پرۆفیسۆر عیززەدین موستەفا ڕەسوڵ
خاكێتی عیززەدین مستەفا ڕەسوڵ
پ.د.زاهیر لەتیف كەریم
لەنیوەی هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە ,لەنزیكەوە ئاشنایەتی وهاوڕێیەتیم لەگەڵ پرۆفیسۆر عیززەدین مستەفا ڕەسوڵ دا هەبووە.لەنێو هەموو ئەو زەمەنانەدا سەرچاوەیەكی زانستی ومێژوویی وفیكری وئەدەبی بووە بۆ تێكڕای خوێندكار ومامۆستایان.لەدانیشتنەكانیدا ,بەبەردەوامی,خودی خۆم وانەی تازەی لێوە فێر دەبووم.ئەوەشی سەرنجی ڕادەكێشام فرە زانیارییەكانی بوو وەك ئەوەی پسپۆڕ بێت لەسەرجەم زانستە سۆسیۆڵۆژی وسایكۆڵۆژی وفیكری وئەدەبی وسیاسی وئابووری وفەلسەفی ومێژووییەكان.لەگەڵ ئەوەی,لەو زانستانەدا, خاوەن دەسەڵاتێكی سەرچاوەیی بوو بەڵام كەسێكی زۆر خاكی وبێ فیز بوو.لێرەدا خاوەن ئیدیۆمێكی تایبەت بەخۆی بوو لەكاتێكدا دەیگووت"غرور برای كەرێتییە".ئەمەش لەكاتێكدا كەكەسە بەفیزەكان تەواو پرۆفیسۆریان ناڕەحەت دەكرد.بۆیە پرۆفیسۆر بەشێوەیەكی خۆڕسكی, نەك دەستكرد,كەسێكی خاكی بوو,بەڵكو زۆریش دژی كەسە بەفیزەكان بوو.بێ فیزییەكانیشی خۆیان لەم هەنگاوانەدا دەبینیەوە:
- بەڕێزێكی زۆرەوە پێشوازی لەمیوانەكانی یان لەوانەی كەخوازیاری زانیارییە سەرچاوەییەكان بوون دەكرد.ماڵەكەی یان لەكاتێكدا لەكۆلێژ كاری دەكرد ژوورەكەی هەمیشە كراوە بوو.لەچاوپێكەوتنەكاندا هیلاكی پێوە دیار نەدەبوو.ئەمەش وایكردبوو كەكەسێكی خۆشەویست بێت وبەبەردەوامیش خەڵكی بەجیاوازی كار وپیشە سەردانیان دەكرد بەڵكو وەك چەقێكی ڕۆشنبیری وفیكری وئەدەبی سەیر دەكرا.میوانەكانیش تەواو سنوورەكانی كوردستانی گەورەی لەخۆ گرتبوو,ڕۆژهەلات وڕۆژئاوا وباكوور وباشوور.هەموو ناوچەكانیشی وەك یەك خۆش دەویست وجیاوازی لەنێوانیاندا نەدەكرد.
- مامەڵەی لەگەڵ كەسەكان بەنەیارەكانیشیەوە بریتی بوو لەسۆزێكی ڕاستەقینە ودوور دەكەوتەوە لەقین وكینە.واتە ئەوەی ڕووی لەجێگە وماڵی پرۆفیسۆر بكردایە ئەوا سەرجەم ناكۆكی وكینەكانی ڕابردووی لەیاد دەكرد.هەر لەبەر ئەمەش بوو دەیگووت"گەرچی شتەكانم لەیاد ناچێت بەڵام دڵم جێگەی كین وقینی تێدا نابێتەوە وهەر زوو سارد دەبمەوە".چەند جارێك هەوڵی تایبەتیم داوە بەدروستكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەشێك لەهاوڕێكانی,لەئەنجامدا دەیگووت"من ئامادەم گەر بەرامبەر قایل بێت".
- لەدایەڵۆگ ودانیشتنەكاندا تەواو دوور دەكەوتەوە لەزیادەڕۆییە خۆ هەڵكێشانییەكان,بەڵكو باسی لەگەورەیی خۆی نەدەكرد.تەنها شت كەئاماژەی پێدەدا ئەوەبوو كەلەبنەچەدا باپیرانی خەڵكی دێی "دێلێژە" بوون كەئەمە مافێكی تەواوی خۆیەتی وناچێتە نێو بازنەی خۆباییبونەوە.
- گوێبیستی بەرامبەرەكان دەبوو تەنانەت گەر ئەو بەرامبەرە خوێندكاریش بوایە.لەمەش زیاتر ڕێزی لەبۆچوونەكانیشیان دەگرت ولەبەهای ئەو بۆچوونانەی كەم نەدەكردەوە.زۆر جار پێی دەگووتم " ئەم بەزم وڕەزمی ڕەخنە نوێیە چییە كەتۆ لەگەڵ نیان خان دا دەستان داوەتێ –مەبەستی پ.د.نیان نەوشیروان مەستی بوو -".لەگەڵ ئەمەشدا هانی زیاتری دەداین وبۆ هەر بەرهەمێكی لێكۆڵینەوە یان كتێب دەست خۆشی گەرمی لێ دەكردین.ئێمەش ئەو هەستەمان لادروست ببوو كەلەناخدا خۆشی حەز دەكات لەو بوارە ڕەخنەییە نوێیانەدا كار بكات.جگە ووتنەوەی بابەتە ئەدەبییەكان لەبەشی زمانی كوردی,لەقۆناغەكانی بەكالۆریۆس وماستەر ودكتۆرا, چەند بابەتێكیشی لەبەشی زمانی عەرەبی لەقۆناغەكانی ماستەر ودكتۆرا دەگووتەوە.ڕۆژێك ئامادەی بابەتێكی بووم كەباسی لەشێوازگەری ودەقئاوێزان دەكرد.منیش گووتم مامۆستا نەخۆشییەكە تۆشی گرتەوە ,ئەوەتا جەنابیشتان بەشێنەیی چوونەتە بواری ڕەخنەی تازەگەرییەوە.هەر لەوێدا گووتی"بەلاتەوە زانیارییەكانم لەسەر ئەو بابەتانە چۆن بوون؟منیش لەوەڵامدا گووتم مامۆستا ئێوە هەمیشە نموونەن وهەر گەورەن.
ئەوەی سەرنجی منی زۆر ڕادەكێشا بیرتیژی ونووسین وخوێندنەوە بەردەوامییەكەی بوو كەهیچ كات هەستی بەبێزاری نەدەكرد.هەچ نووسین ولێكۆڵینەوە وكتێبێكم بڵاوببوایاتەوە ئەوا یەكسەر دەمگەیاندە مامۆستا وپێشكەشم دەكرد.ڕۆژێك كتێبی"برایم ئەحمەد وستراتیژیەتی دەق "م گەیاندە مامۆستا كەلەنووسینی خۆمە وژمارەی پەڕەكانی 300 لاپەڕەیە وپێكهاتووە لەحەوت لێكۆڵینەوە كەسەرجەمیان پشتیان بەڕێبازە ڕەخنەییەكانی تازەگەری ودوای تازەگەراییەكان بەستووە.دوای سێ ڕۆژ مامۆستا زەنگێكی بۆ كردم وگووتی ئەوە كتێبەكەم خوێندەوە بەڵام دەمەوێت بتبینم.منیش گووتم بەسەرچاو.ئەو ڕۆژە بۆم نەكراو بۆ سبەینێ دوای نیوەڕو گەیشتمە ماڵی مامۆستا.دوای بەخێرهاتن ,دوور لەفیز وخۆبەزلزانین گووتی ئەوە كتێبەكەم خوێندەوە بەڵام حەزم كرد ڕوونكردنەوەم لەسەر لێكۆڵینەوەی "تیۆری زیرەكی ئارتیفیشاڵی" بۆ بدەی كەیەكێك بوو لەلێكۆڵینەوەكانی نێو ئەو كتێبە.منیش,گەرچی پێشبینی ئەو پرسیارەم نەدەكرد بەڵام زانیارییەكانم لەسەر ئەو تیۆرە لەمێشك وبیرەوەرییەكانمدا هێشتا پاریزراو بوو.بۆیە یەكسەر دەستم كرد بەباسكردنی ئەو تیۆرە كەچۆن توانیومە لەبازنەیەكی ماتماتیكی وزانیارییە نهێنییەكانی دەزگا سیخوڕی وبەرگرییەكان بیگوێزمەوە بۆ جیهانی دەقی شیعری بەنموونەی دەقەكانی مامۆستا برایم ئەحمەد.مامۆستاش وەك خوێندكارێك گوێی لەقسەكانم دەگرت وهەر لەوێدا دوای ئەوەی دەستخۆشی لێكردم ئینجا گووتی "ئەوا لەتاقیكردنەوەكەشدا بەسەركەوتوویی دەرچوویت".
جگە لەمانەش یەكێك لەخەسڵەتەكانی بێ فیزی بریتییە لەیارمەتیدان.ئەوەی مامۆستا بوبێت یان خوێندكار گەر داوای زانیارییەكی زانستی یان مێژوویی وسەرچاوەیی لەپرۆفیسۆر عیززەدین كردبێت ئەوا بەبێ چەند وچوون یارمەتی داوە.لەم ڕووەوە چاوچنۆك نەبوو, بەپێچەوانەوە هەمیشە دەست وسنگی كراوە بوو بەجیاوازی فیكر وئایدیا.ئەمەش بەو مانایە دێت كەپارێزگاری لەهەست ونەستی بەرامبەرەكان دەكرد وحەزی نەدەكرد داواكارییەكانیان ڕەت بكاتەوە گەرچی هەندێك جار ,وەك خۆی دەیگووت,بەشێك لەو داواكاریانە كارێكی ئاسان نەبوون.كاتێك لەسەرەتای هەشتاكاندا خوێندكاری دكتۆرا بووم لەبەریتانیا داوای چەند سەرچاوەیەكم لێكرد كەزۆر پێویست بوون بەتایبەتی كتێبە بەنرخەكەی بەنێوی"الواقعیە فی الادب الكردی".ئەم كتێبە پێش ڕۆشتنم نووسەر فوئاد سەراج پێی بەخشیم بەڵام بەداخەوە لەفڕۆكەخانەی بەغدا دەست بەسەر كراو ونەیان هێشت لەگەڵ خۆمدا بیبەم.جەنابی پرۆفیسۆر لەڕێگەی پۆستەوە ئەم كتێبە وچەند كتێبێكی تری بۆ ناردم كەهەتا ئێستا لەلام پارێزراون.ئەمە لەكاتێكدا پەیوەندیم بەمامۆستاوە,ئەو كات, وەك پێویست نەبوو بەڵكو لەدوورەوە یەكترمان دەناسی .