ وبەجوڵە نەبێت ئەوا ڕێژەی داهێنانەكەی كرچ وكاڵ ولاواز دەبێت .عەلی لەتیف هەمیشە بەدوای هونەرەكەیدا وێڵ بوو.بەڵگەش بۆ ئەمە لەلایەكەوە ژمارەی پێشانگاكانی پتر لەبیست پێشانگایە .لەلایەكی تریشەوە گەر سەیرێكی خێرای زەمەنی تابلۆكانی بكەین ئەوا بەئاشكرا هەست بە جوڵە وگۆڕینی شێواز وستایەڵی كاركردنی دەكەین .واتە كارەكانی چەقبەستوویی شێواز ودەربڕین وستایەڵێكی دیاریكراو نیە .زۆربەی هەرە زۆری هونەرە شێوازییەكانی تاقی كردۆتەوە وەك ڕیالیزم وئێكسپرێشینیزم وكوبییزم  ..بەمەش خودی هونەرمەند لەچوارچێوەی عەقڵێكی هونەری ومەعریفی پڕۆفیشناڵیدا مامەڵەی كردووە  .
دوهەم _كاری داهێنان وەك دیدێكی مەعریفی وڕۆشنبیری .لای هونەرمەند عەلی لەتیف هونەر تەنها بۆ هونەر نیە .واتە هونەر تەنها ڕەنگ وهێڵ وبڕینی هێڵەكان وگرتنی وێنەكان نیە،بەڵكو مەعریفییەت وڕۆشنبیریەت هێزێكی ووزەبەخش ومۆتیڤێكی ئەكتیڤە بۆ هونەر .بۆ نموونە لەتابلۆ كریستاڵییەكانیدا پشتی بە میتافیزیكا بەستووە كەسەرچاوەی فیكرەكانی بریتیە لەگریمانەكان كەتوانای بڕینی هێڵ وسنوور وڕووبەرەكانی هەیە ئەویش نەك بەمەبەستی لۆژیكی دیالێكتێكی بەڵكو بەمەبەستی گۆڕینی دۆخەكان لەجۆری دۆخە سەهۆڵییەكانی فیكر وزەمەن بۆ دۆخی جیڕی وئیلاستیسێتی.ئەمەش لەڕێگەی پەیوەندی خودی بكەری هونەرمەند و بابەتەكەیەوە ئەنجام دەدرێت كەنایەوێت بەشێوە سادە وساكارەكەی خوێندنەوە بۆ تابلۆكانی بكرێت .لێرەدا خوێندنەوەی تابلۆكانی پشت بەنموونەیی بینەر وهونەرمەندەكان دەبەستێت وخوێنەری گشتی وناپڕۆفیشناڵ دوور دەكەونەوە لەپڕۆسەی هەڵسەنگاندن وڕاڤەكردن . هەر لەم دیدەدا هونەرمەند،وەك پڕۆسەیەكی ڕەخنەی ڕۆشنبیری ،دوو جەمسەری دژ بەیەكی تێكەڵ بەیەك كردووە ئەوانیش واقیع وخەیاڵ كە هەردووكیان لەبنچینەدا دەرئەنجامی ڕژێمێكی مەعریفی وئەزموونگەرین .بۆ نموونە لە یەكێك لە تابلۆكانیدا وێنەیەكی پۆرترەیتی نوێی مەسیحی بەرجەستە كردووە كە لەڕێگەی خەوێكی خۆیەوە دەستی كەوتوە وپێشتر لەو جۆرە ڕووخسار وشێوەیە نەبینراوە یان نەبیستراوە .ئەم پڕۆسەیە لەلایەكەوە هەڵقوڵاوی واقعێكی مەعریفی وعەقڵی وزهنی و ویژدانیە بەڵام بەمەبەستی ووروژاندنی سۆزەكان نا ،بەڵكو بەمەبەستی گرێدانی جەمسەرەكان ئەویش لەپێناو یەك كارنامەیی .لەلایەكی تریشەوە خەیاڵە داهێنەرەكان دەبێتە تەوەر ومۆتیڤ بۆ سیاقە ئاینی ومێژووییەكان وەك ئەوەی مەسەلە وشتەكان لەسەرەتادا بەبیركردنەوە قووڵەكان لەدایك بووبن یان دەبن.بەمەش واقعی عەقڵ ومەعریفەت دەبنە سەرچاوەیەكی ووزەبەخش بۆ سرووش (ئیلهام ) ودواتر خەیاڵەكان ڕۆڵی واقیع دەبینن وەك ئەوەی كە هەیە .لێرەدا هونەرمەند لەڕێگەی پڕۆسەی خەیاڵەوە دەبێتە خودێكی بكەری ناسروشتی وبەشدار دەبێت لەڕوونكرنەوە ودەستنیشانكردن وڕاڤەكردن .لەهەمان كاتیشدا ،وەك كارێكی ویژدانی ومرۆڤایەتی وتەنانەت تەكنیكیش ،هەڵوێستەی خۆی ئاشكرا دەكات بەوەی سنووری بیركردنەوەكانی داخراو نین وئەمیش پێویستی بەسەرجەم پێكهاتە مەعریفییەكانە گەرچی لەڕووی واقیعشەوە بەرلێكەوتنك هەیە لەنێوان نامەكەی مەسیح وموسڵمانێكی وەك هونەرمەند . ئەم كارەش زۆر نزیكمان دەخاتەوە لە دەقئاوێزان كەبریتیە لەبڕینی هێڵ وسنوور ودەقەكان بەبێ ئەوەی خاوەنەكەی هەستی پێ بكات چونكە كارەكە خۆی لە بێ ئاگایدا دەبینێتەوە ودەقە دەرەكییەكە بەهەر هۆیەك بێت فرسەتێك دەقۆزێتەوە وبەبێ ڕەزامەندی پێش وەخت لەگەڵ خاوەن دەقی ئێستا دێتە نێو دەقە نوێیەكەوە .لەم نێوەندەدا جیهانی ناهەستیاری ڕووبەر وبازنەی سەربەستییەكان فراوانتر دەكات .بەمەش تابلۆكە پێدەنێتە قۆناغی هەماهەنگی وپێكهاتە مرۆڤایەتییەكان بەدەر لەجیاوازی ڕەنگ وڕەگەز وئایین .بەئاڕاستەیەكی تر ،هونەرمەند عەلی لەتیف لەڕێگەی هاوپەیمانێتی نێوان واقیع وخەیاڵ ،كەبەرجەستە بووە لەتابلۆكەدا ،لەلایەكەوە زەمەنی ڕابردوو ونامە ئایینیەكەی مەسیح تێكەڵ بەزەمەنی ئێستا دەكات وەك ئەوەی ئازار وستەمەكان بەردەوامیان هەیە .لەلایەكی ترەوە دروشمی ئاشتی بەبەرامبەرەكان ڕادەگەیەنێت دوای ئەوەی بەرامبەرەكان لەزەمەنی جەنگی خاچپەرستەكانەوە جۆرە گرژی وناكۆكی ودژایەتییەكان لەگەڵ كلتوری ڕۆژهەڵاتێكی ئیسلامدا هەبووە وهەیە .
سێهەم _كاری داهێنان وەك پڕۆسەیەكی هەستی .هونەرمەند گەرچی هەڵگری ئایدیایەكی سیاسی دیاریكراو نەبوو بەتایبەتی لەدوا قۆناغی ژیانیدا بەڵام بەهۆی چەرخەلە وگەندەڵییەكانی ژیانەوە خاوەن هەستێكی قوڵی مرۆڤایەتی بوو .لێرەدا وەك كەسێكی ڕۆمانسی هەمیشە لەخەمی نیشتمان وئازارەكانیدا بوو .بەمەش تابلۆكانی لەلایەكەوە باڵێوزێكی مرۆڤایەتی لەخۆدەگرێت ،لەلایەكی تریشەوە چەمكەكانی بێبەشیوون وزوڵم وستەمی داگیركەران .هەر لەبەر ئەمەشە هونەرمەند لەچەندین بۆنە ونوسینەكانیدا جەخت لەسەر پەیوەندییە ئۆرگانییەكانی نێوان ڕەنگ وهێڵ وفیكر وئایدیا دەكات .لەم بارەیەوە دەڵێت " بەبێ بیرۆكە ناتوانیت یەك هێڵ بكێشیت " (بڕوانە عەلی لەتیف ،ئامادەكردن وكۆكردنەوەی بەختیار سەعید ،لاپەڕە 88) . جوانترین وێنەی مرۆڤایەتیش، بەلای هونەرمەندەوە ،نەتەوەكەیەتی .لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ زانا خەیلانی ولەمیانەی پرسیارێكدا سەبارەت بەبیرۆكە وناوەڕۆكی تابلۆكانی دەڵێت" لەسەدا نەوەد وپێنج لەسەر موعاناتی میللەتەكەمە ،بیرۆكەی كارەكانم لەو هەستە نەتەوەییە كەمن تابلۆكانمی پێ دەكێشم " (بڕوانە عەلی لەتیف ،ئامادەكردن وكۆكردنەوەی بەختیار سەعید ،لاپەڕە 91 ) .




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved